دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ئاداری ١٩٧٥، سەرکردایەتی کوردی بیری لە بەردەوامیدان بە شۆڕش و گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانەکانی خەبات لە ڕێگەی چالاکییەکانی پێشمه‌رگه کردەوە، هەرچەندە سەرکردایەتی شۆڕش لەو ماوەیەدا لە بارودۆخێکی پەنابەرێتی و لەژێر چاودێری ئێران‌دا دەژیا، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا توانی دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش بدۆزێتەوە، و هێزی پێشمه‌رگه‌ی نارد بۆ ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بۆ ئەوەی بە گوێی ڕژێمی عێراقدا بدات کە شۆڕش بەردەوامە و بەرگریکردن لە مافەکانی کورد شتێکی سەختە لێی ببووردرێت[1].
دیارە خەباتی شۆڕشی کوردی ئەمجارە چەندین چالاکی پێشمه‌رگه‌ی لەملا و لەولا لەخۆگرت بەدوور لە شەڕی بەرەکان، بۆ ئەوەی ڕژێمی عێراق بە ئاشتی نەژی و هەست بە ئاسایش و سەقامگیری نەکات بە هەر هۆکارێک بێت، ئەوەش لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٦ بوو کە شۆڕشی چەکداری دەستی پێکردەوە و ئومێدی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا گەڕاندەوە، ئەم هەنگاوە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کورددا بوو[2]. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان لە ماوەی شۆڕشدا چەندین چالاکی سەربازییان لە ناوچە جیاجیاکان ئەنجامدا، و گورزی بەهێزیان لە یەکە سەربازی و ئەمنییەکان و چەکدارەکانی سەر بە ڕژێمی عێراق وەشاند.
ئەو چالاکییەی کە دەمانەوێت لەم دێڕانەدا باسی بکەین شەڕی شرانشە لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان شرانش و دەشتی تەخی لە قەڵای سەلمان لە ناوچەی سندی، دیارە هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان هەمیشە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕان بۆ وەشاندنی گورز لە یەکەکانی سوپاى عێراق، لە بەیانی ڕۆژی ١٨ی ئابی ١٩٧٦، هێزێکی سوپاى عێراق کەوتە کمین ی هێزێکی پێشمه‌رگه و شەڕێکی توند لە نێوان هەردوولادا دروست بوو، دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە هێزی پێشمه‌رگه توانیان زیانی گەورە بە هێزی سوپاى عێراق بگەیەنن، کە بووە هۆی کوژرانی دوازدە سەرباز و لەنێو کوژراوەکاندا ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب و ئەوی دیکە بە پلەی ملازم یەکەم و شۆفێرێک بە پلەی عەریف هەبوون و لەنێو کوژراوەکاندا کەسانی دیکە بە پلەی جیاواز هەبوون، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک چەکی جۆری کڵاشینکۆف[3].
هەرچەندە ئەو جۆرە چالاکییانەی پێشمه‌رگه ئەنجامی دەدا نەچووە بواری ئازادکردنی ناوچەیەک کە کۆنترۆڵی بکات و پێوەی پابەند بێت، بەڵام گورزێک بوو بۆ یەکە سەربازییەکانی سوپا لە چوارچێوەی چالاکییەکانی شەڕی پارتیزانی شۆڕش و ورەی بەرزی هێزی پێشمه‌رگه لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنەکەیدا، لە هەمان کاتدا پەیامێک بوو بۆ ڕژێمی عێراق کە شۆڕش لە بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان بەردەوامە.
سەرچاوەکان: - غازی عادل گه‌ردی: پێشمه‌رگه‌یه‌ك له خزمه‌ت بارزانیدا، به‌رگی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، توركیا- ٢٠٢١.
- مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆرشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
- جەمال فه‌تحوڵڵا ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر-٢٠١٢.
[1] غازی عادل گه‌ردی: پێشمه‌رگه‌یه‌ك له خزمه‌ت بارزانیدا، به‌رگی دووه‌م، چاپی دووه‌م، توركیا- ٢٠٢١، ل٤٦.
[2] جەمال فه‌تحوڵڵا ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان ١٩٧٦-١٩٨٠، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر-٢٠١٢، ل١١
[3] مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆرشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٥١.


