ئێزۆ شێخۆمەر لە گوندی شانەدەر لە ناحیەی گۆرەتوو لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٨٨ کۆچی دوایی کردووە.
خەباتنامەئێزۆ شێخۆمەر لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ مستەفا بارزانی چوو بۆ یەکێتی سۆڤیەت و بەشداری لە شەڕی قتور و شەڕی پردی ماکۆ کردووە و پاش ماندووبوون و زەحمەتییەکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراسەوە لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت.
پاش گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە بە تێلی دڕکدار دەوردرابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانی دەکران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێ درا و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە ٨ کاتژمێر مەشقی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باقیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چێرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان درێژە پێ دا.
لە ئاداری ساڵی ١٩٤٩ ئەو و هاوڕێکانی بە تاقم تاقم بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکان کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
پاش هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
سەرچاوە:- حەمید گەردی، کورتەیەک لە مێژوو، چاپی یەکەم، (هەولێر - دەزگای ئاراس - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٤).
- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).
- نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی ١، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - ١٩٩٦).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


