هەمیشە باوەڕێکی ناوخۆیی هەیە کە مردن یان لەناوبردن یان تیرۆرکردنی سەرکردەیەک ڕەنگە کۆتایی شۆڕشێک یان دۆزێکی نیشتمانی بێت، بەڵام هەمیشە وانییە. دوژمنانی گەلی کورد لە زووەوە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە سەرۆک مستەفا بارزانی بڕیاردەر و سەنتەری قورسایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردە، بۆیە چەندین جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە. یەکەم هەنگاو بۆ لەناوبردنی لە تەمەنی سێ ساڵییەوە دەست پێدەکات بە گرتن و دوورخستنەوەی. دەوڵەتی عوسمانی بەهۆی شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە زیندانی مووسڵ زیندانی کرد، دوای ئەوە بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ شاری سلێمانی دەرچوو، دوای ئەوە بارزانی دەگاتە تەمەنێک کە توانای هەڵگرتنی چەکی هەبێت، پشت بەستن پێی لە شەڕەکاندا دەستی پێکرد و ناوی وردە وردە لای هەموو کوردێک ناسراو بوو.
یەکەم/ هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1936.دوای کپکردنی شۆڕشی یەکەمی بارزان و ڕادەستکردنی شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی بە حکوومەتی پاشایەتی عێراق لەلایەن تورکەکانەوە و دەستبەسەرکردنیان لەگەڵ خێزانەکانیان لە شاری مووسڵ، هەروەها دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی خۆشەوی لەلایەن خۆشەوی ئۆدیشەوە، حکوومەتی پاشایەتی و بەتایبەتی حوسامەدین جومعە کە لەو کاتەدا بەڕێوەبەری پۆلیس بوو و لە هەمان کاتدا کاروباری پارێزگاری پێشوو عومەر نەزمی بەڕێوەدەبرد. پێیان وابوو مەلا مستەفا بارزانی هانی بزووتنەوەی خۆشەوی دەدات و ئەوان ئیلهامیان لێ وەردەگرت، بۆیە لە ساڵی 1936 هەوڵی ژەهرخواردکردنی مەلا مستەفا بارزانی درا و ژەهریان خستە ناو قاوەکەیەوە، دوای ئەوە مەلا مستەفا بارزانی بۆ ماوەی دوو هەفتە کەوتە کۆماوە و بە موعجیزە لە مردن ڕزگاری بوو. بۆ هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی مەلا مستەفا بارزانی ئەم ناوانە ڕۆڵیان هەبوو: شێخ عەجیل یاوەر و بنەماڵەی کەشمۆڵە و عەوین. ئەو هەواڵانەی لە نێوانیاندا بڵاوبووەوە ئەوە بوو کە پزیشکێکی فەرەنسی کە لە سووریا دەژیا ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە چارەسەرکردنی مەلا مستەفا.
دووەم/ هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1961.دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 و سەرکەوتنی پێشمەرگە لە چەندین شەڕدا، حکوومەتی عێراق بە ئاشکرا هەوڵی نزیکبوونەوە و دانوستاندنی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کورد و بەتایبەتی لەگەڵ جەنەراڵ مستەفا بارزانی دەدا، بەڵام بە نهێنی چەندین جار هەوڵی کوشتن و تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانییان دا. هەروەها چەندین جار هەواڵی مردنی مەلا مستەفا بارزانییان ڕاگەیاند. عەبدولکەریم قاسم زۆر لە خۆی دەرچوو و هەوڵی چەسپاندنی حوکمی دیکتاتۆری خۆی لە عێراقدا دا، ویستی مەلا مستەفا بارزانی دەستبەرداری مافەکانی گەلی کوردستان ببێت و لە شاری بارزان بمێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە نامەیەکی بۆ شێخ ئەحمەد بارزانی نارد و داوای لێکرد سەرۆک مستەفا بارزانی ڕازی بکات کە لەگەڵیان کۆببێتەوە. شێخ ئەحمەد ئەم داوایەی ڕەت نەکردەوە و نوێنەرانی خۆی بۆ لای مەلا مستەفا بارزانی نارد بۆ ئەوەی ڕازی بکات لەگەڵ نوێنەری عەبدولکەریم قاسم، عەمید حەسەن عەبوود فەرماندەی لیوای پێنجەم کۆببێتەوە. مەسعود بارزانی لە بەشی یەکەمی بەرگی سێیەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی، بەم شێوەیە دەیگێڕێتەوە:
