ئێدیث مۆبێک بە ناوی (مادام کۆچێرا)، ناسراوە. لە ساڵی 1940 لە پاریسی پایتەختی وڵاتی فەرەنسا لەدایک بووە. بڕوانامەی زانستی ئابووری لە زانکۆی پانتیۆن لە پاریس بەدەست هێناوە. هاوژینی کریس کۆچێرا، ڕۆژهەڵاتناسی فەرەنسییە.
لە ساڵی 1969وە کاری ڕۆژنامەوانی و وێنەگرتن دەکات. لەگەڵ کریس کۆچێرای هاوژینی، دەزگای سەربەخۆی (Free Lance) بۆ کاری ڕۆژنامەوانی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دامەزراندووە. پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانە و لە ساڵی 1971 ژمارەیەک وتاری لەسەر کوردستان لە ڕۆژنامە و گۆڤارە فەرەنسی و نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ئێدیث مۆبێک کۆچێرا (Kutschera)، شانبەشانی کریس کۆچێرای هاوژینی بەشداری لە نووسینی لێکۆڵینەوەکان کردووە. چەندین جار هاتووەتە کوردستان و وێنە و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لەسەر پرسی کورد و کوردستان هەیە. کریس کۆچێرا بۆ کتێبەکانی لە هاوژینەکەی سوودێکی زۆری لە ئەرشیف و وێنەکان وەرگرتووە. خاتوو کۆچێرا پەیامنێرێکی لێهاتوو بووە و یەکێکە لەو پەیامنێرانەی کە بە کامێراکەی توانیویەتی وێرانکاریی شاری قەڵادزێ و تاوانەکانی حکوومەتی عێراق و سەددام حوسێن نیشانی ڕای گشتیی جیهان و خەڵک بدات.
ئێدیث مۆبێک لە ڕۆژانی 11-18ی کانوونی یەکەمی 2010 وەک میوان بەشداری لە کۆنگرەی سێزدەیەم لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. لەبەر ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کورد و کوردستانی کردووە، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی وەرگرتووە.
بەرهەمەکانی:
1- ئێرتری 1994
2- مێژووی کوردستان 2007
1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


