لە ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی هەسین بەکرا سەر بە ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و لە زانکۆی تاشکەند بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کشتوکاڵ وەرگرتووە، هەر لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ سوندس سینا بیلاڤ هاوسەرگیری کردووە و کوڕێکیان هەبووە بە ناوی یوسف سدیق. سدیق بەخشی دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٩ لە یەکێتی سۆڤیەت گەڕایەوە، لە ئۆفیسی کشتوکاڵی موسڵ کاری کردووە، دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٣ خانەنشین بووە، لە ١٢ی ئابی ١٩٩٨ لە دهۆک کۆچی دوایی کردووە.
خەباتنامەسدیق بەخشی لە ساڵی ١٩٤٣ تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان بوو (١٩٤٣-١٩٤٥)، لە ٢ی تشرینی یەکەم بەشداری لە گرتنی بنکەی پۆلیسی شانەدەر و لە ١٥ی تشرینی یەکەمیش بەشداری لە گرتنی بنکەی پۆلیسی بیرەکەپرا کرد. لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە بڕیاری دادگای عورفی سەربازی عێراق هەموو موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستیان بەسەردا گیرا. لە ٥ی ئەیلوولی هەمان ساڵ بەشداری لە گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریک کرد.
دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ پەڕییەوە بۆ ڕوژههلاتی کوردستان، لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ لە ناو هێزەکانی بارزانی لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بوو بە پێشمهرگه، دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ١٩ی ئازاری ١٩٤٧ بەشداری لە شەڕی شنۆ و نەغەدە کردووە.
یەکێک بوو لەو پێشمهرگانەی کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگەی خواکورک و دەشتی بەرازگرەوە بە ڕێگەی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی شێروان و مزووریان.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندی ئەرقۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچن بۆ سۆڤیەت، لەوێ هەموو ڕێبوارەکانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بچن بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ جەنەراڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و دوای زۆر زەحمەتی و ناخۆشی، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکدار دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خواردن، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە ٨ کاتژمێر مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان ئەنجام دا. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواریانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان بەردەوام کرد.
لە ئازاری ساڵی ١٩٤٩ ئەو و هاوڕێکانی بە تاقم تاقم بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکومەتیان دەدا) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەراڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەرد و ئازاری هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەراڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ بەپێی خاڵەکانی ٣ و ٧ و بڕگەی (الف)ی خاڵی ١٠ و خاڵی ١١ی یاسای گۆڕانکاری ژمارە ١٩ی ساڵی ١٩٥٩ بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبوردنی گشتی دەرچوو.
لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
لە ساڵی ١٩٦١ بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەشداری لە شەڕەکانی پردی بلبل و سەرسەنگ کرد، لە ٢٣ی تشرینی دووەم بەشداری لە شەڕی دەشتی سێڤانەکان و لە ٧ تا ١٢ی کانوونی یەکەمیش بەشداری لە شەڕی گەلی زاوێتە کرد، دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ بوو بە نوێنەری شێخەکانی بارزان لە دەشتی زێ.
لە ساڵی ١٩٧٥ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول گەڕایەوە گوندی خۆی، لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٥ تا ١٥ی شوباتی ١٩٨٧ چەندین جار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گیراوە، لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری لە ڕاپەڕینی شاری دهۆک کردووە، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦، لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی جەژنی زێڕین، لەبەر تێکۆشان و بەرخۆدانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێگەی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول, شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینەکان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی بە میدالیای بارزانی نەمر خەڵات کرا.
سەرچاوە:- حەمید گەوهەری، میدالیای بارزانی خەڵاتی ڕێزلێنانی هەرە بەرز، بەرگی ١، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم - ٢٠١٥).
- حەیدەر فاروق ئەلسامەڕایی، دیا جەعفەر و ڕۆڵی سیاسی و ئابووری لە عێراق، (لەندەن - دار ئەلحیکمە - ٢٠١٦).
- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).
- شەوکەت شێخ یەزدین، جەژنی زێڕینی پێشمهرگه، چاپی یەکەم، (پیرمام - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٦).
- عومەر فارووقی، ڕێبەری ژیر بۆ ژیان و تێکۆشانی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، چاپی ٢، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - ٢٠٠٢).
- عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).
- عەبدوڵڵا غەفوور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).
- کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا سۆڤیەت، چاپی 1.، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).
- گۆڤاری هەتاو، ژمارە 154، ساڵی 6، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، 15.04.1959.
- لە چوارچێوەی پیرۆزباییەکانی جەژنی زێڕیندا سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی پێشکەشی شەهید و تێکۆشەران دەکات، گۆڤاری گوڵان، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 84، هەولێر، 1 ئەیلوول 1996.
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
- نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی 1.، (پیرمام - جەژنی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - 1996).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


