دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ٦ی ئازاری ١٩٧٥ لە نێوان عراق و ئێران، کە وەک پلانێکی نێودەوڵەتی دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ئەنجامدرا و چارەنووسی کوردیەکان لە باشووری کوردستان-ی خستە ناو قەیرانێکی مرۆییەوە، حکومەتی بەعس وایانزانی کۆتایی هاتووە و کۆتاییان بە بزووتنەوەی کوردی هێناوە، بەڵام هەڵە بوون. زۆری نەخایاند، لە ئایاری ١٩٧٦ شۆڕشی چەکداری دەستیپێکردەوە و هیوا و متمانە بۆ گەلی کورد گەڕایەوە. ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێکی نوێ لە مێژووی هاوچەرخی کوردی دادەنرێت.
دوای ئەو قۆناغە، هێزی پێشمهرگه لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشەوە ڕەوانەی قوڵایی باشووری کوردستان کرانەوە. پاشان پەیوەندی بە کادر و پێشمهرگهکانی شۆڕشی ئەیلوول کرا کە لە کوردستان مابوونەوە و بۆ ئێران یان تورکیا هەڵنەهاتبوون، بۆ ئەوەی خۆیان ڕێکبخەنەوە و قۆناغێکی تری شۆڕش بە شێوازێکی حزبی هەڵبگیرسێننەوە و چالاکی پێشمهرگایەتی ئەنجام بدەن. هەروەها دەبێت پەیامی دەستپێکردنەوەی شۆڕش و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد بە سەرکردەکانی ڕژێمی بەعس بگەیەنن.
یەکێک لەو چالاکییانەی کە پێشمهرگه ئەنجامیاندا و توانیان زیانێکی گەورە بە دامەزراوەکانی حکومەتی بەعس بگەیەنن، چالاکییەکی حزبی بوو لە ناوچەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆک لە ساڵی ١٩٧٨، دوای ئەوەی هێزێکی پێشمهرگه توانیان بگەنە یەکێک لە بنکەکانی چەکدارانی ڕژێمی بەعس و لەناکاو هێرشیان کردە سەر بنکەکە. لە ماوەیەکی کەمدا توانیان زیانی گیانی زۆر بەجێبهێڵن، لەوانە کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە چەکداران. لەم ئۆپەراسیۆنەدا پێشمهرگهیەک بە ناوی حەمید حەفزوڵڵا، کادرێکی لێهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەکە)، شەهید بوو. دوای گواستنەوەی تەرمەکەی، لە گوندی بلانی سەر بە ناحیەی مرێبا بە خاک سپێردرا.
شایەنی باسە هەموو ئەم چالاکییانەی پێشمهرگه پەیامێکی ترسناک بوو بۆ سەرکردەکانی ڕژێمی بەعس کە شۆڕش بە شێوازێکی تر دەگەڕێتەوە مەیدانی خەبات ئەگەر بە پلانێکی نێودەوڵەتیش تێکبشکێت و هەموو خەونی ئەوانە بەگۆڕ بنێت کە ئاواتی لەناوچوونی تەواوی شۆڕش دەخوازن..
سەرچاوە:-
مهسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارهم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووهم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
-
جهمال فهتحوڵله تهیب: بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یهكهم، چاپخانهی شههاب، ههولێر-٢٠١٢.
-
غازی عادل گهردی: پێشمهرگهیهك له خزمهت بارزانیدا، بهرگی دووهم، چاپی دووهم، توركیا- ٢٠٢١.


