عەزیز ڕەشید عەزیز، بە ناوەکانی (لیوا ڕوکن عەزیز ئاکرەیی، موقەدەم عەزیز ئاکرەیی) ناسراوە. ئەفسەر و سیاسەتمەدار، لە ساڵی ١٩٦٤ لە کۆنگرەی شەشەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. هەر لەو ساڵەدا نوێنەری کۆنگرەی قەڵادزێ (کۆنگرەی دووەمی گەل) بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و ئەندامی لێژنەی سەربازی (مەکتەبی عەسکەری) سەر بە نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذي) سەر بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٦٦ لە کۆنگرەی حەوتەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٧ بەشداریی کۆنفرانسی سەربازی - ڕامیاریی کانی سماق (هەولێر)ی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ لە کۆنگرەی هەشتەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٧٣ لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرچووە.

 

ژیاننامە

عەزیز ڕەشید عەزیز لە ساڵی ١٩٢٤ لە شاری ئاکرێ کە ئەو کاتە سەر بە پارێزگای مووسڵ بوو و ئێستا سەر بە پارێزگای دهۆکە لەدایک بووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی ئاکرێی سەر بە پارێزگای مووسڵ و قۆناغی ناوەندی لە شاری مووسڵ تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٤١ لە پاش ناوەندیی سەربازیی بەغدا وەک خوێندکار وەرگیراوە. لە ڕێکەوتی ٢٦ی ئەیلوولی ١٩٤٢ لە خولی بیست و یەکەمی کۆلێژی سەربازیی بەغدا وەرگیراوە. لە ڕێکەوتی ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٤٤ بە پلەی مولازمی دووەم کۆلێژی سەربازیی لە بەشی تۆپخانە تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٥٤ لە کۆلێژی ئەرکانیی بەغدا وەرگیراوە.

 

لە ساڵی ١٩٥٦ ماستەری سەربازیی لە کۆلێژی ئەرکانیی بەغدا وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٥٦ پلەکەی وەک ڕائید ڕوکن بەرز کراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٥٧ خولی شیکردنەوەی وێنەی ئاسمانیی لە شانشینی بەریتانیا تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ کۆلێژی ئەرکانیی لە یەکێتیی سۆڤیەت تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ بە پلەی موقەدەم ڕوکن لە هەواڵگریی تیپی سێی لەشکری سێی سوپای عێراق بووە. لە ڕێکەوتی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٩ لە سوپای عێراقدا پلەکانی بەرز کراونەتەوە و بووە بە موقەدەم ڕوکن لە لەشکری سێ. لە ڕێکەوتی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٨ بە نەخۆشی لە شاری کۆڵنی کۆماری ئەڵمانیا کۆچی دوایی کردووە. لە ڕۆژی شەممەی ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ لە گۆڕستانی گەلیی بێسترێی شارۆچکەی ئاکرێی پارێزگای دهۆک بە خاک سپێردراوە. شارەزای زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی بووە.

 

خەباتنامە

عەزیز ڕەشید عەزیز لە ساڵی ١٩٦٠ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ڕێکەوتی ٥ی تەممووزی ١٩٦٢ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢ وەک فەرماندە بەرگریی لە جادەی هامڵتۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کردووە و لە چیای زۆزک و هەندرێن لە گەرووی عومەر ئاغای سەر بە پارێزگای هەولێر بارەگای خۆی داناوە. لە ساڵی ١٩٦٢ بە فەرمانی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) سەرپەرشتیی کۆکردنەوەی پێشمەرگەی لە چیای سەفین و دەوروبەری لە سنووری پارێزگای هەولێر کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢ بەشداریی شەڕی ئەسپیندارەی لە نزیک شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردووە. لە ١ی ئەیلوولی ١٩٦٢ یەکێک لەو فەرماندەیانەی شەڕی سەفینی دووەم بووە. لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٦٣ بە فەرماندەی هێزی سەفین دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٦٣ فەرماندەی شەڕی سپیلک لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە. لە ساڵی ١٩٦٣ فەرماندەی شەڕی گەلیی عەلی بەگ بووە لە سنووری پارێزگای هەولێر. لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن سەرۆک مستەفا بارزانی بە فەرماندەی بەرەی ڕەواندز، باڵەک و سیدەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراوە. لە حوزەیرانی ١٩٦٣ بەشداریی شەڕی سپیلکی کردووە دژی هێزەکانی لەشکری دووی سوپای عێراق. بەڵام بەهۆی بۆردومانی هێزە ئاسمانییەکان و ڕێژنی گوللە یەکینەکانی تانک و دەبابەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن.

