ململانیی شارەزوور یەکێک بوو لە ململانییەکانی دیکەی پێشمه‌رگه بە بەشداریی هێزەکانی بەرەی جود، لە نێوان سەید سادق و هەڵەبجە و زەڕایەن و دەربەندیخان تۆمار کرا و سێ ڕۆژی خایاند، بەرەی جود لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٠ لە نێوان پارتییە کوردستانییەکان وەک پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی سۆسیالیستی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق و حزبی گەلی دیموکراتی کوردستان و حزبی سۆسیالیستی کوردی (پاسۆک) دامەزرا، ناوەکەشی کورتکراوەی بەرەی نیشتمانیی دیموکراتییە، ئامانج لە دامەزراندنیشی یەکێتیی پارتییە کوردستانییەکان بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی بەرەیەکی یەکگرتوودا.
سەرەتای ڕووداوەکانی ململانیی شارەزوور دەگەڕێتەوە بۆ هێزی پێشمه‌رگه کە لە گوندی شیرمەرەوە بەرەو گیلەک و گردی قازی و تەپەزیرینە چوون بۆ گەڕان و لێدانی دامەزراوە سەربازییەکانی ڕژێمی بەعس، هێزی پێشمه‌رگه ڕۆژێک لە گوندەکانی تەپەسەرقولە و کەشیری و قاجر و گردی شەریف و دۆڵاش لە ناوچەی شارەزوور مانەوە، هەر لەو ڕۆژەدا هێزێکی گەورەی سوپا و بەکرێگیراوان (جاش) بە پاڵپشتیی تانک و تۆپهاوێژ و فڕۆکە هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمه‌رگه لە تەپەسەرقولە و کەشیری و چەمی زەڵم، هێزی پێشمه‌رگه بە سەرکردایەتیی محەمەد حاجی مەحموود و نادر هەورامی و ئازاد قەرەداغی کە بەرپرسی بەرەی جود بوون لە ناوچەکە، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا کاتژمێر ٤ی عەسر شەڕیان کرد و لەم ململانییەدا دەیان سەرباز و چەکداری حکوومەتی بەعس کوژران، چوار لە هێزی پێشمه‌رگه شەهید بوون کە ئەمانەن: محەمەد قوتە و بەرزان ساڵح و محەمەد سەراوی و سیروان سەعدوون کەرکووکی، لەگەڵ هاووڵاتییەک بە ناوی غەریب لە دانیشتووانی گوندی تەپەسەرقولە، دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە هێزەکانی حکوومەت پاشەکشەیان کرد بۆ سەربازگەی سەید سادق.
سەرچاوەکان:
1- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، 1975-1990 شۆرشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021.
2- نوری حه‌مه عه‌لی، مێژووی تێكۆشانی پێشمه‌رگه‌یه‌ك له نێوان ژیان و مه‌رگدا، چاپخانه‌ی شه‌هاب، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر – 2016.
3- سه‌ید كاكه، بیروه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ك، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، چاپی یه‌كه‌م، 1997.
4- جه‌مال فهتحوڵله ته‌یب، بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان 1976-1980، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر-2012.


