تەنگەی عومەر ئاغا دەکەوێتە باکووری دەشتی دیانا لە نێوان گوندەکانی بادلیان لە باشوور و شێخان لە باکوور، ڕێگەی سەرەکی نێوان سۆران- سیدەکان بەم تەنگەیەدا تێدەپەڕێت، لە ٦ی نیسانی ١٩٦٦، سوپاى عێراق هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی بە ناوی (تەوەکەلنا عەلەڵڵا) بۆ سەر هەندرێن و زۆزک و تەنگەی عومەر ئاغا دەستپێکرد، لە ٣ی ئەیلوولی ١٩٧٤ لیوای سێ بە پشتیوانی کەتیبەی تانکەکان هێرشیان کردە سەر تەنگەکە، بەڵام سوپاى عێراق ٢٣٠ تەرمی سەربازەکانی لە گۆڕەپانی شەڕدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر بریندار بەجێهێشت.

تەنگەی عومەر ئاغا دەکەوێتە باکووری دەشتی دیانا لە نێوان گوندەکانی بادلیان لە باشوور و شێخان لە باکوور، ڕێگەی سەرەکی نێوان سۆران- سیدەکان بەم تەنگەیەدا تێدەپەڕێت، و لە بەرزی ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە هەڵکەوتووە. 

رژێمی بەعس لە عێراق بە کودەتایەکی سەربازی لە ١٧-٣٠ی تەمموزی ١٩٦٨ دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵام زوو تێگەیشت کە ناتوانێت شۆڕشی ئەیلوول پەک بخات و بە سەربازی بەسەریدا زاڵ بێت، بۆیە دەرگای دانوستانی لەگەڵ شۆڕش کردەوە و ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی سەبارەت بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری کوردستان واژۆ کرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی چوار ساڵ لە ڕاگرتنی شەڕ و دانوستانەکان، سوپا و یەکە سەربازییەکانی خۆی ڕێکخستەوە و چەکدار کرد، و دەستی بە بیانووهێنانەوە و ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە کرد، بە جۆرێک لە ١٦ی ئاداری ١٩٧٤ هێرشی سەربازی خۆی بۆ سەر کوردستان دەستپێکردەوە.  

سەرەڕای ئەوەی شەڕەکانی تەنگەی عومەر ئاغا و هەڵمەتی سەربازی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم پێگە ستراتیژییە مێژوویەکی پێشووتری هەبوو، کە دەگەڕێتەوە بۆ ٦ی نیسانی ١٩٦٦، کاتێک سوپاى عێراق هێرشێکی زەمینی و ئاسمانی بە ناوی (تەوەکەلنا عەلەڵڵا) دەستپێکرد بۆ سەر چیای هەندرێن و زۆزک و تەنگەی عومەر ئاغا، لەو ڕۆژانەی کە سوپاى عێراق هەڵمەتی داگیرکارییەکەی بەردەوام کرد نەیتوانی بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا زاڵ بێت، بەڵام هەموو هێرشەکانیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بە پشتیوانی تۆپخانەی شۆڕش تێکشکێنران، پێنج پێشمەرگە لە هێرشی سوپاى عێراق بۆ سەر تەنگەی عومەر ئاغا شەهید بوون.

دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ساڵی ١٩٧٤ سوپاى عێراق لە چەند ناوچەیەک پێشڕەوی کرد و دەستی بەسەردا گرت، هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕواندز و بناری کۆڕەک و چیای گۆرز کشانەوە و هێڵێکی بەرگرییان لە بنکاوڵ و چیای هەندرێن و چیای زۆزک و سەرتێز و تەنگەی عومەر ئاغا دروستکرد، بۆ ئەوەی ڕێگری لە سوپاى عێراق بکەن لە پێشڕەوی و ڕایبگرن، بەڵام سوپاى عێراق بەردەوام بوو لە هێرشکردنە سەر پێگەکانی پێشمەرگە، بە ئامانجی داگیرکردنی هەموو پێگە ستراتیژییەکان و لاوازکردنی شۆڕش و کۆتاییهێنان بەو لە ماوەیەکی کەمدا. 

