ژیاننامە

دکتۆر ناسح غەفوور ڕەمەزان، لە شاری کەرکووک لە ساڵی ١٩٤٨ لەدایکبووە، بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ عەشیرەتی زەنگەنەی فەیلی، کاتێک باوباپیرانی شاری کرماشانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەکان بەجێهێشت و ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە، وەک مامۆستای شۆڕش لە ساڵی ١٩٦٩ لە قوتابخانەی سەرەتایی پێنجوێن دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٦٩ لەلایەن شۆڕشی ئەیلوول لە ناوچەی هەورامانی پارێزگای سلێمانی وەک پشکنەری بەشی پەروەردە دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٦٩ یەکێک بووە لە قوتابیانی خولی یەکەمی مامۆستایانی شۆڕش لە گوندی ناوپردانی سەر بە پارێزگای هەولێر.

لە ساڵی ١٩٧٠ دەستی بە نووسینی شیعر کردووە، لە ساڵی ١٩٧٠ بۆ مەبەستی خوێندن ڕووی لە یەکێتی سۆڤیەت کردووە، لە ساڵی ١٩٧١ لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی کیێڤ وەرگیراوە، لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٧٦ بڕوانامەی ماستەری لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی کیێڤ بەدەستهێناوە، لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٩ بەرگری لە تێزی دکتۆراکەی لە فەلسەفەی مێژوو- مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە لە زانکۆی کیێڤ کردووە کە لە ٢٣ی نیسانی ١٩٨٠ پەسەند کراوە.

لە ساڵی ١٩٨٠ ڕووی لە کۆماری نەمسا کردووە و تا ساڵی ١٩٨١ وەک کۆچبەر لەوێ ماوەتەوە، لە ساڵی ١٩٨١ گەڕاوەتەوە ئێران و تا ساڵی ١٩٨٧ لەوێ نیشتەجێ بووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧-١٩٩١ نوێنەری مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی ١٩٩٠ پەنای بۆ شانشینی سوید بردووە، دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩٦ پلەی پرۆفیسۆری لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە، لە نێوان ساڵانی (١٩٩٧-٢٠٠٨) مامۆستای وانەبێژ بووە لە بەشی یاسا و سیاسەت لە کۆلێژی یاسا و ڕامیاری ئێوارانی زانکۆی سەڵاحەدین (هەولێر)، پلەی پرۆفیسۆری لە زانکۆی مۆسکۆ لە ساڵی ٢٠٠٦ بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ بووەتە ئەندامی ڕێکخراوی نووسەرانی بێ سنوور. شارەزای زمانەکانی (کوردی، تورکی، ئازەری، عەرەبی، ڕووسی، ئۆکراینی، فارسی، ئەڵمانی، سویدی)یە.   

لاپەڕە تێکۆشەرانەکان

لە هاوینی ساڵی ١٩٦٤ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، لە ساڵی ١٩٦٦ بە شانازییەوە ئەندامێتی پارتی پێ بەخشراوە، لە ساڵی ١٩٦٩ لە خولی یەکەمی پەیمانگای ئامادەکردنی مامۆستایانی شۆڕش دەرچووە، لە خولی یەکەمی پەیمانگای ئامادەکردنی کادران لە ساڵی ١٩٦٩ دەرچووە، لە هاوینی ساڵی ١٩٦٦ شەرەفی ئەندامێتی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێ بەخشراوە، لە ساڵی ١٩٦٨ لە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ناو شاری کەرکووک کاری کردووە و بەرپرسی خانە بووە، لە هاوینی ساڵی ١٩٦٩ چووەتە ڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌ لە سنووری چالاکییەکانی لێژنەی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە (١٩٦٩-١٩٧٩) ئەندامی لێژنەی ناوچەی پێنجوێنی سەر بە لێژنەی لقی چوار بووە. 