 

لە سەرەتای مانگی ئایاری ١٩٦٤ بە ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی شەشەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ نوێنەری کۆنگرەی قەڵادزێ (کۆنگرەی دووەمی گەل) بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. لە ساڵی ١٩٦٤ ئەندامی لێژنەی سەربازیی سەر بە نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذي)ی سەر بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بووە کە دواتر بە مەکتەبی عەسکەری ناسراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ بە فەرمانی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بە سەرلەشکری سێی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری (سلێمانی - کەرکووک) دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ دەستی بە نووسینی فەرهەنگێکی (کوردی - کوردی) کردووە و لە ساڵی ١٩٦٥ بە فەرماندەی هێزی قەرەداغ لە سنووری لەشکری سێی هێزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول دەستنیشان کراوە. لە ٢٢ تا ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٥ فەرماندەی یەکینەی تۆپخانەی شۆڕشی ئەیلوول لە شەڕی پێنجوێنی سنووری پارێزگای سلێمانی دژی هێزەکانی سوپای عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٦٥ پلانی لێدانی قایمقامی کەرکووکی داڕشتووە و پاش تەقینەوەکە لە ئۆتۆمبێلەکەی ڕزگاری بووە.

 

لە ساڵی ١٩٦٦دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی حەوتەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٦دا لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٦٦دا سەرقاڵی نووسینی فەرهەنگێکی کوردی بووە. لە ساڵی ١٩٦٦دا فەرماندەی هێزی قەرەداغی سەر بە لەشکری سێ بووە. لە ساڵی ١٩٦٦دا لە یەکەیەکی تانکی سوپای عێراق لە شەقامی سەید سادق - پێنجوێنی سەر بە سنووری پارێزگای سلێمانی دەدات و لەناوی دەبات. لە ساڵی ١٩٦٦دا بووە فەرماندەی هێزی سەفینی سەر بە لەشکری دوو. لە زستانی ساڵی ١٩٦٧دا بەشداریی لە خولێکی سەرکردایەتیی سەربازیی لە دەرەوەی وڵات کردووە و وەرگێڕی خولەکەش بووە. لە ڕێکەوتی ١٥ی نیسانی ١٩٦٧دا بە سەرپەرشتیی سەرۆک مستەفا بارزانی وەک فەرماندەی هێزی سەفین بەشداریی لە کۆنفرانسی سەربازی - ڕامیاریی کانی سماق (هەولێر) کردووە. لە ساڵانی (١٩٦٨ - ١٩٦٩)دا مامۆستای وانەی ڕێنووسی کوردیی لاتینی بووە بۆ خوێندکارانی خولی یەکەمی فێرگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر. لە ساڵی ١٩٦٩دا فەرماندەی بەتالیۆنی دووی تۆپخانەی هێزی هەڵگورد بووە. لە ساڵی ١٩٦٩دا بەشداریی شەڕی دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردووە. لە ساڵی ١٩٦٩دا لە بەرگری کردن لە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشداریی کردووە. لە ١٩ی ئەیلوولی ١٩٦٩دا فەرماندەی شەڕی دوکانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٩دا لە کارمەندی یازدەیەمی لێژنەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەرپرسی لێژنەی لق بووە. لە ساڵی ١٩٧٠دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی هەشتەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٧٠دا لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە.

 

لە ساڵی ١٩٧٠دا بە بەرپرسی لێژنەی لقی سێی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ڕێکەوتی ١٥ی تەممووزی ١٩٧٠دا بە نوێنەرایەتیی سەرۆک مستەفا بارزانی بەشداریی ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی شەشەمی یەکێتیی قوتابییانی کوردستانی لە گوندی ناودەشتی سەر بە پارێزگای هەولێر کردووە. لە ١٧ی تەممووزی ١٩٧١دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی دووەمی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە شاری هەولێر بە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی هەڵبژێردراوە. دوای پلەی سەربازی لە سوپای عێراقدا لیوا ڕوکن (جەنەڕاڵ) بووە، لە ڕێکەوتی ١٤ تا ١٧ی تەممووزی ١٩٧١ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی دووەمی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە شاری هەولێر بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی و جێگری سەرۆک هەڵبژێردراوە. بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوون بە کاری پارتییایەتییەوە دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی کۆنگرەکە کردووە. لە ساڵی ١٩٧٢دا بەشداریی کردنەوەی کۆنگرەی دووەمی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانی لە شەقڵاوە کردووە. لە ساڵی ١٩٧٣ لە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرچووە.

 

بەرهەمەکانی:

 

١ - فێربوونی زمانی کوردی بە لاتینی - ١٩٦٧.

 

٢ - گیانی مرۆڤ - ١٩٦٨.

 

٣ - تۆڵەهەڵدان - ١٩٦٨، چاپی دووەم لە ساڵی ١٩٧٨ کراوە.


 

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.