لە زنجیرە شەڕەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپایی عێراق  شه‌ڕێکی گەورە لە ناوچەی پیره‌ مه‌گرون له‌ ٢٨ی نیسانی ١٩٦٥ ده‌ستی پێكرد و تاوه‌كو ١٢ی ئایاری هه‌مان ساڵ به‌رده‌وام بوو، ئه‌و شه‌ڕانه‌ له‌ ناوچه‌كانی پیره‌مه‌گرون کە سەر بە پارێزگایی سلێمانییە کە له‌ نێوان سوپای عێراق به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌مید ڕوكن زه‌كی حوسێن حیلمی فه‌رمانده‌ی سوپای عێراق و تاریق ئه‌حمه‌د فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو، ئه‌و شه‌ڕانه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر درێژه‌یان كێشا.

ئامادەکارییەکان

حكومه‌تی عێراق بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌، دوو لیوای له‌ سوپاكه‌ی له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی سێ هه‌زار جاش و به‌كرێگیراوی كورد و دوو هه‌زار عەره‌بی عه‌شائیر و چڵكاوخۆری ئاماده‌كرد بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كانی پیره‌ مه‌گرون، به‌تایبه‌تی مه‌به‌ستی داگیركردنی باره‌گای هێزی ڕزگاری بوو له‌ گوندی زێوه‌، ئه‌وه‌ قۆناغی یه‌كه‌می پلانی سوپای عێراق بوو، له‌ قۆناغی دووه‌میش هه‌ڵكشانی بوو به‌ره‌و ناوچه‌كانی سه‌راخیا بوو له‌ ده‌ڤه‌ری جافایه‌تی.

ده‌ستیپێكردنی هێرشی پێچه‌وانه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌

پاش ئه‌وه‌ی هێرش ده‌ستی پێكرد به‌ره‌و ئاراسته‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌، سه‌ره‌تا سوپای عێراق سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ وه‌ده‌ست هێنانی ئامانجه‌كانی له‌ هه‌ندێ شوێن، توانی گوندی زێوه‌ و به‌شێك له‌ شوێنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری پیره‌مه‌گروون داگیر بكات و له‌ده‌ست هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌ربهینێت، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی سوپا زۆر درێژه‌ی نه‌كێشا، به‌ڵكو هێرشی پێچه‌وانه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ ده‌ستی پێكرد، توانیان هه‌موو شوێنه‌ له‌ده‌ستچووه‌كانیان له‌ ده‌ستی سوپای عێراق ڕزگار بكه‌ن و جارێكی تر بیگه‌ڕێننه‌وه‌ ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌.

له‌و شه‌ڕانه‌دا زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر به‌ر سوپای عێراق كه‌وت و وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌یتوانی ئامانجه‌كه‌ی وه‌ده‌ست بهێنێت و ئه‌و شكسته‌ وایکرد کە دواین جار بێت كه‌ بتوانێت هێرش بكاته‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌.  

سەرچاوە:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.