لە ساڵی ١٩٧٠ ئەندامی کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا بووە، لە نێوان ساڵانی (١٩٧١-١٩٧٦) ئەندامی لێژنەی ڕێکخستنی ئۆکراینای کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە یەکێتی سۆڤیەت بووە، لە ١٦-٢٠ی شوباتی ١٩٧٢ بەشداری لە کۆنگرەی پازدەیەمی کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا (K.S.S.E) لە شاری بوخارستی ڕۆمانیا کردووە، لە نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٨٠) بەرپرسی لێژنەی ڕێکخستنی یەکێتی سۆڤیەتی سەر بە لێژنەی لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨١ ئەندامی لقی لێژنەی لقی شەش - ئەوروپای پارتی بووە، لە ساڵی ١٩٨٠ سەرپەرشتی ڕێکخستنەکانی پارتی لە نەمسا کردووە.

لە ساڵی ١٩٨١ جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه‌ کردووەتەوە، لە ٢٨ی ئەیلوولی ١٩٨١ وەک ئەندامی بەشی ڕاگەیاندن دامەزراوە، لە ساڵی ١٩٨١ بەرپرسی بەشی بڵاوکراوە کوردییەکان بووە، لە ساڵی ١٩٨١ وەک بەرپرسی لێژنەی ناوچەی سلێمانی سەر بە لێژنەی لقی چوار و ئەندامی کارای لێژنەی لقی چوار دامەزراوە، لە (١٩٨٤-١٩٨٥) وەک ئەندامی بەشی ڕێکخستنەکان کاری کردووە، لە (١٩٨٥-١٩٨٦) بەرپرسی لێژنەی ناوچەی سلێمانی سەر بە لێژنەی لقی چوار بووە، لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٥ وەک ئەندامی کارا لە لێژنەی لقی چوار هەڵبژێردراوە، لە ساڵی ١٩٨٧ لە بەشی پەیوەندییەکان لە سووریا کاری کردووە، لە نێوان ساڵانی (١٩٨٨-١٩٩١) وەک توێژەری زانستی لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی یەکێتی سۆڤیەت لە شاری مۆسکۆ کاری کردووە، لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن مندووبی کۆنگره داهەم وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە، لە ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩١ وەک ئەندامی بەش لە بەشی ڕێکخستن دامەزراوە، لە ٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ وەک بەرپرسی پەیمانگای کادرانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان دیاریکراوە، لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ تا ١٨ی شوباتی ١٩٩٢ مامۆستای وانەی پەیڕەو و پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەما سەرەکییەکانی ڕێکخستنە حزبییەکان بووە لە خولی نۆیەمی پەیمانگای کادرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناحیەی پیرمام لە پارێزگای هەولێر.

لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ بە ناوی وەزیر پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی ئازادی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر وتارێکی پێشکەش کردووە، بەڕێوەبەری خولەکانی ١٠، ١١، ١٢، ١٣ی پەیمانگای ئامادەکردنی کادرانی پارتی بووە و تا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوام بووە، لە ساڵی ١٩٩٢ بووەتە ئەندامی پارلەمان کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ٤ی تەممووزی ١٩٩٢ وەک وەزیری پەروەردە (کابینەی یەکەمی حکومەت) دامەزراوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئابی ١٩٩٢ شیعرێکی لە ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن مندووبی کۆنگره یازدەیەم وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردراوە، لە ٢٥ی نیسانی ١٩٩٣ وەک وەزیری پەروەردە لە کابینەی دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، لە ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئایاری ١٩٩٣ وەک وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارلەمانتاری هەرێمی بایرنی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا خاتوو باربێل هامر کردووە، لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٣ بە ناوی وەزیری پەروەردە بەشداری لە کۆنفرانسی زمانی کوردی کردووە کە لەلایەن زانکۆی سۆربۆن و پەیمانگای کوردی لە پاریس ڕێکخرابوو، لە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن مندووبی کۆنگره یازدەیەم وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردراوە، لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ وەک وەزیری پەروەردە بەشداری لە کۆنگرەی ئازادی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە شاری هەولێر کردووە، لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ تا ٢٨ی ئازاری ١٩٩٥ لەگەڵ ٥٨ پەرلەمانتار لە بینای پارلەمان کوردستان لە هەموو لیستەکان مانیان گرتووە بۆ ئیدانەکردنی شەڕی ناوخۆ، لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ کەلوپەلی ماڵەکەی لە هەولێر لەلایەن چەکدارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە تاڵان و دزراوە، لە پایزی ١٩٩٦ بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی و بە یاوەری عەزیز محەمەد و دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ سەردانی مۆسکۆی کردووە بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی دەسەڵاتدارانی ئەو دەوڵەتە بۆ دۆزی کورد، لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٦ ئەندامی لێژنەی خوێندنی باڵا (خولی یەکەم) بووە، لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٦ ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکان لە پارلەمان کوردستان (خولی یەکەم) بووە.   

