چیای کۆڕەک، یەکێکە لە چیا ستراتیژییەکانی ناوچەکە، کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی چیاکە لەلایەن هەر هێزێکی سەربازەوە، مەترسی بۆ سەر شاری ڕواندز و دەشتی دیانا و دەوروبەری کە پێی دەوترێت حەوزی سۆران دروست دەکات، و بۆ هێزەکەی دیکە سەخت دەبوو لە ناوچەکەدا خۆڕاگر بێت. هەرچەندە سوپاى عێراق پێشتر هێزەکانی خۆی لە گاردیزۆنی ڕواندز و گوندی باڵەکیان تا ناوچەی سەیبێک لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی خەلیفان کشاندبووەوە، بەڵام لە لووتکەی چیای کۆڕەک نەکشابووەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ساڵی ١٩٧٤ هێزی پێشمهرگه چەند جارێک هێرشیان کردە سەری، بەڵام نەیانتوانی بەسەریدا زاڵ بن چونکە سوپاى عێراق بەهۆی چەکە پێشکەوتووەکانییەوە توانی بەرگری لە ناوچەکە بکات.
شوێنی جوگرافیی چیای کۆڕەک لە نێوان گەلی عەلی بەگ و چیای کۆڕەزدا جیا دەکاتەوە. لە هێرشێکدا بۆ سەر کۆڕەز لە نیسانی ١٩٧٤، هێزی پێشمهرگه دەستیان بەسەر پێگەکانی سوپاى عێراقدا گرت. هەرچەندە سوپاى عێراق چەند جارێک هەوڵی دا کۆنتڕۆڵی بکاتەوە و پێشڕەوییەکەی بۆ دەشتی دیانا و ناوچەی باڵەکایەتی درێژ بکاتەوە، بەڵام شکستی هێنا.
لەگەڵ گەلی عەلی بەگ، سوپاى عێراق دەیویست هێرش بکات و پێشڕەوییەکەی لە ڕێگەی هامڵتۆنەوە بەردەوام بکات. بەڵام هێزی پێشمهرگه بۆ پاراستنی ئەم پێگەیە و پووچەڵکردنەوەی پلانی هێرشی سوپاى عێراق، ڕێگاکانیان مینڕێژ کرد و خۆیان بۆ تەقاندنەوەی پردەکان ئامادە کرد، تا تانک و زرێپۆشەکانی سوپاى عێراق نەتوانن تێپەڕن.
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکە هێزی پێشمهرگه چەند پردێکیان لەسەر ڕێگاکە تەقاندەوە، لە کاتێکدا سەربازەکان خەریکی چاککردنەوەی پردەکان بوون و دەستەی ئەندازیاریش مینەکانیان لادەبرد بۆ کردنەوەی ڕێگاکە. دەستی پێکرد تۆپخانەی شۆڕش کە لە بەرزاییەکانی چیای باڵەکیان و بابەشتین جێگیر بوون، بە توندی تۆپبارانیان کردن و ڕێگەیان نەدا ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، هێرشەکەیان شکستی هێنا، بۆیە فەرماندە سەربازییەکانی سوپا، بە یارمەتیی ڕاوێژکارە ڕووسەکان، بیریان لە ڕێگەیەکی دیکەی هێرشکردن کردەوە.
لە پاڵ هێرشەکانی سەر کۆڕەز و گەلی عەلی بەگ، لە مانگی نیساندا، سوپاى عێراق هێرشی کردە سەر پێگەکانی پێشمهرگه لە بناری چیای کۆڕەک لە سەرووی تاڤگەی بێخاڵ و سەرچیا. بە پشتیوانیی فڕۆکە جەنگییەکان و چەکی قورس و ژمارەیەکی بێشوماری سەرباز، سوپاى عێراق لە سەرەتادا توانی دەست بەسەر هەندێک شوێندا بگرێت وەک (دارقەسپ) و کۆرنووک، کە بووە هۆی قوربانی لە هەردوولا. بەڵام هێزی پێشمهرگه لە ١٩ی نیسانی ١٩٧٤ هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی پێگەکانیان و دەرکردنی سوپاى عێراق، و توانییان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بگەڕێنەوە پێگەکانی خۆیان.
لە ٨ی ئابی ١٩٧٤، سوپاى عێراق بە سەرکردایەتیی فەریق ئیسماعیل تەی نەعیمی هێرشێکی گەورەی دیکەی کردە سەر چیاکانی کۆڕەک و کۆڕەز. بۆ ئەوەی تێپەڕن بە پێگەکانی پێشمهرگه و دەستبەسەرداگرتنی ڕواندز و دەشتی دیانا، بەڵام بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە نەیتوانی پشت بە تانک و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان ببەستێت، هێزی پێشمهرگه بە توندی بەرگرییان لە هێرشەکە کرد، کە بووە هۆی شکستی سوپاى عێراق و پاشەکشەکردنیان. تەنانەت ٤٠٠ تەرمیان لە مەیدانی شەڕەکەدا بەجێهێشت. لەو شەڕەدا شەش لە پێشمهرگه شەهید بووە، شایانی باسە تۆپخانەی شۆڕش بە سەرکردایەتیی عەلی دۆڵەمەری ڕۆڵێکی گرنگیان لە تێکشکاندنی هێرشی سوپاى عێراق گێڕا.
سوپاى عێراق بەم شکستە کۆڵنەدا، بەڵکو ستراتیژییەکەی گۆڕی و بیری لە پلانێک کردەوە کە زۆر لە خەیاڵی پێشمهرگه دوور بوو. بە سەرکردایەتیی موقەدەم ڕوکن عەبدولوەهاب، لە تاریکیی شەودا ڕێگەیەکیان لە لووتکەی چیای کۆڕەکەوە بۆ خوارەوە، لە نێوان کۆڕەک و بێخاڵ چاک کردەوە، بە بەکارهێنانی بولدۆزەری قورس بۆ لابردنی بەردەکان و کردنەوەی ڕێگا بۆ تانک و زرێپۆشە سەربازییەکان.
لە بەیانیی ١٨ی ئابی ١٩٧٤، سوپاى عێراق کە پێکهاتبوو لە پیادەی چیای پێنجەم لە لیوای چوارەم و کەتیبەی تانکی دووەم لە هێزی زرێپۆشی هەشتەم بە تانکی سۆڤیەتی T٥٥ و زرێپۆشی ئەمریکی M١١٣ هێرشیان کرد. لە لووتکەی چیاکەوە دابەزین تا گەیشتنە ڕێگەی بێخاڵ.
بارودۆخەکە بە قازانجی سوپاى عێراق گۆڕا و پێشمهرگه پێگەکانیان چۆڵ کرد و پاشەکشەیان کرد. تانکەکانی سوپاى عێراق چوونە ناو شاری ڕواندز، و لە دیوی پشتەوە بە چیای بابەشتیندا سەرکەوتن بەرەو ئەو تۆپەی کە لە خوارەوەی چیاکە دانرابوو و دەڕوانییە سەر گەلی عەلی بەگ بۆ پشتیوانیکردنی هێزی پێشمهرگه لە چیای کۆڕەز و گەلی عەلی بەگ و بناری کۆڕەک. بەتایبەت لە گەلی عەلی بەگ کە سەربازانی سوپاى عێراق بەهۆی ئەو تۆپەوە نەیانتوانی لە کانی ماران پێشڕەوی بکەن. ئەوان ئاگاداری گەیشتنی تانکەکانی سوپاى عێراق نەبوون بۆ سەر پێگەکانی هێزی پێشمهرگه کە سێ پێشمهرگهی تێدا بوو، و هەموویان بە دیل گیران.
سوپاى عێراق لەم هێرشەدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا؛ چونکە بە هەموو هێزی خۆیەوە بۆ ماوەی پێنج مانگ هەوڵی دەدا بگاتە ڕواندز و دیانا. دوای ئەم ڕووداوە هێزی پێشمهرگه لە کۆڕەزەوە بەرەو دیانا لە دیوی پشتەوە پاشەکشەیان کرد، و بێخاڵیان لە دیوی بناری چیای کۆڕەک بەجێهێشت و بەرەو بنکاوڵ و بەرزیوە پاشەکشەیان کرد، و هێڵی بەرگرییان لە دۆڵی ئاکۆیان و هەندرێن و زۆزک و تەنگەی عومەرئاغا دامەزراند.
سەرچاوەکان:١- دیمانه لهگهڵ قادر حهسهن سیتكانی پێشمهرگهی شۆرشی ئهیلوول ٣١/١٢/٢٠٢٢.
٢- غازی عادل گهردی، پێشمهرگهیهك له خزمهت بارزانیدا ... حهجی بێڕۆخی، بهرگی یهكهم، چاپی دووهم، ٢٠٢٠، ل٤٤٦-٤٤٨.
٣- سهنگهر ئيبراهيم خۆشناو، ڕوداوه سهربازيهكانى شۆڕشى ئهيلوول١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يهكهم، ههولێر، ٢٠٢٢، ل٢٠١-٢٠٢.
٤- ئهرشیفی دەستەی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
٥- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی سێیهم، بهشی دووهم، چاپی یهكهم، ههولێر ٢٠٠٤، ل١٥٧.
٦- دیمانه لەگەڵ محمد عزیز عمر، پێشمهرگهی شۆڕشی ئهیلوول، ١٨/١/٢٠٢٣


