عومەر مستەفا لە ساڵی ١٩٢٣دا لە گەڕەکی قەڵاتی شاری کۆیە لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کۆیە و کۆلێژی یاسای لە بەغدا (١٩٤٦-١٩٥١) تەواو کردووە.
خەباتنامەعومەر مستەفا لە ساڵی ١٩٤٨دا لە بەغدا تێکەڵی ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کورد بوو، لە ساڵی ١٩٥١دا لە بەغدا لە دووەمین کۆنگرەی نهێنی پارتیدا و بە دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) هەڵبژێردرا، لە هەمان ساڵدا بەهۆی خەباتی سیاسییەوە کەوتە زیندان، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا ئازاد کرا.
لە ساڵی ١٩٥٣دا و لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) هەڵبژێردرا و پاشان بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٥٦دا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی دەستنیشان کرا، لە ساڵی ١٩٥٩دا لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)یەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردرا.
لە دەستەی ٦٠ کەسییەکەی داواکاری مۆڵەتی فەرمی کارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ قۆناغی کاری ئاشکرا، لە ساڵی ١٩٦٠دا، لە کۆنگرەی پێنجەمدا، بە دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)، لە ساڵی ١٩٦١دا نوێنەری مەکتەبی سیاسی پارتی بوو بۆ لای سەرۆک مستەفا بارزانی بۆ ئاگادارکردنەوەی لە هێرشی حکوومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان و گەیاندنی هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی لەسەر ئەم بابەتە.
لە ساڵی ١٩٦٢دا بەشداری کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەودالانەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو و لە هەمان ساڵدا بەشداری شەڕی قشڵەی ڕایات بوو، لە ساڵی ١٩٦٣دا لە لایەن سەرکردایەتی شۆڕشەوە بۆ پۆستێکی باڵا لە حکوومەتی عێراق دەستنیشان کرا، لە ساڵی ١٩٦٣دا بەشداری کۆنگرەی گشتی کۆیە بوو و پاشان وەک ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەستنیشان کرا، یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆبوونەوەی ماوەت بوو کە لە مانگی نیسانی ١٩٦٤دا ئەنجام درا، هەر لە ساڵی ١٩٦٤دا تێکەڵی گرووپی جەلال تاڵەبانی-ئیبراهیم ئەحمەد دەبێت و لە کۆنگرەی شەشەمدا بە زۆرینەی دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە لە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) دەردەکرێت، لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٢دا لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد و لە کۆیە بە خاک سپێردرا. زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی باش دەزانی.
سەرچاوە:-ئەرشیڤی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