لە 17ی کانوونی یەکەم، حکوومەت شوێنێکی بۆ دانوستانکاران لە نزیک سەرسەنگ دیاری کرد، بەڵام بارزانی نەچوو بۆ ئەو شوێنە و لە نزیک گوندی بامەڕنێ مایەوە، دوای ئەوە چەندین پەیامنێری بۆ شوێنی کۆبوونەوەکە نارد بۆ ئەوەی چاوەڕێی هاتنی حەسەن عەبوود بکەن و بیهێننە ئەو شوێنەی کە مەلا مستەفا بارزانی بۆ کۆبوونەوەکە دیاری کردبوو. بیرکردنەوەکەی ڕاست بوو چونکە قاسم نیازی وابوو بارزانی و نوێنەرەکەی حەسەن لە شوێنی یەکتربینینەکەیان لەناویان بەرێت. کاتێک حەسەن شوێنەکەی بەجێهێشت و لەگەڵ نوێنەرانی بارزانی بەرەو لای بارزانی بەڕێکەوت، شوێنی کۆبوونەوەکە بە توندی و بە وردی لەلایەن چوار فڕۆکەوە بۆردومان کرا. حەسەن عەبوود ئەم بۆردومانەی لە دوورەوە بە چاوی خۆی بینی و زۆر شەرمەزار بوو، ئەم هەڵوێستە بۆ ئەو قورس بوو. بەپێی ئەوەی لەم گێڕانەوەیەدا دەردەکەوێت، ئەزموون و دیدگای بارزانی کۆچکردوو پیلانی دوژمنانی پووچەڵ کردەوە و ئامانجەکەیان نەهاتە دی و هەوڵی تیرۆرکردنیان پووچەڵ بووەوە. مستەفا بارزانی بە عەبوودی ڕاگەیاند: من داوای هیچ شتێک لە قاسم ناکەم. با مافەکانی گەلی کورد بدات و من عێراق بەجێدەهێڵم و دەڕۆم.
سێیەم: هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1971.سەرەڕای ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول هەندێک لە ئامانجەکانی بەدیهێنا و بۆ یەکەمجار بە فەرمی دانی بە سەربەخۆیی کوردستاندا نرا، دوژمنانی کوردستان و سەرۆک بارزانی بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ تیرۆرکردنی.
لە ڕێکەوتی 15ی ئەیلوولی ساڵی 1971 دوو زانای ئایینی، یەکەمیان ناوی عەبدولجەبار ئەعزەمی بوو کە زانایەکی ئایینی سوننە بوو لەگەڵ عەبدولحوسێن دەخیلی کە زانایەکی ئایینی شیعە بوو، سەردانی مەلا مستەفا بارزانییان کرد و بە گەرمی پێشوازی لێکردن. زانا ئایینییەکان باسیان لەوە کرد کە هۆکاری سەردانەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ خراپی دۆخی نێوان شۆڕش و ڕژێمی عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕای گشتی، هەروەها ئەوەی کە دەیانەوێت هەڵمەتێک لە نێوان زانایانی ئایینی و خەڵک بە گشتی ڕابگەیەنن بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و بەهێزکردنی ئاشتییەکەی ئێستا، بۆیە پێویستیان بە ڕای سەرۆک مستەفا بارزانییە. بارزانی ڕای خۆی پێ ڕاگەیاندن و هەوڵەکەیان لای ئەو قبوڵکراو بوو، پشتیوانی لێکردن. تا ئێرە کارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەڕۆیشتن، بەڵام ئەوەی کە ئاسایی نەبوو، ئەو شۆفێرەی کە هەردوو زاناکەی هێنابوو لە دهزگای ههواڵگری عێراق کاری دەکرد، هاتبوو بۆ ئەوەی ڕێکارە ئەمنییە گیراوەبەرەکان بۆ پاراستنی مەلا مستەفا بارزانی ئاشکرا بکات و شوێنی جوگرافی ناوچەکە و نووسینگەی بارزانی بزانێت و بزانێت بارزانی لە کوێ دەمێنێتەوە و لە کوێ پێشوازی لە میوانەکانی دەکات. لە ڕێکەوتی 29ی ئەیلوولی ساڵی 1971، وەفدێک سەردانی ناوچەی حاجی ئۆمەرانی کرد، وەفدەکە پێکهاتبوون لە عەبدولحوسێن دەخیلی، شێخ عەبدولجەبار ئەعزەمی، شێخ عەبدولوەهاب ئەعزەمی، شێخ ئیبراهیم غانم خوزاعی، شێخ ئەحمەد هەیتی، شێخ باقر موزەفەر، شێخ غازی دلێمی، شێخ نوور یاسین و شێخ عەبدولجەلیل مووسەوی.
