ئیبراهیم تەوفیق ئەحمەد ساڵی ١٩٧١ لە گوندی نۆی سەربە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووە، لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی باریكە نزیک سەیدسادق نیشتەجێ بووە، خوێندنی تا پۆلی دووەمی ناوەندی بەردەوام کردووە. لە ساڵی ١٩٨٨ دوای ئەنجامدانی چاڵاکییەک لە ناو سەیدسادق، دەزگای ئاسایشی سلێمانی ماڵەکەی سووتاندووە و باوک و براکەی محەمەدی بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ لە بینای ئاسایشی سلێمانی دەستگیر کردووە. باوکیشی بەهۆی ئەشکەنجەی توندی دەزگای ئاسایشی سلێمانی چاوەکانی لەدەست داوە.
ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە ڕێکخستنە حیزبییەکانی لیژنەی ناوخۆی پێنجوێن کردووە، سەربە لقی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٨٤ پەیوەندی بە مفرەزەی پێشمەرگەی بە فەرماندەیی عەبدوڵا سەید مەعرووف کردووە، سەربە باڵی سەربازیی لیژنەی ناوخۆی پێنجوێن. بەشداریی چەندین شەڕی کردووە، لەوانە شەڕی ئەحمەد ئاوا لە ساڵی ١٩٨٦، شەڕی قەرداغ لە ساڵی ١٩٨٧، حەماسەی خواکوڕک لە ساڵی ١٩٨٨، و چاڵاکییەکانی شەڕی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور و شاری هەڵەبجە.
لە ساڵی ١٩٨٧ دوای شەڕ لەگەڵ بەکرێگیراوان (جەحشەکان) و سەربازانی ڕژێمی بەعس بریندار بووە، هەروەها ساڵی ١٩٨٨ لە حەماسەی خواکوڕک بۆ جارێکی دووەم بریندار بووە.
ساڵی ١٩٩١ بەشداریی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستانی کردووە، لەوانە ئازادکردنی شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق، ناحیەی نالپەڕێز، ناحیەی عەرەبت، شاری سلێمانی و شاری کەرکووک.
لە ٢٠ی ئاداری ١٩٩١ لە پرۆسەی ئازادکردنی شاری کەرکووک دوای ئەوەی لە ناو بینای دەزگای ئاسایشی بەعسییەکانی شار بە گوللە بریندار کرا، شەهید بوو.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