لە ساڵی ١٩٧٧ بەرپرسی خولی دەیەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە شاری هەولێر، لە ساڵی ١٩٩٨ بوو بە بەرپرسی خولی یازدەیەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، و لە ساڵی ١٩٩٨ مامۆستای بابەتی (حیزبایەتی) بوو لە خولی یازدەیەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ٩ی ئەیلوولی ١٩٩٨ ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا و ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمه‌رگه بوو لە پەرلەمانی کوردستان (خولی یەکەم)، لە ساڵی ١٩٩٩ وتارێکی بە زمانی عەرەبی لە گۆڤاری زاگرۆس بڵاوکردەوە، لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ فەلەکەدین کاکەیی بەشداری لە کۆنفرانسی ڕاگەیاندن لە کوردستان لە شاری مۆسکۆ کرد، لە ساڵی ١٩٩٩ خۆی بۆ ئەندامێتی کۆمیتەی ناوەندی کاندید کرد لە کۆنگرەی دوازدەیەم بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. 

لە ١٤ی ئاداری ٢٠٠٠ ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری بوو بۆ یادی لەدایکبوونی سەرکردەی نەتەوەیی کورد بارزانی نەمر لەلایەن پەرلەمانی کوردستان (خولی یەکەم)، لە ١١ی نیسانی ٢٠٠٠ ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بوو لە پەرلەمانی کوردستان (خولی یەکەم)، لە ساڵی ٢٠٠١ ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی بارودۆخی گوزەرانی کۆچبەرانی کورد بوو لە وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی دەرەوە لە پەرلەمانی کوردستان (خولی یەکەم)، لە ١٧ی ئایاری ٢٠٠١ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە پەرلەمانی کوردستان و تا ئاداری ٢٠٠٦ لەو مناصبی مایەوە، لە ٣-٥ی نیسانی ٢٠٠١ بە نوێنەرایەتی دکتۆر ڕۆژ نوری شاوێس ناسراو بە دکتۆر ڕۆژ شاوێس سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە یەکەم کۆنگرەی ئەکادیمی دەربارەی کەرکووک لە هۆڵی ڕۆشنبیری هەولێر بەشدار بوو و وتارێکی پێشکەش کرد. 

لە ساڵی ٢٠٠١ مامۆستای بابەتی ڕێکخستن و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە خولی دوازدەیەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٠١ بە یاوەری سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی دوازدەیەمی پەیمانگەی کادیران لە شاری هەولێر کرد، لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٢ بوو بە سەرۆکی کاروباری پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان (خولی یەکەم)، لە ساڵی ٢٠٠١ مامۆستای بابەتی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە خولی سێزدەیەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ٣١ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ بوو بە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان (خولی یەکەم)، لە مانگی شوباتی ٢٠٠٣ بە یاوەری دکتۆر ڕۆژ نوری شاوێس ناسراو بە دکتۆر ڕۆژ شاوێس سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان سەردانی کۆماری ڕووسیای کرد. 

لە ١٤ی شوباتی ٢٠٠٤ تا ١٤ی نیسانی ٢٠٠٤ مامۆستای بابەتی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە خولی چواردەیەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠١٣) بەرپرسی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرەپێدانی دیموکراسی بوو لە کەرکووک، لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ کاندیدی لیستی نیشتمانی دیموکراتی کوردستان بوو بە ژمارە ١٦٢ بۆ پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و کاروباری ڕۆشنبیری بوو لە پەرلەمانی کوردستان (خولی دووەم)، لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ بوو بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (خولی دووەم)، لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٠٥ بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بە ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوە و جێبەجێکردنی ماددەی ٥٨ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عراق بۆ قۆناغی گواستنەوە (خولی دووەم)، لە ٢٣ی ئابی ٢٠٠٥ ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو لە پەرلەمانی کوردستان (خولی دووەم)، لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەندامی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی پاراستنی گەلانی هەڕەشەلێکراو بوو. لە ٢٧-٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦ بەشداری لە کۆنگرەی ڕووسیا و جیهانی ئیسلامی لە شاری مۆسکۆ کرد، لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ میدالیای میخائیل لۆمۆنۆسۆڤی لەلایەن لیژنەی نیشتمانی خەڵاتە کۆمەڵایەتییەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا لە مۆسکۆ پێبەخشرا، لە ساڵی ٢٠٠٧ مامۆستای بابەتی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە خولی شانزەیەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٠ کاندیدی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بوو بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عراق، لە ساڵی ٢٠١٤ تاکە کەس بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا کە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی یارییەکانی ئاشتی جیهانی (World Peace Games) قبوڵ کرا، لە ساڵی ٢٠١٠ نوێنەری کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ سەرۆک بارزانی میدالیای بارزانی نەمر پێبەخشی وەک ڕێزلێنانێک بۆ خەبات و قوربانیدانی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و قۆناغی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان.     

لە بەرهەمەکانی:

١- کێن ئەوانەی شۆڕشگێڕن ـ ١٩٨٢.

٢- کێشەی کورد لە ڕێکەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی یەکەمی چواریەکی سەدەی بیستەم ـ ماستەر نامە ـ ١٩٧٦.

٣- کێشەی کورد لە پەیمانی سیڤەر ـ ١٩٧٨.

٤- کێشەی کورد لە سیستەمی پەیوەندی نێودەوڵەتی لە نێوان هەردوو جەنگی یەکەمی و دووەمی جیهانیدا ـ دکتۆرانامە ـ ١٩٧٩.

٥ - چەند لاپەڕەیەکی پێویست لەسەر بیروڕای سۆشیال دیموکراتەکان ـ ١٩٨٢.

یادداشتی ئاوارە ـ ١٩٨١.

٦- سەرەتا گرنگەکانی ڕێکخستنی پارتایەتی ـ ١٩٨٤.

٧- ڕێگای کۆڵنەدان ـ ١٩٨٦.

٨- کادیر کێ یە؟ ـ ١٩٩٨.

٩- کێشەی کورد ئەمڕۆ و ڕۆڵی پ.د.ک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا (بە زمانی رووسی) ـ ١٩٩٠.

١٠- چەند لایەنێک لە کەلەپووری نیشتمانی و خەبات گێڕانەی بارزانی نەمر ـ ٢٠٠٢.

١١- هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردن چی یە و چۆن بەڕێوە دەچێت؟ ـ ٢٠٠٩.

١٢- دەستور چی یە ـ ٢٠٠٩.

١٣- کەلەپوور و ڕیبازی بارزانی نەمر لە تیۆری و پراکتیکدا ـ ٢٠١٠.

١٤- یاسای گشتی نێودەوڵەتی ـ ئامادەی چاپ.

١٥- یاسای دەستووری ـ ئامادەی چاپ.

١٦- کێشە و ململانێی نێودەوڵەتی ـ ئامادەی چاپ. 

سەرچاوەکان:
  1. لیستی ناوی بەشداربووانی دەرنەچووی کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، ٧ تشرینی دووەمی ٢٠١٨ز، ل ١.

  2. ئا.د.ک، وەزیری پەروەردە پێشوازی لە وەفدێکی ئەڵمانیای دەکات، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ١٦٥٨، هەولێر، یەکشەممە، ٣٠ی ئایاری ١٩٩٣ز، ل ٤.

  3. پەرلەمانی کوردستان و... هەڵوێستێکی مێژوویی، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە ٢١١٨، چوارشەممە، ٢٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ز، ل ١.

  4. کۆنگرەی ئازادی دەست بە کاروباری خۆی دەکات، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە ١٧٧٢، هەولێر، یەکشەممە، ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ز، ل ل ١، ٤.

  5. حامید گەوهەری، میدالیای بارزانی بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنان، کتێبی یەکەم، چاپی دووەم، (هەولێر ـ دەزگای خێرخوازی بارزانی ـ ٢٠١٩ز)، ل، ل ل ٤٩٤ ـ ٤٩٦.

