دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥ لە نێوان عێراق و ئێران، کە وەک پلانێکی نێودەوڵەتی دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد جێبەجێ کرا و چارەنووسی کورد لە باشووری کوردستان تووشی بێهیوایی و کارەساتێکی مرۆیی سەخت بوو، حکوومەتی بەعس وای دەزانی کە توانیویەتی بزووتنەوەی کوردی بە یەکجاری لەناو بەرێت و مەحاڵە جارێکی تر هەڵبستێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە ڕووی نەدا، چونکە لە ئایاری ١٩٧٦ شۆڕشی چەکداری دەستی پێکردەوە و هیوایەکی نوێ و متمانە گەڕایەوە بۆ گەلی کوردستان، ئەم هەنگاوە بە خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ لە مێژووی هاوچەرخی کورد دادەنرێت[١].

دوای ئەو ماوەیە هێزی پێشمه‌رگه‌ لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشەوە ڕەوانەی قوڵایی باشووری کوردستان کران، پاشان پەیوەندی بە کادر و پێشمه‌رگه‌کانی شۆڕشی ئەیلوول کرا کە لە کوردستان مابوونەوە و پەنایان بۆ ئێران یان تورکیا نەبردبوو، بۆ ئەوەی ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە و قۆناغێکی تری شۆڕش چالاک بکەنەوە و دەست بە چالاکییە سەربازییەکان و شەڕی پارتیزانی بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا گەیاندنی پەیامی هەڵسانەوەی شۆڕش بە شێوەیەکی نوێ و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان بە سەرکردەکانی ڕژێمی بەعس[٢].

یەکێک لەو چالاکییانەی کە هێزی پێشمه‌رگه‌ ئەنجامی دا و توانی زیانی گەورە بە دامەزراوەکانی حکوومەتی بەعس بگەیەنێت، چالاکییەکی شەڕی پارتیزانی بوو لە ناوچەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک لە ساڵی ١٩٧٨، دوای ئەوەی هێزێکی پێشمه‌رگه توانیان بگەنە یەکێک لە بنکەکانی چەکدارانی ڕژێمی بەعس و بە شێوەیەکی لەناکاو هێرشیان کردە سەر بنکەکە و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا زیانی گیانی و ماددی زۆریان لێ بدەن لە کوژراو و بریندار، لەم چالاکییەدا پێشمه‌رگه‌یەک شەهید بووە بە ناوی حەمید حەفیزوڵڵا، کە کادرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستانبوو، دوای گواستنەوەی تەرمەکەی، لە گوندی بلانی سەر بە ناحیەی مێریبا بە خاک سپێردرا[٣].

شایانی باسە کە هەموو ئەو چالاکییانەی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئەنجامیان دەدا، پەیامێکی ترسناک بوو بۆ سەرکردەکانی ڕژێمی بەعس کە شۆڕش ئەگەر بەهۆی زوڵم و پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان تووشی شکستیش بێت، بەڵام بە شێوەیەکی تر دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی خەبات و خەونی ئەوانە لەناو دەبات کە هیوای لەناوبردنیان دەخواست. ‌ 

سەرچاوەکان:
  1. مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
  2. جەمال فەتحوڵڵا تەیب: بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یەکەم، چاپخانەی شەهاب، هەولێر-٢٠١٢. 
  3. غازی عادل گەردی: پێشمه‌رگه‌یەک لە خزمەت بارزانیدا، بەرگی دووەم، چاپی دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.         

[١] جەمال فەتحوڵڵا تەیب: بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یەکەم، چاپخانەی شەهاب، هەولێر-٢٠١٢، ل١١.

[٢] غازی عادل گەردی: پێشمه‌رگه‌یەک لە خزمەت بارزانیدا، بەرگی دووەم، چاپی دووەم، تورکیا- ٢٠٢١، ل٤٦

[٣] مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١، ل٥٣.