هۆکارەکانی بەستن

لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٦٣ ڕژێم هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان دەستپێکردەوە، بە جۆرێک هەموو هێزە چەکدارەکانی خۆی بۆ گۆڕەپانەکانی جەنگ نارد. هەروەها ڕژێم لەم هێرشانەدا هاوکاریی لە هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکە وەرگرت، بە جۆرێک ڕێگە بە هێزی ئاسمانیی تورکیا و ئێران کە ئەندامی پەیمانی سەنتۆ بوون درا سنووری عێراق ببەزێنن و بنکەکانی پێشمەرگە بۆردومان بکەن، سوپای سووریاش بە زەمینی هاتە ناو خاکی عێراق و هاوکاریی سوپای عێراقی لە ناوچەی بادینان کرد، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش وەک یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا ئەوانیش دەستیان بە هاوکاریکردنی سوپای عێراق کرد.

سوپای کوردستان بۆ بەرگری لە خۆی چەندین بەرەی کردەوە و بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە، لەو ماوەیەدا سەرکردە مستەفا بارزانی چەند نامەیەکی بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی نارد و تێیدا داوای لە سکرتێری حیزب ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسی کرد هەندێک هێرش لە ناوچەکانی خۆیان بۆ سەر سوپا ئەنجام بدەن. بەڵام مەکتەبی سیاسی و بەتایبەت ئیبراهیم ئەحمەد وەڵامی ئەم داوایەیان نەدایەوە، تەنانەت ڕێگرییان لەو فەرماندەیانەش کرد کە بێ مۆڵەتی ئەوان هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی حکوومەت، بۆیە ئەم ڕەفتارانە بووە هۆی ساردی لە نێوان سەرکردە مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد.

لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣، سوپا بە کودەتایەک حکوومەتی بەعسی ڕووخاند، دوای کودەتاکە عەبدولسەلام عارف دەسەڵاتی گرتە دەست و ڕاستەوخۆ داوای لە سەرکردایەتی شۆڕش کرد دانوستان بکەن، لە مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٦٣ و دوای ڕاوێژی سەرکردە بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی دانوستانەکان دەستیپێکرد، عەقید عەبدولڕەزاق مەحموود پارێزگاری سلێمانی وەک نوێنەری حکوومەت گەیشتە ڕانیە و لەگەڵ سەرکردە مستەفا بارزانی و جەلال تاڵەبانی و نوری شاوێس ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبووەوە. لە ئەنجامی دانوستانەکان ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوولا کرا و حکوومەت لە ١٠ی شوباتی ١٩٦٤ بەیاننامەی ڕێککەوتنەکەی دەرکرد کە تێیدا هاتووە (دەوڵەت دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا دەنێت).

لە ١٧ی شوباتی ١٩٦٤، ئیبراهیم ئەحمەد و عەزیز شەمزینی و عومەر مستەفا دەبابە گەیشتنە (سنگەسەر) و لەگەڵ سەرکردە بارزانی کۆبوونەوە، ئەنجامەکەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بوو لەسەر ڕێککەوتنی ١٠ی شوبات. دوای مانەوەی هەفتەیەک لە سنگەسەر ئیبراهیم ئەحمەد و هاوڕێکانی گەڕانەوە شاری ماوەت، لەوێ دیسان دەستیان بە دژایەتیکردن کردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و پێشمەرگەکان ماوەت بەجێبهێڵن و ڕوو لە سەرکردە بارزانی بکەن لە سنگەسەر و پلانی مەکتەبی سیاسییان بۆ ئاشکرا بکەن. دوای گەیشتنی فەرماندەکانی پێشمەرگە سەرکردە بارزانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵیان کرد و دوای ڕاوێژ بڕیاری دا هەموو ئەو فەرماندانەی کە شوێن مەکتەبی سیاسی کەوتبوون لە کار لابدات و فەرماندەی دیکەی متمانەپێکراویان لە جێگە دابنێت. ئەو فەرماندانەی لە کار لادران بریتین لە: جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا دەبابە، عەلی عەسکەری و کەمال موفتی. لە بەرامبەردا، ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسی لە ٩ی نیسانی ١٩٦٤ کۆنفرانسی ماوەتیان بەست و بڕیاریان دا ئەندامێتی سەرکردە مستەفا بارزانی لە سەرۆکایەتی حیزب هەڵپەسێرن.

 دوای هەڵپەساردنی ئەندامێتی سەرکردە مستەفا بارزانی، هێزی پێشمەرگە دابەش بوو بۆ دوو بەرە، بۆ پاراستنی یەکێتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمیتەی باڵای چاودێری و پشکنین پێشنیاری بەستنی کۆنگرەی شەشەمی حیزبی کرد. بۆ ئەم مەبەستە کۆمیتەکە سەردانی ماوەت- بارەگای مەکتەبی سیاسی و سنگەسەر- بارەگای سەرۆکی کرد، لە ئەنجامدا سەرکردە مستەفا بارزانی ڕەزامەندی لەسەر بەستنی کۆنگرە دەربڕی، بەڵام مەکتەبی سیاسی لەگەڵ بەستنی کۆنگرە نەبوو.