  6. ناصر زنگنە، ایل زنگنە در گذر تاریخ، (تهران ـ انتشارات مرکز آموزشی و پژوهشی شهید سپهبد صیاد شیرازی ـ ١٣٩٦ ھ . ش)، ل ل ٩، ١٧، ٢٢ ـ ٢٣، ٤١.

  7. محمد عبدالرحمن زەنگنە، مێژووی عەشیرەتی زەنگنە، چاپی دووەم، (سلێمانی ـ چاپخانەی ڕوون ـ ٢٠١٢ز)، ل ل ٧، ٢٧٣ ـ ٢٧٦.

  8. كنێر عه‌بدوڵڵا، به‌شداری سیاسی ژنان له‌ باشوری کوردستان، (سلێمانی ـ ٢٠١٦ز)، ل ل ٩١، ١٢١.

  9. عەلی جەعفەر، کورد لە تاراوگە، کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا، بەشی دووەم، چاپی دووەم، (ئەستەنبوڵ ـ دەزگای خانی ـ ٢٠٢٠ز)، ل ١٩٤.

  10. که‌له‌پوور و رێبازی بارزانی نه‌مر له‌ تیۆری و پراكتیكدا، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری ـ ٢٠١٠ز)، ل ل ١ ـ ١٣٦.

  11. لیستی نیشتمانیی دیموكراتی کوردستان بۆ پارلەمان کوردستان، ڕۆژنامه‌ی به‌ره‌و هه‌لبژاردن، لیژنه‌ی باڵای راگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ژماره‌ ٥، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری، ٢٢ی كانونی دووه‌می ٢٠٠٥ز، ل ٣.

  12. ووتاری به‌ڕێز وه‌زیری په‌روه‌رده‌، ڕۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن، ئۆرگانی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی کوردستان، ژماره‌ ٤٨، هه‌ولێر، تشرینی دووه‌می ١٩٩٣ز، ل ٢.

  13. بە چاودێری سەرۆک بارزانی.. کۆنگرەیەکی ئەکادیمی لەسەر کەرکوک بەسترا، گۆڤاری گوڵانی عەرەبی، دەزگای گوڵان بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ژمارە ٥٩، ساڵی پێنجەم، هەولێر، ٣٠ نیسانی ٢٠٠١ز، ل ٢٤.

  14. شوان حسێن شینك باڵه‌كی، جه‌وهه‌ر نامق سالم ١٩٤٦ ـ ٢٠١١ ژیان و به‌رهه‌م و ڕۆڵی سیاسی، زانكۆی سۆران فاكه‌ڵتی ئاداب، ٢٠١٦ز، (ماسته‌رنامه‌ی بڵاونه‌كراوه‌)، ل ٨٩.

  15. پاڵێوراوانی لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان، گۆڤاری ده‌نگدان، ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی (ی.ن.ك)، ژماره‌ ١٠ و ١١، سلێمانی، چاپخانه‌ی گه‌لاوێژ، ٢٠٢٠ز، ل ١٠.

  16. سلێمان مسته‌فا حه‌سه‌ن، کورد و یه‌كه‌م ئه‌زمون، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ ٢٠١٧ز)، ل ٢٧٤.

  17. ناوی ١١١ پاڵیوراوی لیستی هاوبه‌شی کوردستانی بۆ پارلەمان کوردستان، ڕۆژنامه‌ی‌ ئاشتی، ژماره‌ ١٩، ساڵی یه‌كه‌م، تاران، شه‌مه‌‌، ٣ی ڕێبه‌ندانی ١٣٨٣ ك . ھ، ل ٣.

  18. عارف روشدی، كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی کورد له‌ ئه‌وروپا له‌ نێوان ساڵانی ١٩٥٦ ـ ١٩٧٥، ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ژماره‌ ٣٢٥٤، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه‌، ٣٠ كانونی دووه‌می ٢٠٢٠ز، ل ٦.

  19. عەلی جەعفەر، کورد لە تاراوگە، کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا، بەشی یەکەم، چاپی دووەم، (ئەستەنبوڵ ـ دەزگای خانی ـ ٢٠١٩ز)، ل ١٨٣.

  20. ناصح غفور رمضان، ٣٧ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ لە یادەوەریدا، گۆڤاری زاگرۆس، وەزارەتی ڕۆشنبیری ـ هەرێمی کوردستان، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، ژمارە ١٠، هەولێر، ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٩٨ز، ل ٩.

  21. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان..

  22. ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش ـ کوردستانی عێراق، مه‌كته‌بی ته‌نفیزی، به‌شی زانیاری و ته‌ندروستی، بڕوانامه‌ی ده‌رچوون، ژماره‌ ٢، ١٩٦٩ز، ل ١.

  23. ئه‌حمه‌د شه‌ریف له‌ك، شرۆڤه‌ی ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ٨٧، ٩٣.

  24. بوار نووره‌دین، کورد و کوردستان بیبلیۆگرافیا و پێڕستیان له‌ كتێبی کوردیدا، به‌رگی دووه‌م به‌شی دووه‌م، (تاران ـ چاپخانه‌ی تاران ـ ٢٠١٦ز)، ل ١٩٧.

  25. سلێمان مسته‌فا حه‌سه‌ن، کورد و یه‌كه‌م ئه‌زمون، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ ٢٠١٧ز)، ل ٢٧٤.

  26. پارتی دیموکراتی کوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی، بڕیار، ژماره‌ ٤٨٦٢، ٢٨ ئه‌یلولی ١٩٨١ز، ل ١.

  27. پارتی دیموکراتی کوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی، بڕیار، ژماره‌ ٨١٩، ٥ تشرینی دووه‌می ١٩٩١ز، ل ١.

  28. پارتی دیموکراتی کوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی، بڕیار، ژماره‌ ٩٣٦، ٨ كانونی یه‌كه‌می ١٩٩١ز، ل ١.

  29. پارتی دیموکراتی کوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی، بڕیار، ژماره‌ ٩٤١٠، ٥ تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٥ز، ل ١.

  30. پارتی دیموکراتی کوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی، بۆ هه‌مو به‌شه‌كانی م.س ی تێكۆشه‌ر، ژماره‌ ٦٧٧٥، ١٨ ته‌موزی ١٩٨٥ز، ل ١.

  31. په‌یمانگای كادیران مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری سیاسی، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژماره‌ ٦٣٢، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه‌، ١٦ ئابی ١٩٩٢ز، ل ٦.

  32. تاڵانكردنی سه‌رو ماڵی هاووڵاتیان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی تاڵانچی به‌رده‌وامه‌، به‌شی یه‌كه‌م، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ٢١١٩، پیرمام، دووشه‌مه‌، ١٣ شوباتی ١٩٩٥ز، ل ٧.

  33. حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ـ چاپخانه‌ی حاجی هاشم ـ ٢٠١٤ز)، ل ل ٤٨٨ ـ ٤٩٠.

  34. حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف، خامه‌ی بێباك، گۆڤاری ده‌نگی پێشمه‌رگه‌، ژماره‌ ١٥٦، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی ئاراس، ئاداری ٢٠١١ز، ل ٧٨.

  35. پەرلەمانتاران ڕووبەڕووی دزی و تاڵانی دەبنەوە لەلایەن (ی.ن.ک)ەوە، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یەکگرتوو، ژمارە ٧٥٧، پیرمام، هەینی، ١٠ی شوباتی ١٩٩٥ز، ل ٢.

  36. دیرۆكی خوله‌كانی كادیرانی پارتی، له‌ شاخه‌وه‌ بۆ شار، (هه‌ولێر ـ سه‌نته‌ری دیراسات و تویژینه‌وه‌ و ئه‌كادیمیای پارتی ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ٧٨، ٩٢ ـ ٩٣، ٩٥، ٩٨، ١٠٤، ١٠٦، ١١٦، ١١٩، ١٢٢، ١٣٦، ١٧٢.

  37. ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ، ئۆرگانی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژماره‌ ١٣١، هه‌ولێر، یه‌كشه‌مه‌، ٥ ته‌موزی ١٩٩٢ز، ل ١.

  38. سەرۆک بارزانی لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی دوازدەهەمی پەیمانگای ئامادەکردنی کادیران: بەوپەڕی توانامانەوە کار دەکەین وەک هەمیشە بۆ ئەوەی پارتی ببێتە هۆکاری خێر بۆ هەموو عێراق، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ١٠٥٤، هەولێر، هەینی، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٠١ز، ل ١.

  39. سمیر صالح، پێنج شار له‌ ئاوێنه‌ی ڕۆژگاردا، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ماردین ـ ٢٠١٦ز)، ل ٤٦.

  40. سه‌رۆك بارزانی : كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سی، چل ملێونی به‌ ئینكاری وجودی لای ئه‌م و ئه‌و چاره‌سه‌ر ناكرێ، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژماره‌ ٣٥٥٣، هه‌ولێر، شه‌مه‌، ١ كانونی یه‌كه‌می ٢٠٠١ز، ل ١.

  41. سید علی موجانی، سولماز صدقی، الهه‌ نعمتی ...، فرهنگ رجال و خاندانهای معاصر عراق، (تهران ـ نشر عظام ـ ١٣٩٢ ھ ش)، ص ١٢٧٦.

  42. شێرزاد سلێمان و بۆتان ته‌حسین، له‌م ڕۆژانه‌دا خولی په‌یمانگای كادیران سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتایی دێت، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ٢٥٣٥، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه،‌ ٢٦ شوباتی ١٩٩٨ز، ل ٥.

  43. صلاح الدین عبدالحمید عبدالله‌، مێژووی هۆزی زه‌نگنه‌، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی ڕه‌هه‌ند ـ ٢٠١٨ز)، ل ل ٨١ ـ ٨١.

  44. طارق جامباز و نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا پیرداود، په‌رله‌مانتارانی خولی یه‌كه‌می پارلەمان کوردستان ـ عێراق ١٩٩٢ ـ ٢٠٠٥، (هه‌ولێر ـ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان ـ چاپخانه‌ی شه‌هاب ـ ٢٠٠٨ز)، ل ل ١٦٢، ١٧٨.

  45. طارق جامباز، په‌رله‌مانتارانی خولی دووه‌می پارلەمان کوردستان ـ عێراق، (هه‌ولێر ـ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان ـ چاپخانه‌ی شه‌هاب ـ ٢٠٠٧ز)، ل ١١٩.

  46. عه‌لی كه‌مال به‌رزی، كه‌سایه‌تی ناودارانی کورد له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ پڕۆژه‌ی به‌رزی ـ چاپخانه‌ی زانكۆ ـ ١٩٩٩ز)، ل ل ٢٨٨ ـ ٢٨٩.

  47. فاتح رسول، چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ مێژووی خه‌باتی گه‌لی كوردمان، به‌رگی یه‌كه‌م، (سوید ـ چاپخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ـ ١٩٧٩ز)، ل ١٠٤،

  48. فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ پارلەمان سه‌ردانی كه‌ركوكیان كرد، گۆڤاری گوڵان، ناوه‌ندی ڕۆشنبیری گوڵان، ژماره‌ ٤٢٩، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، ١٧ نیسانی ٢٠٠٣ز، ل ٤.

  49. کونسوڵخانەی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە عێراق هەولێر، پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەی خوێندن، ژمارە ٤٤٠، ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩ز، ل ١.

  50. كۆبه‌ندی وه‌قایعی کوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ خانه‌ی ئه‌ربیل بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ ـ ٢٠١٢ز)، ل ل ٨، ١٠، ١٤، ٢٥٧، ٤٦٧.

  51. كۆبه‌ندی وه‌قایعی کوردستان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ خانه‌ی ئه‌ربیل بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ ـ ٢٠١٢ز)، ل ٥١٧.

  52. كۆبه‌ندی وه‌قایعی کوردستان، به‌رگی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ خانه‌ی ئه‌ربیل بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ ـ ٢٠١٢ز)، ل ل ١٢٠٧، ١٢٥٠، ١٢٧٦.

  53. لیسته‌ی ناوی پاڵیوراوانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی له‌ کوردستان، ڕۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن، ئۆرگانی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی کوردستان ـ عراق، ژماره‌ ٢٦، ئایاری ١٩٩٢ز، ل ٤.

  54. محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه‌ كورته‌ مێژووی پارتی و كولتووری بارزانیی نه‌مر، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ـ ٢٠٠٧ز)،ل ٩٧.

  55. کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عراق، ڕۆژنامه‌ی التآخي، خولی سێیه‌م، خانه‌ی التآخي بۆ چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌، ژماره‌ ٤٤١٠، شاری به‌غدا، سێشه‌ممه‌، ٢٢ شوباتی ٢٠٠٥ز، ل ١٠.

  56. مه‌لا فاروق شوانی، هه‌موو کورد، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری ـ ١٩٩٧ز)، ل ١١٣.

  57. ن.بێباك، هه‌ست و .. بڕیاڕ، په‌یمانگای كادیران مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری سیاسی، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژماره‌ ٦٣٣، هه‌ولێر، چوارشه‌مه‌، ١٩ ئابی ١٩٩٢ز، ل ٥.

  58. ناسیح غه‌فوور ره‌مه‌زان، ڕێگای كۆڵنه‌دان، (کوردستان ـ چاپخانه‌ی خه‌بات ـ ١٩٨٦ز)، ل ل ١ ـ ٨.

  59. ناصح غفور رمضان، چه‌ند لایه‌نێك له‌ كه‌له‌پووری نیشتمانی و خه‌بات گێڕانه‌ی بارزانی نه‌مر، (هه‌ولێر ـ مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پێشمه‌رگه‌ ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٢ز)، ل ٣٦.

  60.  ناصح غفور رمضان، چۆنیه‌تی پێگه‌یاندنی كادیری پارتایه‌تی، (هه‌ولێر ـ ١٩٩٨ز)، ل ل ٤، ٤٥ ـ ٤٧.

  61. ناو و ژیانی وه‌زیرانی حكومه‌تی کوردستان، ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ، ئۆرگانی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژماره‌ ١٣٢، هه‌ولێر، دووشه‌مه‌، ٦ ته‌موزی ١٩٩٢ز، ل ٢.

  62. هه‌رێمی کوردستانی عراق، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی فێركردنی باڵا، سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین / هه‌ولێر، ڕێبه‌ری ده‌رچوانی ١٩٩٩ ـ ٢٠٠٠، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ـ ٢٠٠٠ز)، ل ١٨٣.

  63. هه‌رێمی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق، پرۆتۆكۆله‌كان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ١٩٩٧ز)، ل ل ٢٨٧ ـ ٢٨٨.

  64. هه‌رێمی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق پرۆتۆكۆله‌كان ـ ١٩٩٢، به‌رگی حه‌وته‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ١٩٩٧ز)، ل ٣٤٢.

  65. هه‌رێمی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق پرۆتۆكۆله‌كان ـ ١٩٩٢، به‌رگی سێزده‌یه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ـ ١٩٩٨ز)، ل ل ٢٦٧، ٢٧١.

  66. هه‌رێمی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق پرۆتۆكۆله‌كان ـ ١٩٩٨، به‌رگی هه‌ژده‌یه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ١٩٩٩ز)، ل ل ٣٠، ٣٨.

  67. هه‌رێمی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق، پرۆتۆكۆله‌كانی ٢٠٠٤ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق، به‌رگی سی و دوو، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز)، ل ٧٥.

  68. هه‌رێمی کوردستانی عراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق، پرۆتۆكۆله‌كانی ساڵی (٢٠٠٥)ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستانی عراق، به‌رگی سی و پێنج، (هه‌ولێر ـ ٢٠٠٧ز)، ل ل ٣، ٦.

  69. هه‌رێمی کوردستانی عێراقی فیدرال، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، كۆلیژی یاسا و ڕامیاری ئێواران، خۆیه‌تی، ژماره‌ ٢/٢/٨٣٤، ٢٥ تشرینی دووه‌می ٢٠٠٩ز، ل ١.

  70. وریا جاف، مێژووی ده‌نگی کوردستانی عراق، (دهۆك ـ چاپخانه‌ی خه‌بات ـ ٢٠٠٢ز)، ل ل ١٣٧، ١٣٩.