ئەمجارە داگیرکردنی تەنگەی عومەر ئاغا و شکاندنی هێڵی بەرگری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان خرایە ناو پلانی هێرشەکەوە، کاتێک لیوای سێی ئاغا بە سەرکردایەتی عەقیدی ڕوکن حامد دلێمی بە پشتیوانی کەتیبەی تانکەکان لە ٣ی ئەیلوولی ١٩٧٤ هێرشیان کردە سەر تەنگەی عومەر ئاغا، لە سەرەتای هێرشەکەدا سوپاى عێراق تەواوی ناوچەکەی بە تۆپخانە و فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی بۆردومان کرد، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە پێگەکانی خۆیان بە دار بە شێوەیەکی زۆر باش و بە تەکنیکی سەربازی سەرکەوتوو دروستکردبوو، لە کاتی بۆردومانەکەدا تێیدا خۆیان حەشاردابوو، بۆیە بۆردومانەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە نەبوو. 

دەکرێت بگوترێت ئامانجی سوپاى عێراق لە داگیرکردنی ئەم تەنگەیە پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە خاڵێکی ستراتیژی بوو بۆ دابەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرەکانی دیکەی شەڕ لە زۆزک و سەرتێز و سەری بەردی، پێشمەرگە هێزی زیاتری نارد بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی سوپاى عێراق، و پێگە و بەرگرییەکانی خۆی بەهێز کرد.

لە سەرەتای هێرشی سوپاى عێراق هێزەکانی پێشمەرگە توانییان چوار تانک بە تۆپی دژە تانکی ١٠٦ ملم تێکبشکێنن، چونکە تۆپخانەی شۆڕش بە سەرکردایەتی حالی دۆڵەمەری ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پووچەڵکردنەوەی ئەم هێرشەدا گێڕا، کاتێک لە ڕێگەی ئامێری بێتەلەوە فەرماندەکانی تۆپخانە لە گۆڕەپانی شەڕ ئاگادار دەکرانەوە بۆ بۆردومانکردنی سوپاى عێراق، هەرچەندە فەرماندەی لیوای سێی سوپاى عێراق بەردەوام بوو لە هێرشکردن و سوور بوو لەسەر داگیرکردنی تەنگەی عومەر ئاغا، کە توانی دەست بەسەر ژمارەیەک پێگەدا بگرێت، بەڵام بۆردومانی تۆپخانەی شۆڕش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە ڕێگریکردن لە پێشڕەویی سوپاى عێراق، و هێزەکانی پێشمەرگە هێرشێکی پێچەوانەیان ئەنجامدا و ڕووبەڕوو شەڕیان کردن تا توانییان کۆنترۆڵی هەموو پێگەکانیان بەدەست بهێننەوە. 

سوپاى عێراق هەموو هەوڵێکی خۆی دا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆڵەکە و لەناوبردنی پێگەکانی پێشمەرگە و هێڵی بەرگرییان. دوای هەشت کاتژمێر لە شەڕی سەخت، تەواوی لیوای سوپاى عێراق تێکشکێنرا و ٢٣٠ تەرمی سەربازیان لە گۆڕەپانی شەڕدا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر بریندار بەجێهێشت، و نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵکو تووشی شکستێکی گەورە بوون.

پاشماوەکانیان ناچار کران بۆ گوندی بادلیان لە باشووری تەنگەی عومەر ئاغا پاشەکشە بکەن، بەڵام نەیانتوانی جارێکی دیکە هێرش بکەنە سەر پێگەکانی پێشمەرگە، تا دەستبەسەرداگرتنی چیای سەرتێز کە دەکەوێتە سەرووی ئەم تەنگەیە و بەسەریدا دەڕوانێت، بۆیە بۆ پێشمەرگە سەخت بوو تێیدا بمێننەوە، بۆیە سەرکردایەتی شۆڕش فەرمانی کشانەوە و چۆڵکردنی پێگەکەی دا، و بڕیاری دا هێڵێکی بەرگری دیکە لە تەنگەی بێشە و چیای حەسەن بەگ و سەری بەردی دروست بکات بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەویی سوپای دوژمن.

سەرچاوەکان:

١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- ٢٠٠٤).

٢- ئیبراهیم جەلال، باشووری كوردستان و شۆڕشی ئه‌یلوول، بنیاتنان و هه‌ڵته‌كاندن، ١٩٦١-١٩٧٥.چاپی چواره‌م، (٢٠٢١).

٣- غازی عادل گه‌ردی، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت بارزانیدا ... حه‌جی بێڕۆخی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، (٢٠٢٠).  

٤- تاریخ العراق المعاصر، د. ابراهیم خلیل احمد و د. جعفر عباس حمدي، (الموصل- ١٩٨٩).  

٥- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپي يه‌كه‌م، (هه‌ولێر).

٦- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.