هاتبوون بۆ هۆکاری چارەسەرکردنی ململانێی نێوان شۆڕش و حکوومەتی عێراق. ئەم وەفدە بە دوو ئۆتۆمبێل هاتبوون، یەکێکیان ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکەم تۆیۆتا و ئەوی تریان شێفرۆلێت مۆدێلی 1963 بوو، سولەیمان کوخی و حەمید کامیل ئیسماعیل ئۆتۆمبێلەکانیان لێدەخوڕی و لە هەمان کاتدا لە دهزگای ههواڵگری لە شاری بهغدا کاریان دەکرد. لە بازگەی حاجی ئۆمەران مۆڵەتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلەکانیان نەدا، بەڵام یەکێک لە ئەندامانی وەفدەکە کە عەبدولجەبار ئەعزەمی بوو، هەڕەشەی لە پاسەوانەکان کرد کە سکاڵا لەسەر پاسەوانانی بازگەکە لای سەرۆک مستەفا بارزانی تۆمار دەکات، بۆیە مۆڵەتی تێپەڕبوونیان پێدان. کاتێک وەفدەکە گەیشتن، لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی هەریەکە لە دکتۆر مەحموود و مەسعود بارزانی بوون، پاشان بارزانییان لە گەیشتنی میوانەکان ئاگادار کردەوە و ناوی میوانەکانیان پێ ڕاگەیاند، بۆیە بارزانی بڕیاری دا دوای نوێژی عەسر بیانبینێت.
میوانەکان قورئانێکیان لەگەڵ کتێبێکی شەرعی پێشکەش بە سەرۆک مستەفا بارزانی کرد، ئەویش لێی وەرگرتن و سوپاسی کردن، دوای ئەوە ئەو کەسەی چای دەگێڕا و لە بارەگاکە کاری دەکرد (چایچیی بارەگا) شێخ هادی هاتە ژوورەوە، لەبەرامبەر سەرۆک مستەفا بارزانی دانیشتبوو، کەسەکە دەستی بە دابەشکردنی چای کرد، شێخ هادی بە شێوەیەکی نهێنی تۆمارکەرێکی دەنگی پێ بوو بۆ ئەوەی دەنگی مستەفا بارزانی تۆمار بکات، سوودی لە دەنگی پیاڵەی چای و ئەو دەنگەدەنگەی چایچییەکە وەرگرت و پەنجەی خستە سەر تۆمارکەرەکە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی تۆمار بکات، تۆمارکەرەکە تەقییەوە، شێخ هادی جەستەی پارچە پارچە بوو، ژوورەکە پڕ بوو لە دووکەڵ، مەسعود بارزانی پێش تەقینەوەکە لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی بوو، کاتێک دەنگی تەقینەوەکەی بیست ڕاستەوخۆ بەرەو شوێنی تەقینەوەکە چوو، دەڵێت لە سەرەتادا وامزانی ماڵی باوکم تەقیوەتەوە، دواتر تێگەیشتم کە باوکم لەو کاتەی دیاریکراوە چوو بۆ لای میوانەکان، لەوێ کردەوە تیرۆریستییەکە ڕوویدا، سەرەتا وامزانی باوکم تیرۆر کراوە، بەڵام یەکێک لە پاسەوانەکانی پێی ڕاگەیاندم کە سەرۆک مستەفا بارزانی تەنیا بە پارچەیەک بریندار بووە و سەلامەتە.
مەسعود بارزانی ڕووداوەکانی دوای هەوڵە تیرۆریستییەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: لە ژووری پێشوازیدا چوار لەو میوانانەی هاتبوون بە پارچەی بۆمبەکە کوژران، ئەوانەی لە ڕاست و چەپی باوکم دانیشتبوون بریندار بوون و ئەوانەشی توانییان ڕابکەن بەرەو دەرەوە ڕایانکرد، بارزانی لە ژوورەکە هاتە دەرەوە و داوای لە هێزی پێشمهرگه کرد کەسێکیان لێ نەکوژن، بەڵام شۆفێرەکان چونکە نەیانتوانی بگەنە ئۆتۆمبێلەکە و ئۆتۆمبێلەکە وەک ئۆتۆمبێلی دووەم بۆمبڕێژکراو بوو، بۆیە لایتە پێشەوەکانی ئۆتۆمبێلەکە ڕۆکێتیان پێوە بەسترابوو بۆ ئەوەی ئەگەر شۆفێرەکان ڕایانکرد هەر ئۆتۆمبێلێک بەدوایانەوە بێت پێی لێی بدەن، شۆفێرەکان بۆمبی دەستییان فڕێ دەدا، لە کاتژمێر ٥:٢٥ خولەک بە کوژرانی پلاندانەرەکان هەوڵەکە کۆتایی هات، لەم کردەوە تیرۆریستییەدا نۆ لە مەلا ئامادەبووەکان و شۆفێرەکان کوژران، دوو لە هێزی پێشمهرگه شەهید بوون و چواری دیکەش بریندار بوون. دوای ئەوەی خەڵکەکە بڵاوەیان لێ کرد ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا تەقییەوە بەڵام هیچ زیانێکی لێ نەکەوتەوە.
بە بۆنەی سەلامەتی بارزانی و خۆشحاڵییان بۆ ڕزگاربوونی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە هەوڵە تیرۆریستییەکە، لە سەرەتادا سەرکردایەتی دەوڵەتی عراق و حزبی بەعس بروسکەیان نارد، دواتر سەرۆک کۆمار عەبدولستار جواری نارد کە ئەو کات وەزیر بوو بۆ لای سەرۆک بارزانی و هەردوو لا ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئاگاداری ئەو کردەوە تیرۆریستییە نەبوون، بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان و دیاریکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەم کردەوە تیرۆریستییەدا، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا بەڵام بێ ئەنجام بوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەزگای پاراستنی شۆڕش دەستی کەوتبوو، ڕژێم خۆی بوو کە پلانی بۆ کردەوەکە دانابوو، ئەگەری زۆرە نازم گەزار سەرۆکی دهزگای ههواڵگری لەو کاتەدا ڕۆڵێکی کارای لە پلانەکەدا هەبووبێت، بەڵام بڕیارەکە لە دەسەڵاتی باڵاتر لەو بوو و ئەو تەنیا جێبەجێکار بوو. مەسعود بارزانی لە بەرگی سێیەم، بەشی دووەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەڵێت مام جەلال پێی وتم کاتێک لە ساڵی ١٩٨٣ بۆ دانوستان لە شاری بهغدا بووم، سەددام حوسێن دانی بەوەدا نا کە ئاگاداری پرۆسەی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی بووە و زۆر خەمبار بووە بۆ شکستی پرۆسەکە.
چوارەم: هەوڵی تیرۆرکردنی ساڵی ١٩٧٢دوای هەوڵە بێئەنجامەکەی دهزگای ههواڵگری عراق لە بارەگای بارزانی، ئەم دەزگایە وانەی لێ وەرنەگرت و بەردەوام بوو لە هەوڵە تیرۆریستییەکانی.
لە ١٥ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٢، کەسێک بە ناوی ئیبراهیم کاباری لە سووریاوە هاتبوو بۆ عراق بەو نیازەی حکومەتی سووریا بەدوایەوەیە، کاباری زۆر سەردانی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان-ی دەکرد، پەیوەندییەکی لەگەڵ دهزگای ههواڵگری عراق دروست کرد و ئەوان ئەرکیان پێ سپارد، نازم گەزار لەو کاتەدا سەرۆکی دهزگای ههواڵگری بوو، کاباری ڕاسپارد کە لە بارەگای بارزانی نزیک ببێتەوە و هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی بدات، ئەگەر نەیتوانی تیرۆری بکات ئەوا دەبێت تیرۆری ئیدریس بارزانی یان مەسعود بارزانی کوڕانی فەرماندەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، یان تیرۆرکردنی یەکێکیان، کاباری ڕازی دەبێت بەم کارە و بەرەو ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش دەچێت، لەوێ داوای بینینی مەسعود بارزانی دەکات چونکە زانیاری زۆر نهێنی لایە، مەسعود بارزانی کاباری دەبینێت و ئەو داوایەی دهزگای ههواڵگری عراق-ی پێ ڕادەگەیەنێت، مەسعود بارزانی پێی دەڵێت واز لەم کارە نەهێنێت و بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بزانن چی تری لێ داوا دەکەن. دهزگای ههواڵگری عراق بۆ ئەوەی باوەڕ بە کاباری بکەن کە لە بارەگای بارزانی نزیکە، بۆیە داوای لێ دەکەن وێنەیەک لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بگرێت، ئەم داوایە لەلایەن مەسعود بارزانی جێبەجێ کرا، دوای ئەوەی وێنەکانی گرت، نازم گەزار متمانەی بە کاباری کرد و جانتایەکی پڕ لە تەقەمەنی جۆری (تی ئێن تی)یان بە دەستی ئەوەوە نارد بۆ ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش، ئەوەش بە مەبەستی تیرۆرکردنی مستەفا بارزانی، ئەگەر نەیتوانی، ئەوا تەقاندنەوەی (تی ئێن تی)یەکە بە یەکێک لە کوڕەکانی، جانتا پڕ لە (تی ئێن تی)یەکە ڕادەستی هەواڵگری شۆڕش کرا و دواتر هەواڵی هەوڵە بێئەنجامەکەی تیرۆرکردنی بارزانی لە ڕۆژنامەی خەبات بڵاوکرایەوە. بەڵام ڕژێمی بەعس وەک کردەوە تیرۆریستییەکانی پێشوو، ئەم کردەوە تیرۆریستییە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ئاگاداری نین، وەزارەتی ناوخۆ ڕەتی دەکاتەوە هیچ کام لە دامەزراوەکانی حکومەتی عراق پەیوەندییان بەم کردەوە تیرۆریستییەوە هەبێت، سەددام حوسێن لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوون و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان پێکهێنا، لیژنەکە پێکهاتبوو لە عەبدولخالق سامەڕایی نوێنەری حزبی بەعس، و مەکڕەم تاڵەبانی نوێنەری حزبی شیوعی، محەمەد مەحمود عەبدولڕەحمان نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و عەزیز شەریف و دار تۆفیق و ئیحسان شێرزاد. لیژنەکە بەرەو ناوچەی ناوپردان چوون و بەڵگەکانیان بینی و ئیبراهیم کابارییان بینی و هەموو شتێکی دانی پێدا نا، ناوی ئەو ئەفسەرانەی ئاشکرا کرد کە بەشدار بوون لەم پلانەدا، لەوانە ئەفسەر باسڵ ئەلئەعرەجی، عەبدولخالق سامەڕایی لە ئیبراهیم کاباری پرسی دەربارەی وەسف و شێوەی ئەو ئەفسەرە و دەرکەوت قسەکانی ڕاستە، چونکە دەیناسی، سامەڕایی بەڵێنی پێدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە بەرز بکاتەوە بۆ سەرکردایەتییەکانی باڵاتر لە خۆی، بەڵام حزبی بەعس هیچ ڕێوشوێنێکی بەرامبەر بەم ڕووداوە نەگرتە بەر، تەنانەت دوای ئەوەی نازم گەزار لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٧٣ کودەتایەکی کرد بۆ ئەوەی لە سەرۆک کۆمار ئەحمەد حەسەن بەکر ڕزگاری بێت و دەست بەسەر دەسەڵاتی عراقدا بگرێت، ڕژێمی بەعسی دانی بە هەوڵە تیرۆریستییەکەی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١ و هەوڵە تیرۆریستییەکەی ١٥ی تەمموزی ١٩٧٢ نا کە ئەوەی ئەنجامی داوە نازم گەزار بووە بە پشتیوانی دەستی دەرەکی، جگە لەم هەوڵانە هەوڵی تیرۆریستی دیکەش هەبوون کە مەبەست لێیان شێواندن و تێکدانی ئاسایشی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش بوو، بەڵام بەهۆی وریایی دەزگا ئەمنییەکانی شۆڕشەوە هیچ کامیان ئەنجامی نەبوو، لەوەش گرنگتر لە هیچ بارودۆخێکدا سەرکردایەتی شۆڕش وەڵامی هەوڵە تیرۆریستییەکانی بە هەوڵی تیرۆریستی نەدایەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ئەگەر بیەوێت تۆڵە بکاتەوە، ئەوا تۆڵەی لەو کەسانە دەکردەوە کە کردەوە تیرۆریستییەکەیان جێبەجێ دەکرد نەک لە ژنان و منداڵان و خەڵکی بێ تاوان، ئەم کارەش سەرۆک مستەفا بارزانی باوەڕی پێ بوو، هەمیشە ڕاسپاردەی فەرماندەکان و هێزی پێشمهرگه-ی کوردستان بوو کە هیچ پرۆسەیەک جێبەجێ نەکەن کە خەڵکی بێ تاوان تێیدا ببنە قوربانی.
سەرچاوەکان١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی یەکەم شۆڕشی ئەیلوول. ١٩٣١- ١٩٥٨. چاپی یەکەم- چاپخانەی وەزارەتی پێشمهرگه ٢٠٠٤
٢- مەسعود بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١- ١٩٧٥. چاپی یەکەم- هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پێشمهرگه ٢٠٠٤
٣- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان


