هیسۆ مەحمود بابەکر، لە ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی کانیەلەنجەی سەر بە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٧٥ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ئێران بوو و لە لۆڕستان و زەوی نیشتەجێ بوو، دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ی گەلی کوردستان گەڕایەوە کوردستان، جگە لە زمانی دایکی، بە زمانی فارسییش شارەزایە.
خەباتنامەلە ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە دەکات و لە یەکەی ئەحمەد مستە بووە بە پێشمەرگە، چەند پلەیەکی لە ناو هێزی پێشمەرگەدا وەرگرتووە، لەوانە لە ساڵی ١٩٦١ جێگری سەرقول، ساڵی ١٩٧٠ سەرلق و جێگری فەرماندەی باڵی ڕاستی لقی دکتۆر سەعید ئەحمەد نادر، لە ساڵی ١٩٧٩ جێگری قوت بارزان، لە ساڵی ١٩٨٨ بووە بەرپرسی هێزی پێشمەرگەی ڕێکخستنی شیرین، لە ساڵی ١٩٩١ بووە بەرپرسی ڕێکخستنی شیرین.
لە ساڵی ١٩٧٤ بەشداری خولی مەشق و ڕاهێنانی میتراڵیۆزی ٣٠ ملم بووە، بەشداری چەند شەڕێکی بەرگری لە کوردستان کردووە دژی سوپاى عێراق، سێ جار بریندار بووە، لە ساڵی ١٩٦٣ لە شەڕی چامێ لە نزیک قەزای شێروان مەزن، لە ساڵی ١٩٧٤ لە چیای مامەڕووت لە قەزای چۆمان و لە ساڵی ١٩٩٥ لە شەڕی ڕواندز.
لە چوار کۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا وەک ئەندامی کۆنگرە بەشدار بووە، کۆنگرەی نۆیەم لە ساڵی ١٩٧٩ و کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆنگرەی دوازدەهەم لە ساڵی ١٩٩٩ و کۆنگرەی سێزدەهەم لە ساڵی ٢٠١٠ لە هەولێر، لە کۆنگرەی سێزدەهەمدا لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمر پێشکەش کراوە.
سەرچاوە:-
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


