هۆکارەکانی بەستنی کۆنفرانس

دوای گۆڕانی بارودۆخ لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردایەتی کورد و سەرۆکی کۆماری عێراق عەبدولکەریم قاسم تێکچوو، لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١، بڕیاری دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول دژی زۆرداری حکومەت درا.

لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕش، کاری حزبی و ڕێکخراوەیی جارێکی دیکە شێوەیەکی نهێنی وەرگرت، چالاکییەکان لە پەناوە بەردەوام بوون، حکومەتی عێراق دەستی کرد بە دەرکردن و دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی، دەستگیرکردنەکان ئەندامانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانیشی بە شێوەیەکی بەرفراوان گرتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە کۆلێژەکانی شاری به‌غدا و باشووری عێراق دەیانخوێند.

لەو ماوەیەدا، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، لە ئەندامانی سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە و خوارتر، و بەرەو چیاکانی کوردستان چوون.

بەڕێوەبردنی کاری کۆنفرانس

بەهۆی دەستگیرکردن و شەهیدبوونی هەندێک لە سەرکردە و ئەندامانی، لە ئازاری ١٩٦٢، بۆ ڕێکخستنەوەی خۆیان و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بەسەر ڕێکخراوەکەدا سەپێنراو، یەکێتی قوتابیانی کوردستان کۆنفرانسێکی نهێنی لە شاری به‌غدا بەست و چەند بڕیارێکی دەرکرد. لە نێوان بڕیارەکانی کۆنفرانسدا پشتیوانی شۆڕشی ئەیلوول و گرنگیدان بە کێشە پیشەیی و زانستییەکانی قوتابیانی کوردستان بوو، حەیدەر حەمزە وەک سکرتێر درێژەی بە خەباتی خۆی لە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دا، و سکرتاریەتێکی نوێ لەلایەن نوێنەرانی کۆنفرانسەوە بەم شێوەیەی خوارەوە هەڵبژێردران:

 

١- سەروەر کاکە حەمە

٢- مەئمون دەباغ

٣- ئەحمەد شەریف لەک

٤- حەیدەر حەمزە

٥- فوئاد مەلا مەحمود

٦- عادل ناسر

٧-  تەیب جەبار بەرواری

٨- حیکمەت خانەقینی.

گرنگترین بڕیارەکانی کۆنفرانس بریتی بوون لە پشتیوانی شۆڕشی کورد و فەرماندەکەی و پێشکەشکردنی هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌. ڕێکخستنی قوتابیە نوێیەکان کە پەیوەندییان بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە دەکرد. گرنگیدان بە بەشداری قوتابیانی کورد لە ڕێکخراوە پیشەیی و ئەکادیمییەکان.

 سەرچاوە و پەراوێزەکان:

١- عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ٣٥.

*- سەبارەت بەشوێنى بەڕێوەچوونى کرنفرانس، بۆچونى جیاواز بەدى دەکرێن، لە چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکرێت کە کۆنفرانس لە ناوچەیەکى کوردستان ئەنجام دراوە بەڵام ئاماژە بە شوێنەکە نەکراوە و ساغ نەکراوەتەوە. ماجد حسن علی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة الصلاحدین فى اربیل ٢٠٠٨، منشوراة سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم)، ص ١٤٦.

٢- ئه‌حمه‌د شه‌ریف له‌ك، شرۆڤه‌ی ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ مێژوویی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپى یەکەم، (هەولێر- چاپخانەى رۆژهەڵات- ٢٠١٦)، ل ١٠٥.

٣- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨)، ل ٢٣؛ ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٤٦.