لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٦٣دا هێرش بۆ سەر کوردستان جارێکی دیکە دەستی پێکردەوە و ڕژێم هەموو هێزە چەکدارەکانی خۆی ڕەوانەی مەیدانەکانی جەنگ کرد، لەم هێرشانەدا ڕژێم لە هێزەکانی ناوچەکەش یارمەتی وەرگرت، هێزی ئاسمانیی تورک و ئێران کە ئەندامی (پەیمانی سێنتۆ) بوون، مۆڵەتیان دا سنووری عێراق ببەزێنن و بارەگاکانی پێشمەرگە بۆردومان بکەن، سوپای سووریا لە ڕێگەی وشکانییەوە هاتە ناو خاکی عێراق و لە بادینان یارمەتی سوپای عێراقی دا، هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک یەکێتیی سۆڤیەت و بەریتانیا دەستیان بە یارمەتیدانی سوپای عێراق کرد.
لشکری کوردستان بۆ پاراستنی خۆی چەندین بەرەی جەنگی کردەوە و لە بەرامبەر هێرشەکان ڕاوەستان، لەم قۆناغەدا چەندین نامە لەلایەن سەرۆک مستەفا بارزانییەوە بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردران و تێیدا داوا لە ئیبراهیم ئەحمەد، سکرتێری پارتەکە و مەکتەبی سیاسی کرا کە چەندین هێرش بکەنە سەر هێزەکانی سوپا لە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام مەکتەبی سیاسی بەتایبەت ئیبراهیم ئەحمەد وەڵامی داواکارییەکانی نەدایەوە و تەنانەت ڕێگرییان لەو فەرماندەیانە دەکرد کە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی حکوومەت، ئەم ڕەفتارانە ساردییەکی لەنێوان سەرۆک مستەفا بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد دروست کرد.
لە ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣دا حکوومەتی بەعس لەلایەن سوپاوە ڕووخێنرا، دوای کودەتاکە عەبدولسەلام عارف دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و ڕاستەوخۆ داوای لە سەرکردایەتیی شۆڕش کرد کە دانوستان بکەن، لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٣دا، دوای ڕاوێژکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی، دانوستانەکان دەستیان پێکرد و پارێزگاری سلێمانی کۆلۆنێل عەبدولڕەزاق مەحموود وەک نوێنەری حکوومەت هاتە ڕانیە و لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی، جەلال تاڵەبانی و نوری شاوێس ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوە و لە دانیشتنەکاندا لەنێوان هەردوو لا ڕێککەوتن دروست بوو و بەیاننامەی پەیمانی ١٠ی شوباتی ١٩٦٤ لەلایەن حکوومەتەوە ڕاگەیەندرا کە (دەوڵەت مافە نەتەوەییەکانی کورد دەناسێت).
لە ڕۆژی ١٧ی شوباتی ١٩٦٤دا ئیبراهیم ئەحمەد، سەید عەزیز شەمزینی و عومەر مستەفا دەبابە هاتنە سەنگەسەر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان بوو لەسەر ڕێککەوتنی ١٠ی شوبات. دوای هەفتەیەک لە سەنگەسەر، ئیبراهیم ئەحمەد و هاوڕێکانی گەڕانەوە ماوەت و لەوێ دیسان دەستیان بە دژایەتیکردنی خۆیان کردەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و پێشمەرگەکان لە ماوەت دەرچوون و چوونە لای سەرۆک بارزانی لە سەنگەسەر و پلانی مەکتەبی سیاسییان بۆ سەرۆک بارزانی ئاشکرا کرد. دوای هاتنی فەرماندەکانی پێشمەرگە، سەرۆک مستەفا بارزانی لەگەڵیان کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و دوای ڕاوێژ بڕیاری دا کە هەموو ئەو فەرماندانەی پەیڕەوی مەکتەبی سیاسی بوون دووربخرێنەوە و لە شوێنی ئەوان فەرماندەی دیکە کە جێگەی متمانەن دابنرێن. ئەو فەرماندانەی دەرکران جەلال تاڵەبانی، عومەر مستەفا دەبابە، عەلی عەسکەری و کەمال موفتی بوون، لە بەرامبەر ئەمەدا ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسی لە ٩ی نیسانی ١٩٦٤دا کۆنفرانسی ماوەتیان بەڕێوە برد و بڕیاریان دا کە مستەفا بارزانی لە سەرۆکایەتیی پارتەکە ڕابگیرێت.
بەهۆی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆک مستەفا بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون و کۆمیتەی باڵای پشکنین و چاودێری پێشنیاری بەڕێوەبردنی شەشەمین کۆنگرەی بۆ پاراستنی یەکڕیزیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. بەم مەبەستەش سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ماوەت و بارەگای سەرۆک لە سەنگەسەریان کرد و لە ئەنجامدا سەرۆک مستەفا بارزانی بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە ڕازی بوو بەڵام مەکتەبی سیاسی لەگەڵ بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە نەبوو.
بەڕێوەبردنی کۆنگرە
کۆنگرە لە ١ تا ٧ی تەممووزی ١٩٦٤ لە شاری قەڵادزێ بە بەشداریی ٦٣٩ ئەندام بەڕێوەچوو، هەر لە دەستپێکی کۆنگرەکە لە ١ی تەممووزدا، سەرۆک مستەفا بارزانی فەرمانی بە شاندێکی دوانزە نوێنەری کۆنگرەکە کرد کە پێکهاتبوون لە ئیسماعیل مەلا عەزیز، عەلی هەژار، مەجید ئەتروشی، ئەحمەد ئەتروشی، فاتح محەمەد ئەمین، جەلال مەحموود بەگ شیوانی و هەندێکی دیکە، سەردانی ماوەت بکەن بۆ ئەوەی گرووپی کۆبوونەوەی ماوەت بەشداریی کۆنگرە بکەن و کێشەکانیان لە کۆنگرەدا پێشکەش بکەن، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆنگرە بکەن. کۆنگرە هەرچەندە چەند ڕۆژێک دواخرا بەڵام دیسان دەستی بە کارەکانی کرد و چەند بڕیارێک دەرکران کە گرنگترینیان دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی کۆنفرانسی ماوەت و دوورخستنەوەی چواردە ئەندامی سەرکردایەتی لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، ئەوانیش ئیبراهیم ئەحمەد، نوری شاوێس، عومەر مستەفا دەبابە، سەید عەزیز شەمزینی، جەلال تاڵەبانی، عەلی حەمدی، عەبدولڕەحمان زەبیحی، عەلی عەسکەری، ئەحمەد عەبدوڵڵا، حیلمی عەلی شەریف، محەمەد حاجی تاهیر و مەلا عەبدوڵڵای ئیسماعیل (مەلا ماتۆر)، نوری ئەحمەد تەها و عەلی عەبدوڵڵا بوون.
سەرۆک مستەفا بارزانی جارێکی دیکە بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و کۆمیتەیەکی نوێی ناوەندیی پارتەکە هەڵبژێردرا، ١٤ لەوان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵبژێردران، سێ کەس لەلایەن سەرۆکەوە بۆ ئەندامێتیی سەرکردایەتی دەستنیشان کران، ئەوانیش مستەفا قەرەداغی، محەمەد ئەمین محەمەد عەلی و عومەر شەریف بوون. ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژاردنی ئەم ئەندامانەیان سپاردبووە سەرۆک.
کۆمیتەی نوێی ناوەندی لەم کەسانە پێکهاتبوو:
١. مستەفا بارزانی، سەرۆک
٢. حەبیب محەمەد کەریم، سکرتێر
٣. د. مەحموود عوسمان
٤. ساڵح یوسفی
٥. عەزیز ئاکرەیی
٦. د. فوئاد جەلال
٧. یادوڵڵا فەیلی
٨. عەلی شەنگالی
١٠. ئیسماعیل عارف
١١. هاشم ئاکرەیی
١٢. ئیسماعیل مەلا عەزیز
١٤. مستەفا قەرەداغی
١٥. محەمەد ئەمین محەمەد عەلی
١٦. عومەر شەریف
١٧. ڕەمەزان ئاکرەیی
١٨. فاتح محەمەد ئەمین.
پاشان کۆمیتەی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سکرتێری هەڵبژاردن کە پێکهاتبوون لە حەبیب محەمەد کەریم - سکرتێر، د. مەحموود عوسمان، مستەفا قەرەداغی، ئیسماعیل عارف و هاشم ئاکرەیی. کۆمیتەی باڵای پشکنین و چاودێری ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵبژێردرا کە لە شەوکەت حاجی عەلی، فارس کۆرامارکی، محەمەد مەلا قادر، سەبری بۆتانی، مەلا ساڵح حاجی و مەلا حەیدەر محەمەد حسێن پێکهاتبوو.
هەروەها لە کۆنگرەکەدا سەرکردایەتییەکی نوێ هەڵبژێردرا و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پەسەند کرا.
سەرچاوەکان:- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ١٩٥٨-١٩٦١، بەرگی دووەم، (٢٠١٢).
- سەلاح ئەلخیرسان، ئەلتەیارات ئەلسیاسییە فی کوردستان ئەلعێراق، قیرائەت فی مەلەفات ئەلحەرەکات و ئەلحیزاب ئەلکوردییە فی ئەلعێراق ١٩٤٦- ٢٠٠١، (بەیرووت- مەتبەعەت ئەلبەلاغ- ٢٠٠١).
- شەکیب ئەقرەوی، سەنەوات ئەلمیهنە فی کوردستان، ئەهەم ئەلەحەدەس ئەلسیاسییە و ئەلەسکەرییە فی کوردستان و ئەلعێراق لە ١٩٥٨- ١٩٨٠، ئەلتەبعە ئەلسانییە، (هەولێر- مەتبەعەت ئەلمەنارە- ٢٠٠٧).
- حەبیب محەمەد کەریم، تارێخ ئەلحیزب ئەلدیموقراتی ئەلکوردستانی-ئەلعێراق (فی میهەتات رەئیسییە ١٩٤٦ - ١٩٩٣)، (دهۆک- مەتبەعەت خەبات- ١٩٩٨).
- نزار خەیڵانی، ئەسعەد خەیڵانی بیرەوەرییەکانی خۆی دەکاتەوە، (هەولێر - وەشخانەی بەدرخان - چاپخانەی هێڤی - ٢٠١٤).
- عەبدولستار تاهیر شەریف، تێکۆشان لەگەڵ ژیاندا بیرەوەری ١٩٧١-١٩٣٥، بەرگی ١، (کەرکووک - چاپخانەی عەرەبخان - ٢٠٠٥).
- حوسێن محەمەد عەزیز، پێنج کاتژمێر لەگەڵ برایم ئەحمەددا، سلێمانی، چاپخانەی سیما، چاپی ٣، ٢٠٠٢.
- عەلی سینجاری، ئەلقەزییە ئەلکوردییە و حیزب ئەلبەعس ئەلئەرەبی ئەلئیشتراکی فی ئەلعێراق ئەلجوزئی ئەلسانی (دهۆک- مەتبەعەت خانی. ٢٠١٢).
- شەکیب ئەقرەوی، سەنەوات ئەلمیهنە فی کوردستان، ئەهەم ئەلەحەوادس سیاسەی و ئەسکەری فی کوردستان و ئەلعێراق لە ١٩٥٨ بۆ ١٩٨٠، ئەلتەبعە ئەلسانی، (هەولێر- مەتبەعەت مەنارە - ٢٠٠٧).
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)، بەرگی یەکەم و دووەم، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆژهەڵات- ٢٠٢١).