بەستنی کۆنگرە

کۆنگرەکە لە ماوەی ١ تا ٧ی تەممووزی ١٩٦٤ لە شاری قەڵادزێ بە ئامادەبوونی ٦٣٩ نوێنەر بەسترا. لە سەرەتای کۆنگرەکە لە ١ی تەممووز، بە فەرمانی سەرکردە مستەفا بارزانی شاندێک کە لە دوازدە نوێنەری کۆنگرە پێکهاتبوو سەردانی ماوەتیان کرد، بۆ بانگهێشتکردنی گرووپی کۆبوونەوەی ماوەت بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرە و خستنەڕووی کێشەکانیان لەوێدا، شاندەکە پێکهاتبوون لە: ئیسماعیل مەلا عەزیز، عەلی هەزار، مەجید ئەتروشی، ئەحمەد ئەتروشی، فاتح محەمەد ئەمین، جەلال مەحموود.. هتد، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە بەشداری لە کۆنگرە بکەن. سەرەڕای دواکەوتنی بەستنی کۆنگرە بۆ چەند ڕۆژێک، بەڵام کارەکانی دەستپێکردەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد کە گرنگترینیان بریتی بوون لە: پێکهێنانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی کۆنفرانسی ماوەت، و دەرکردنی چواردە ئەندام، ئەوانیش: ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوێس، عومەر مستەفا دەبابە، سەید عەزیز سەید عەبدوڵڵا شەمزینی، جەلال تاڵەبانی، عەلی حەمدی، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەلی عەسکەری، ئەحمەد عەبدوڵڵا، حلمی عەلی شەریف، محەمەد حاج تاهیر، مەلا عەبدوڵڵا ئیسماعیل (مەلا ماتۆر)، نوری ئەحمەد تەها و عەلی عەبدوڵڵا.

سەرکردە مستەفا بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە، و کۆمیتەیەکی ناوەندی نوێ هەڵبژێردرا، لە نێوانیاندا (١٤) ئەندام ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆنگرەوە هەڵبژێردران، هەروەها سێ کەس لەلایەن سەرۆکەوە بۆ ئەندامانی سەرکردایەتی کاندید کران، ئەوانیش: مستەفا قەرەداغی، محەمەد ئەمین محەمەد عەلی و عومەر شەریف، نوێنەرانی کۆنگرە سەرۆکیان سەرپشک کردبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەو ئەندامانە.

کۆمیتەی ناوەندی نوێ پێکهاتبوو لە:

١- مستەفا بارزانی سەرۆک

٢- حەبیب محەمەد کەریم سکرتێر

٣- دکتۆر مەحموود عوسمان

٤- ساڵح یوسفی

٥- عەزیز عەقراوی

٦- دکتۆر فوئاد جەلال

٧- یدوڵڵا فەیلی

٨- عەلی قاسم سەنجاری

٩- نوعمان عیسا شەریف

١٠- ئیسماعیل عارف

١١- هاشم حەسەن عەقراوی

١٢- ئیسماعیل مەلا عەزیز

١٣- شێخ محەمەد هەرسین

١٤- مستەفا قەرەداغی

١٥- محەمەد ئەمین محەمەد عەلی

١٦- عومەر شەریف

١٧- ڕەمەزان عەقراوی

١٨- فاتح محەمەد ئەمین

پاشان کۆمیتەی ناوەندی بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سکرتێری هەڵبژارد و هەریەک لە: حەبیب محەمەد کەریم وەک سکرتێر، دکتۆر مەحموود عوسمان، مستەفا قەرەداغی، ئیسماعیل عارف غەفوور و هاشم عەقراوی لەخۆگرت. هەروەها کۆمیتەی باڵای چاودێری و پشکنین ڕاستەوخۆ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە هەڵبژێردران، ئەوانیش: شەوکەت حاج عەلی، فارس کۆرمارکی، محەمەد مەلا قادر، سەبری بۆتانی، مەلا ساڵح حاجی و مەلا حەیدەر محەمەد حوسێن.

هەروەها کۆنگرە سەرکردایەتییەکی نوێی هەڵبژارد و پەسەندی پەیڕەوی ناوخۆی کرد.

سەرچاوەکان

* مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ١٩٥٨-١٩٦١، بەرگی دووەم، (٢٠١٢).

* سەڵاح خەرسان، تەیارە سیاسییەکان لە کوردستانی عێراق، خوێندنەوەیەک لە دۆسیەی بزووتنەوە و پارتییەکان لە عێراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بەیروت – چاپخانەی بەلاغ – ٢٠٠١ز).

* حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (لە وێستگە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ - ١٩٩٣، (دهۆک – چاپخانەی خەبات – ١٩٩٨ز).

* نزار خەیڵانی، ئەسعەد خەیڵانی بیرەوەرییەکانی دەخوێنێتەوە (هەولێر – دەزگای بەدرخان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە - چاپخانەی هێڤی – ٢٠١٤ز).

* عەبدولستار تاهیر شەریف، ململانێ لەگەڵ ژینگە، بیرەوەرییەکانی ١٩٧١-١٩٣٥، بەرگی یەکەم، (کەرکووک – چاپخانەی ئارابخا، ٢٠٠٥ز).

* حوسێن محەمەد عەزیز، پێنج کاتژمێر لەگەڵ (ئیبراهیم ئەحمەد)، (سلێمانی، چاپخانەی سیما، چاپی سێیەم، ٢٠٠٢ز).

* شەکیب عەقراوی، ساڵانی کارەسات لە کوردستان گرنگترین ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان لە کوردستان و عێراق لە ١٩٥٨ تا ١٩٨٠، چاپی دووەم، (هەولێر، چاپخانەی منارە – ٢٠٠٧ز).

* عەلی سەنجاری، دۆزی کوردی و حیزبی بەعسی عەرەبی لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک، چاپخانەی خانی، ٢٠١٢ز).