ژیاننامە

مەلا محەمەد ئەمین مەلا حاجی مەحمود، کە بە مەلا محەمەد ئەمین گویزڵینگەیی ناسراوە لە ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی گویزڵینگە لە دەڤەری باڵەکایەتی سەر بە قەزای چۆمان لەدایک بووە، دوای هەڵوەشاندنەوەی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ مەلا محەمەد ئەمین و خێزانەکەی ئاوارەی ئێران دەبن و بۆ شاری ئەسفەهان دەگوازرێنەوە، ٥ کوڕ و ٢ کچی هەن، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی گویزڵینگە لە قەزای چۆمان بە خاک سپێردراوە.

خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٥٨ پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە کردووە و بووەتە کارگێڕی ڕێکخستنی هەڵگورد لە کەرکوک، مەلا محەمەد ئەمین گویزڵینگەیی لە کەرکوک سەرباز بووە و لە ساڵی ١٩٦١ لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول پەیوەندی بە شۆڕشەوە کردووە و گەڕاوەتەوە دەڤەری باڵەکایەتی.

دوای ساڵێک پێشمەرگایەتی، مەلا محەمەد ئەمین لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بێشە لە قەزای سمێلان، بۆ یەکەمجار مستەفا بارزانی دەبینێت، لە هەمان دیداردا دەبێتە جێگەی متمانەی مستەفا بارزانی، لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداری داستانی بەرسیڕین دەکات، لە گرتنی بنکەکانی ناوچەی گەلاڵە و ڕایات ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا و دوای ئەو سەرکەوتنانە مەلا محەمەد ئەمین لەگەڵ مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی چوونە دەڤەری بێتوێن، لە ساڵی ١٩٦٤ لەگەڵ هاوڕێکانی دەگەڕێتەوە دەڤەرەکە و لە دەرگەڵە، هاودیان و دێڵزیان بنکەی خۆی دادەمەزرێنێت، چەندین داستانی پڕ سەروەری تۆمار دەکەن، لە ساڵی ١٩٦٧ بە فەرمانی سەرکردایەتی دەبێتە ئەندامی بەشی سەربازی مکتب سیاسی، لە ساڵی ١٩٧٠ دەبێتە ئەندامی ناوچەی باڵەک و لە دادگای شۆڕشدا کارەکەی بەردەوام دەکات.

دوای تێکچوونی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی ئێران بوو و بۆ شاری ئەسفەهان گوازرایەوە و لەوێ بوو بە سەرۆکی ڕێکخستنی ئەسفەهانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵی ١٩٨٣ بوو بە سەرۆکی ئیدارەی بارەگای سەرکردەی نەمر ئیدریس بارزانی لە حاجی ئۆمەران، لە ساڵی ١٩٧٩ بوو بە کارگێڕی ناوچەی باڵەکی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە نێوان ساڵانی ١٩٨١ و ١٩٩٣، کارگێڕی لقی دوو و بەرپرسی بەشی دارایی و شەهیدان بووە.

لە ساڵی ١٩٨٨ وەک فەرماندەی هێزی لقی دوو بەشداری داستانی خواکورکی کردووە و ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە و لەو داستانەدا بریندار بووە.

لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا لە ئازادکردنی کوردستان بەشدار بووە و لە ئازادکردنی کەرکوکدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

لە کۆنگرەکانی ٧ تا ١٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان وەک ئەندام بەشدار بووە و لە کۆنگرەی ١١ لە ساڵی ١٩٩٣ کاندیدی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لە ساڵی ١٩٩٣ دوای کۆنگرە وەک کارگێڕی لقی ١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستنیشان کراوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ بووەتە ئەندامی دەزگای ئەیلوول لە سۆران، لە ٢٠٠٧ دەبێتە ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلوول، ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی ١٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەهۆی ڕۆڵی بەرچاوی لە ناو حزب و پێشمەرگەدا، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی پێشکەش کراوە.

سەرچاوە: