بەردەوامبوونی چالاکییەکان و لێدانی هێزەکانی حکومەت لە زۆرێک لە ناوچەکان هێز و ورەیەکی زیاتری بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگه و شۆڕشی شەڕی پارتیزانی بەخشی، لە ٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٦، هێزێکی پێشمهرگه بە سەرکردایەتی شیمال زێباری بەرپرسی لێژنەی ناوچەی شێخان بڕیاریان دا کمینێک لەو ناوچەیەی نێوان سوارتوکا و زاویته دابنێن، دوای ئەوەی زانیارییان پێ گەیشت کە هێزێکی سوپاى عێراق پێکهاتوو لە دوو زرێپۆش و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری ئیڤا لە کاتێکی زووی بەیانیاندا بۆ پشکنین و پاسەوانیکردنی ڕێگەکە لە نێوان سوارتوکا و زاویته دەگەڕێن.
بەڵام ئامانجی سەرەکییان ڕێگریکردن بوو لە جووڵەی پێشمهرگه لە ناوچەکەدا[1] شایەنی باسە بەشێک لە شەڕ و چالاکییەکانی هێزی پێشمهرگه کوردستان بریتی بوو لە دانانی کمین کە دەیتوانی زیانی گەورە بە هێزە سەربازییەکانی حکومەت بگەیەنێت[2].
هێزەکانی پێشمهرگه کە ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم چالاکییەیان پێ سپێردرابوو لە (٥٠) پێشمهرگه پێکهاتبوون کە خۆیان ئامادە کرد و ئەم پلانانەیان دانا:
- گرووپێکی (١٠) کەسی لە پێشمهرگه لە خوارەوەی ڕێگەکە خۆیان حەشاردا تا هێزە سەربازییەکانی حکومەت لێیان نزیک دەبنەوە و بتوانن تەقەیان لێ بکەن.
- گرووپێکی دیکەیان کە چەکی قورسی وەک ڕەشاش و بی کەی سییان پێ بوو لە سەرەوەی ڕێگەکە چاودێری بارودۆخەکەیان دەکرد. ئەگەر گرووپی یەکەمی پێشمهرگه ئەرکەکەی خۆیان جێبەجێ کرد، ئەوا بەرگری لە هێزەکانی پێشمهرگه لە شوێنی ڕووداوەکە دەکەن، و تەقە لە سەربازە نزیکەکان لە ناوچەکە دەکەن، هەروەها ڕێگرییان لێ دەکەن ئەگەر ویستیان بۆ فریاکەوتنی هێزە تێکشکێنراوەکانیان لە دهۆک و سەرسەنگەوە بێن[3].
سەرجەم هێزی پێشمهرگه بە شەو جووڵەیان کرد تا گەیشتنە شوێنێکی نزیک لە شوێنی چالاکییەکە، پاشان ئەو گرووپەی پێشمهرگه کە بڕیار بوو لە ژێر ڕێگەکە خۆیان حەشار بدەن بەرەو شوێنی دیاریکراوی خۆیان چوون و کمینێکیان دانا، گرووپی دووەمیش لە دووری ٣٠٠-٤٠٠ مەتر لە گرووپی یەکەمەوە بوون و لە شوێنی دیاریکراودا بڵاوەیان پێ کرا.
لەگەڵ کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیاندا هێزەکانی پێشمهرگه چاوەڕێی گەیشتنی هێزە سەربازییەکان بوون، بەڵام دواکەوتن، هێزەکانی پێشمهرگه کەمێک نیگەران بوون لە نەهاتنیان، بەڵام گومانیان کرد کە ئاگادار کرابێتنەوە و پلانەکەیان ئاشکرا بووبێت. بۆیە بڕیاریان دا تەقە لە هەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بکەن کە بە ڕێگەکەدا تێپەڕ دەبێت، کاتێک کاتژمێر بوو بە حەوتی بەیانی، لەناکاو ئۆتۆمبێلێکی ئیڤا کە پڕ بوو لە سەرباز لە سەرسەنگەوە بەرەو دهۆک هات، دەستبەجێ کاتێک ئۆتۆمبێلە سەربازییەکە گەیشتە لایان، لە هەردوو لای ڕێگەکەوە هاتنە دەرەوە و بە قازیفەی ئار پی جی و کڵاشینکۆف تەقەیان لێ کرد و ئۆتۆمبێلەکەیان تێکشکاند، سەرجەم سەرنشینەکان کوژران تەنها یەک سەرباز نەبێت کە ڕزگاری بوو و بە دیل گیرا، پێشمهرگه لەنێو سەربازە کوژراوەکاندا گەڕان و چەکەکانیان کۆکردەوە کە بریتی بوون لە کڵاشینکۆف.
لەو ساتەدا هێزێکی سەربازی لە دهۆک و هێزێکی دیکە لە سەرسەنگەوە بۆ ڕزگارکردنی سەربازەکانیان گەیشتن، پێشمهرگه و سەربازەکان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و شەڕەکە گەرم بوو، تانک و زرێپۆشەکانی سوپا هەوڵیان دا بگەنە ئۆتۆمبێلە تێکشکێنراوەکە، بەڵام بەهۆی بەرگری بەهێزی پێشمهرگه نەیانتوانی، شەڕەکە تا نیوەڕۆ بەردەوام بوو و هێزەکانی پێشمهرگه کۆبوونەوە و بڕیاری کشانەوەیان دا.
رژێمی عێراق زۆر بێزار و نیگەران بوو لە چالاکییەکانی پێشمهرگه، چونکە هێزەکانی پێشمهرگه هەر کات و هەر شوێنێک بیانویستایە هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانیان و زیانی گەورەیان پێ دەگەیاند، وەک تۆڵەسەندنەوەیەکیش سوپا ناوچەی مزووری تۆپباران کرد[4].
سەرچاوەکان:- مهسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارەم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
- شیمال زێباری: هندەك ڕاستیێن ڤهشارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕۆژههڵات، ههولێر – ٢٠١٥.
- سوارەتوكاhttps:// ٣arf.org/wiki/
[1] شیمال زێباری: هندەك ڕاستیێن ڤهشارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕۆژههڵات، ههولێر – ٢٠١٥، ل٣٥٢.
[2] مهسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارەم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٦٢.
[3] شیمال زێباری: هەمان سەرچاوە، ل٣٥٢.
[4] شیمال زێباری: هەمان سەرچاوە، ل ٣٥٤


