ساڵح ڕەشید، ناسراو بە فەقێ ساڵح، لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی ڕزڵەی سەر بە ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن لەدایک بووە. گوندنشین بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوند تەواو کردووە و بۆ تەواوکردنی خوێندن و زانستە ئایینییەکان ڕووی لە قەزای پێنجوێن کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٦ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پێشمەرگە لە سەریەی شێخ محەمەد باساکیی سەر بە فەوجی نۆی شەهید دڵشاد، لە چوارچێوەی هێزەکانی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کردووە؛ فەتاح ئاغا فەرماندەی فەوج بووە. 

لە ساڵی ١٩٦٧ پلەی فەرماندەی پەل و ئەرکی نووسەری سەریەکەی وەرگرتووە.

لە ٢٤ی ئایاری ١٩٦٩ هێزەکانی ڕژێمی عێراق هێرشیان کردە سەر پێگە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە دەوروبەری ناحیەی خورماڵ. فەقێ ساڵح لە سەنگەری بەرگریی خۆیدا، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی سوپا لە گوندی ئاوايی ڕەستم، دوای ئەوەی لەلایەن سەربازانی ڕژێمەوە گوللەباران کرا، شەهید بوو.

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان