لە هاوینی ساڵی ١٩٦٣دا، حکومەتی عێراق بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف هێرشێکی فراوانی کردە سەر کوردستان. لە وێستگەی بەغداوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕەتیکردەوە لەگەڵ سەرکردەکانی شۆڕشی کورد گفتوگۆ بکات و بڕیاری دا شەڕێکی خوێناوی دژ بە کوردان دەستپێبکاتەوە. پاشان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر شار و شارۆچکە و گوندەکان و دەستگیرکردن و ڕاونان و سەرکوتکردنی خەڵک لە هەموو ئەو ناوچانەی تووشی هێرشی سەربازی بوون. بەعسییەکان پێیان وابوو ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم پێش ئەوان بە جدی شەڕی دژ بە کورد نەکردووە و ئەوان دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا شۆڕشی کورد لەناوببەن. ئەمەش دەریدەخات کە عەبدولسەلام عارف هەرگیز باوەڕی بە دۆزی کورد لە عێراقدا نەبوو؛ لە وتارەکانیشیدا نە دانی بە کورددا دەنا و نە وشەی کوردستانی بەکاردەهێنا.
پێش هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ٢٠ی ئایاری ١٩٦٣، فەرمانی سەربازیی گشتی بۆ گەمارۆی ئابووری کوردستان دەرچوو. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ١٠ی حوزەیران، لە شوێنی زۆردا تاوانی گەورە و دوور لە بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان ئەنجامدرا. لەم ماوەیەدا شاری سلێمانی زیاتر لە شارەکانی دیکەی کوردستان کەوتە ژێر چەوساندنەوە و ستەمی سوپای عێراق. هەر جارێک هێزی پێشمەرگە هێرشی دەکردە سەر ستوونەکانی سوپا، سوپا تووڕەیی خۆی بەسەر دانیشتووانی سلێمانیدا دەڕشت. یەکێک لە کردەوە دڕندانەکان ڕووداوی سلێمانی بوو کە زعیم سدیق مستەفا، فەرماندەی لیوای بیستەم، فەرمانی پێدا؛ ئەو لیوایە بە دڕندەترین لیوا لە مێژووی عێراقدا ناسراو بوو و دەستی بە خوێنی هەزاران گەنج سوور بوو. ٥٠٠٠ هاوڵاتی مەدەنییان لە شارەکە دەستگیرکرد و (٨٦) کەسیان لێ هەڵبژاردن و بە زیندوویی ناشتنیان. تەنها تاوانیان ئەوە بوو کە بەعسییەکان وێنەی مستەفا بارزانییان هێنایە ناو کۆمەڵەکە و فەرمانیان پێکردن سووکایەتی پێبکەن، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە. یەکێک لە دەستگیرکراوان وتی: ئەگەر ئێوە ئامادەن سووکایەتی بە سەرۆکی خۆتان بکەن، ئێمەش گوێڕایەڵی دەبین. بۆیە بەعسییەکان هەموویانیان لەناوبرد.
سوپای عێراق لەوەدا نەوەستا. لە پاییزی ساڵی ١٩٦٣دا هەڵمەتێکی سەربازیی بۆ سەر زنجیرە چیای ئەزمەڕ، کە پێنج کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە، دەستپێکرد. بە پاڵپشتی تانک و فڕۆکە و چەکی ڕەشاش هێرشیان کردە سەر پێگەکانی پێشمەرگە. هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەی بەرگریدا بەرەنگاریان بوونەوە. چەکەکانیان برنۆ، تفەنگی یازدە تیر و ڕەشاشی برێن بوو. بەیانی هێزەکانی حکومەت سێ جار هێرشیان کرد، بەڵام پێشمەرگە هەر سێ هێرشەکەی تێکشکاند و ناچاریان کردن بۆ دامێنی چیا پاشەکشە بکەن و چەندین تەرم لە مەیدانی شەڕدا بەجێبهێڵن.
هەرچەندە تێکشکانی سوپا بۆ ماوەیەک ئارامی بۆ ناوچەکە هێنا، بەڵام سوپا بە پلانێکی بەهێزتر خۆی بۆ هێرشێکی گەورەتر ئامادە دەکرد. لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی پێشمەرگە پێگەکانیان بە باشی ڕێکخست و بە توندی بەرەنگاریان بوونەوە و پلانەکەیان تێکشکاند؛ هێرشەکە پووچەڵکرایەوە و زیانێکی قورسیان پێگەیشت. لە بەرامبەردا، سوپای عێراق تۆڵەی لە شوان و کاروان و بازرگانانی دەوروبەری سلێمانی کردەوە، بەدیل گرتن و هەموویانی شەهیدکرد.
لە شەڕی چیای ئەزمەڕدا، کە نموونەیەکە لە زنجیرە شەڕەکانی بەرگری لە نیشتمان، هێرشەکانی سوپای بەعس چەندین جار تێکشکا و زیانێکی گەورەی بەرکەوت. لە ڕیزی پێشمەرگەدا تەنها یەک شەهید تۆمارکرا.
سەرچاوەکان:١- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠٧.
٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.
٣- هاوکار کەریم حەمەشەریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، هەولێر، ٢٠١٢.
٤- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.
٥- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.
٦- خۆشەوى عەلى کانیەلنج، بیروەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، چاپخانە دانیشفەر، هەولێر، ٢٠٢٣


