لە ساڵی 1910 لە گوندی سپیندارێی شارەدێی شێروانی مەزن سەر بە شارۆچکەی مێرگەسۆری پارێزگای ھەولێر لەدایک بووە، پێش ئەوەی بچێت بۆ یەکێتیی سۆڤیەت ھاوسەرگیری کردبوو و ناوی ھاوسەرەکەی خان ئەحمەد بوو، کوڕ و کچێکیان ھەبوو بە ناوەکانی یاسین ساڵح (1931) و زێڕین ساڵح (1940). ساڵح محەمەد لە ساڵی 1974 لە گوندی سپیندارێ کۆچی دوایی کردووە.
خەباتنامەلە 23ی ئایاری 1947 تێکەڵی ڕێپێوانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەبێت، لە 16ی حوزەیرانی 1947 بەشداریی شەڕی بەرزاییەکانی سووسۆز دەکات و لەو شەڕەدا بریندار دەبێت، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و یەکێتیی سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ سۆڤیەت.
پاش گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 18ی حوزەیرانی 1947، ئەو و ھەموو ھەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکاوی دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی ھەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێ دان و لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجاندا ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاھێنانی سەربازییان دەکرد. لە ھەمان کاتدا لەلایەن چەند ھەڤاڵێکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ ھەڤاڵانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوکی نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاھێنانی سەربازیی خۆیان درێژە پێ دا.
لە ئاداری ساڵی 1949 ئەو و ھەڤاڵانی بە تاقم تاقم بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییانەی خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
پاش ھەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەکی جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەرد و ئازاری ھەڤاڵانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ھەڤاڵانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە ھەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، لەبەر ئەوە، ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
پاش شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی بڕگەکانی 3 و 7 و بەشی (الف)ی بڕگەی 10 و بڕگەی 11ی یاسای گۆڕانکاریی ژمارە 19ی ساڵی 1959 بۆ ئەو و ھەڤاڵانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.
لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ ھەڤاڵانی بە کەشتیی گیرۆزیا بە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
سەرچاوە:- زرار سلێمان بەگ دەڕگەڵەیی، بیرەوەرییەکانی من لە ساڵانی 1943-1977، (سلێمانی - چاپخانەی ڕەھەند - 2002).
- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (ھەولێر - چاپخانەی ڕۆژھەڵات - 2013).
- عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لەنێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (ھەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).
- کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەھابادەوە تا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 1، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).
- لە یادەوەریی فەرماندەی شەھید حەسۆ میرخان جاجۆکی، 62 ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (ھەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - 1997).
- لەیث عەبدولمۆحسین جەواد ئەلزوبەیدی، شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عێراق، (شاری بهغدا - وەشانی دار ئەلرەشید - 1979).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931 - 1958، (دھۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
- نەجەف قولی پیسیان، لە مەھابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی 1، (پیرمام - جەژنی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - 1996).
- ئەرشیڤی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


