ژیاننامە

لە ساڵی 1915 لە گوندی بێسترێی سەر بە ناحیەی گۆرەتووی قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان بۆ کۆماری تورکیا کردووە. دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان و چوونیان بۆ ڕوژهه‌لاتی کوردستان بۆ پاراستنی کۆماری دیموکراتی کوردستان، هەردوو ژن و منداڵەکانی کۆچی دواییان کرد. شەریف لەشکری لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی پەیمانگەی لە بواری کشتوکاڵدا وەرگرتووە، دوای ئەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 1959 لە ئۆفیسی کشتوکاڵی هەولێر دامەزراوە، هەردوو زمانی کوردی و ڕووسی دەزانی، لە ساڵی 1967 کاتێک لەسەر ئەرکی خۆی بوو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ژیانی لەدەست دا و لە گوندی مووسەکا بە خاک سپێردرا.

خەباتنامە

شەریف لەشکری پێش دەستپێکردنی شۆڕشی دووەمی بارزان، لە ساڵی 1942 سەرھەڵدێر بووە، لە ساڵی 1943 تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان دەبێت، لە شەڕی دۆڵی نارێ بەشدار بووە، لە 2ی تشرینی یەکەمی 1943، لە گرتنی بنکەی پۆلیسی شانەدەر، لە 12ی تشرینی یەکەم بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرەزۆک و 20ی تشرینی یەکەمیش لە گرتنی بنکەی پۆلیسی شێروان بەشدار بووە. هەروەها لە 8ی ئابی 1945 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی مێرگەسۆر دەکات و لە 12ی ئەیلوولی 1945یش بەشداری شەڕی سەری ئاکرێ دەکات و لەوێ بە سەختی بریندار دەبێت. لە 19ی ئابی هەمان ساڵدا سەرجەم موڵک و ماڵی لەلایەن دادگای عورفی سەربازی کۆماری عێراق دەستی بەسەردا گیرا.

دوای تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان، لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 پەڕییەوە ڕوژهه‌لاتی کوردستان، ناوبراو لە 31ی ئاداری 1946 لەگەڵ هەردوو برای ئەحمەد لەشکری و بەدرۆ لەشکری لەناو هێزەکانی بارزانی سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان بووە پێشمه‌رگه، بەشداری شەڕی قەڵاتان، کەلاش و پیرانشار لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان بووە، لە 29ی نیسانی هەمان ساڵ لە ناوچەی سەقز بەشداری شەڕی قەرەوای دەکات.

دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان، لە 3ی ئاداری 1947 بەشداری شەڕی نەڵۆس، لە 13-14ی ئادار شەڕی گوکار و لە 19ی ئادار لە شەڕی نەغەدە و شنۆ بەشدار بووە. هەروەها شەریف لەشکری لە 24ی ئاداری 1947 لە ناوچەی خانێ بەشداری شەڕی قاڕنێ و لە 25ی ئادار بەشداری شەڕی هاڤرس و هەلەجە دەکات.

یەکێک بوو لەو پێشمه‌رگانەی کە لە 19ی نیسانی 1947 لە ڕێگەی خواکورک و دەشتی بەرەزگرەوە بە ڕێگەی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە ناوچەکانی شێروان و مزووریان.

دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرقۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچنە سۆڤیەت، لەوێ هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بچنە یەکێتی سۆڤیەت، لە 22ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلیی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و دوای زۆر ماندووبوون و ناخۆشی، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە یەکێتی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکاو دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت ئەوان لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدان و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە 8 کاتژمێر مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواریانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چێرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان بەردەوام کرد.

لە ئاداری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە گروپ گروپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان دەکرد.

دوای هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەرد و ئازاری هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.

دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی, لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی بڕگەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی بڕگەی 10 و بڕگەی 11ی یاسای هەموارکردنەوەی ژمارە 19ی ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.

لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.

لە ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو، لە شەڕەکانی لۆلان، مەیدانۆک، زێڵکۆکا، میرەبا، چیای مەتین، ئەترووش، گرکال، باڵەکیان، بادیلیا و گەلیی عومەر ئاغا بەشدار بووە، لە ساڵی 1962 بووە سەرلیق.

سەرچاوە:
  1. حەمید گەوهەری، میدالیای بارزانی خەڵاتی ڕێزلێنانی هەرە بەرز، بەرگی 1، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).
  2. شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).
  3. شەوکەت شێخ یەزدین، جەژنی زێڕینی پێشمه‌رگه، چاپی یەکەم، (پیرمام - چاپخانەی خەبات - 1996).
  4. ساڵح یوسف سۆفی، کرۆنۆلۆژیای کوردستان و جیهان، چاپی یەکەم، بەرگی 2، (دهۆک - چاپخانەی پارێزگای دهۆک - 2013).
  5. عومەر فارووقی، ڕێبەری ژیر یەی ژیان و تێکۆشانی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، چاپی 2.، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).
  6. عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لەنێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).
  7. کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە هەتا یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی 1.، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - 2011).
  8. گۆڤاری هەتاو، ژمارە 154، ساڵ 6، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، 15.04.1959.
  9. لە بیرەوەریی فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی دا، 62 ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - 1997).
  10. لەیث عەبدولموحسین جەواد ئەلزوبەیدی، شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە عێراقدا، (شاری به‌غدا - وەشخانەی دار الرەشید - 1979).
  11. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931 - 1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
  12. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931 - 1958، بەرگی 1، (هەولێر - چاپخانەی نادیار - 2012).
  13. نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە هەتا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی 1.، (پیرمام - جەژنی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - 1996).
  14. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان