شەهید ڕەسووڵ سالار فەرەج محەمەد، لە ساڵی 1963دا لە شاری بەغدا لەدایک بووە. دەرچووی قۆناغی ناوەندییە و لەبەر ئەوەی باوکی لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولدا دەبێت بە پێشمەرگە، بۆیە لە دەڤەری باڵەکایەتی و قەزای چۆمان نیشتەجێ دەبن. لە ساڵی 1975دا پاش شکستى شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچبەری وڵاتی ئێران دەبێت. لە ساڵی 1979دا گەڕاوەتەوە کوردستان و لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێ دەبن.

 

لە ساڵی 1982دا لە لێژنە ناوچەی هەڵەبجەی سەر بە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت بە پێشمەرگە. هەمان ساڵ لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی لە گوندی شیرەمەریی سەر بە دەشتی شارەزوور کەوتووەتە ناو کەمینی جاشەکانی ڕژێمی بەعس. لەم شەڕەدا ڕەسووڵ سالار بە دژواری بریندار بووە.

 

لە ساڵی 1983دا لەگەڵ دوو هاوسەنگەری بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی دەگەڕێنەوە ناو شاری هەڵەبجە. لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییە پارتیزانییەکە لەلایەن دەزگای ئەمنیی ڕژێمەوە دەستگیر دەکرێن و لە ساڵی 1985دا لە بەر لێبوردنی گشتی دەکەون و ئازاد دەکرێن.

 

لە ساڵی 1985دا پاش ئازادبوون ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و لە ساڵی 1986دا پلەی فەرماندەی مفرازەی لقی چواری هێزی پێشمەرگەی سەر بە لێژنە ناوچەی هەڵەبجەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان وەرگرتووە.

 

لە 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1978دا پاش ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی لە ناو شاری هەڵەبجە و لە کاتی گەڕانەوەدا کەوتوونەتە ناو کەمینی جاشەکانی ڕژێمی بەعس و لە ئەنجامدا ڕەسووڵ سالار شەهید بووە.


 

سەرچاوە:

1. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان