جەلال محەمەد ئەحمەد لە ساڵی 1962 لە گوندی دۆڵەسور سەر بە ناحیەی نالپەڕێزی قەزای پێنجوێن لەدایک بووە، گوندی بووە و لە بوارى ئاژەڵداری کاریکردووە، خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە.

لە ڕیزی پێشمەرگە لە مفرازەی حەسەن سەڵە سەر بە ئەفەوجی شەهید ئەبوبەکر بانی بنوکی لە هێزەکانی سۆرەن سەر بە کۆمیتەی ناوخۆی دەربەندیخان لە لقەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. لە چالاکییەکانی شەڕی چریکی لە دەشتی شارەزوور و سنووری عێراق و ئێران بەشدار بوو، هەروەها لە دوو شەڕی ڕەزلە و پارزان لە ساڵی 1981 و شەڕی نالپەڕێز بەشدار بوو؛ لە شەڕی ڕەزلە و پارزان لە ساڵی 1981 برینداری قورس بوو.

لە ساڵی 1982 دوای گەڕانەوەیان لە ئەنجامدانی چالاکییەکی شەڕی چریکی لە گوندی شانیر، کەوتنە کەمینی جاشەکانی سەر بە ڕژێمی بەعس. دوای ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەنێوان هەردوو لایەن، جەلال محەمەد ئەحمەد بە بریندارییەکی قورس بریندار بوو و لەلایەن جاشەکانەوە دەستگیر کرا. دواتر ڕادەستی دەزگای ئاسایش لە شاری سلێمانی کرا و لەوێ بەهۆی ئێعدامکردنی بە ڕەشەباری گولـلەوە شەهید بوو.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئەنسیكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان