پێشەکییەکی مێژوویی

دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ و پەیوەستبوونی سەرجەم ڕێکخراوە سیاسەتمەدارەکان لە باشووری کوردستان بەم پارتەوە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کوردی لە باشووری کوردستان گواستەوە قۆناغێکی نوێ، لەم قۆناغەدا و بە هەستکردن بە گرنگی پێگەی چینە چالاک و کاریگەرەکانی کۆمەڵگە و سوودوەرگرتن لە تواناکانیان، سەرکردایەتی پارت هەوڵیدا چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ڕێکبخات، لەوانەش چینی قوتابیان، کە چینی ڕۆشنبیر و کاریگەرترین چینی کۆمەڵگە بوون.

لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان، وەک سەرجەم پارتییەکان و ڕێکخراوەکانی تری عراق، هەوڵیدا بەشداری لە پرسە گرنگەکانی وڵاتدا بکات، ئەمەش بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی قوتابیانەوە بوو، کە چالاکترین ئەندامانی پارت بوون و بەشدارییەکی کاریگەریان لە ڕووداوەکانی وڵاتدا هەبوو، بەڵام لەو کاتەدا چالاکییەکان لە چوارچێوەی یەکێتی گشتی قوتابیانی عراقدا بوو کە کۆمۆنیستەکان بە تەواوی کۆنترۆڵیان کردبوو، هەرچەندە پەیوەندی باش لە نێوان قوتابیانی کورد لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی کۆمۆنیستی عێراق هەبوو.

سەرەتای هەوڵەکانی قوتابیانی کورد بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە خۆیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی خوێندنی ١٩٤٦-١٩٤٧، کاتێک قوتابیانی کورد لە قوتابخانەی ناوەندی کۆیە ڕێکخراوێکی نهێنییان بە ناوی (کۆمەڵەی پێشکەوتنی پەروەردەیی) دامەزراند. لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، ڕێکخراوەکە پەیڕەو و بەرنامەی تایبەت بە خۆی نەبوو، هەرچەندە ئەندامانی لە ناو خانەیەکی ٣٠ کەسیدا ڕێکخرابوون.

بۆ یەکەمجار لە عێراق و لە ساڵی ١٩٤٨، کۆنگرەی سباع لە ١٤ی نیسان بڕیاری دروستکردنی ڕێکخراوێکی قوتابیانی دا بە ناوی (یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق). قوتابیانی کورد ڕۆڵێکی گەورەیان لە سەرکەوتنی ئەم کۆنگرەیەدا بینی و هەڵبژاردنی مندووبی کۆنگره لە (٥٢) قوتابخانە ئەنجامدرا، لە مناطق کوردی نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ کۆنگرەکە سەرکەوتن، بۆیە بڕیاردرا لقی یەکێتی قوتابیانی کوردستان-عێراق بۆ کاروباری قوتابیانی کورد بکرێتەوە.

 دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لەو کاتەدا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبوو، جیاوازی لە ئامانج و ئایدیۆلۆژیاکان بووە هۆی ئەوەی قوتابیانی کورد زیاتر لە قوتابیانی عێراق جیاببنەوە، تا گەیشتە ئەوەی بوون بە دوو بزووتنەوەی تەواو جیاواز، کە هەریەکەیان هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی دەدا. ئەم هۆکارانە سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان-ی ناچار کرد بە جددیتر بیر لە دروستکردنی ڕێکخراوێکی قوتابیانی کوردی لە چوارچێوەی پارتدا بکاتەوە، لە کۆنگرەی سێیەم لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣ بڕیاری دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی دا، لەوانە بڕیاری دامەزراندنی ڕێکخراوی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان)، دوای بڕیاری کۆنگرە، قوتابیانی کورد دەستبەجێ جوڵان و کۆنگرەی یەکەم-یان لە ١٨ی شوباتی ١٩٥٣ لە شاری به‌غدا بە نهێنی بەست.

کۆنگرەکە لە ماڵی (زیاد حەمە ئاغای کۆیە) لە نزیک ناوچەی بابولموعەزەم بەسترا، بە ئامادەبوونی پەنجا مندووبی کۆنگره لە کۆلێژەکانی زانکۆی به‌غدا و شارەکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و مووسڵ،

 هەریەک لە ئەحمەد عەبدوڵڵا ئامێدی، جەلال تاڵەبانی، شەمسەدین محەمەد موفتی، حلمی عەلی شەریف، حەیدەر حەمەد ئەمین، محەمەد فەرەج، غەفوور ڕەشید ئاغا، فایەق سەبری و ژمارەیەک قوتابی تر ڕۆڵێکی گەورەیان لە سەرکەوتنی کۆنگرەکەدا هەبوو.

کۆنگرەکە دوو ڕۆژی خایاند و دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بڕیاردرا دوو کمیسیۆن دروست بکرێت، یەکێکیان بۆ هەموارکردنی بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ و ئەوی تریان بۆ دەرکردنی بڵاوکراوەیەک لەسەر هۆکار و گرنگی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە، پاشان دەنگدان بۆ دیاریکردنی سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت دەستی پێکرد، لە ئەنجامدا ئەحمەد عەبدوڵڵا ئامێدی وەک یەکەم سەرۆک و جەلال تاڵەبانی وەک سکرتێری ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. لە ڕووی دەسەڵاتەوە، سەرۆک پلەیەکی ڕەمزی بوو و بڕیاردان و دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکان بە پلەی سەرەکی لە ئەستۆی سکرتێر و سکرتاریەتدا بوو(٦). حەوت ئەندامەکەی سکرتاریەت بەم شێوەیە هەڵبژێردران:

١-  شەمسەدین محەمەد موفتی

٢-  فازڵ سەعید ئاغا

٣- عومەر مستەفا (دەبابە)

٤-  کەمال موحیەدین

٥-  حلمی عەلی شەریف

٦-  حەیدەر حەمەد ئەمین

٧- غەفوور ڕەشید ئاغا.

پاشان کۆمیتەی باڵا (مەکتەبی سکرتاریەت) جەمال شالی-یان وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆلێژەکانی زانکۆی به‌غدا دیاریکرد. دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەکە، کتیبچەیەک بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی "بۆچی یەکێتی قوتابیانی کوردستان؟" بڵاوکرایەوە و لقەکانی یەکێتی لە زۆربەی شارەکان وەک به‌غدا و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و کۆیە و ڕەواندز و خانەقین و مووسڵ کرانەوە و چالاکییەکان فراوان و پەرەیان پێدرا.

دوای ساڵێک کارکردن وەک سەرۆکی ڕێکخراوەکە، ئەحمەد عەبدوڵڵا ئامێدی لە ساڵی ١٩٥٤ دوای دەرچوونی لە پەیمانگای باڵای مامۆستایان و دامەزراندنی وەک مامۆستا دەستی لەکار کێشایەوە، و شەمسەدین محەمەد موفتی لە جێگەی ئەو وەک سەرۆکی ڕێکخراوی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) دیاریکرا.

بەو شێوەیە کار و چالاکییەکانی قوتابیانی کورد لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکەی خۆیان لە (یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق) جیاکرایەوە، قوتابیانی ئەندامی ڕێکخستنەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ و خەباتی خۆیان لە ناو ڕێکخراوی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) تەرخان کرد. بۆ پەرەپێدانی زیاتری بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و شۆڕشگێڕی و خزمەتکردنی قوتابیان لە باشووری کوردستان.

سەرچاوەکان:

١- ماجد حەسەن عەلی، بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، نامەی ماستەر/زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ٢٠٠٨، بڵاوکراوەکانی سپیرێز، (هەولێر- چاپخانەی حاجی هاشم).

٢- عیرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، چاپی یەکەم، (هەولێر-چاپخانەی ڕۆژهەڵات-٢٠١٢).

٣- یەکێتی قوتابیانی کوردستانی عێراق- لێژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی ناوەندی مەکتەبی سکرتاریەت، قوتابیانی کوردستان بۆ پێویستی بە بوونی ڕێکخراوێکی تایبەتی هەیە، (کانوونی یەکەمی ١٩٧٣).

٤- دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژوو پارتی دیموكراتی كوردستان کۆنگرە کۆنفرانس (پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ)، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆژهەڵات- ٢٠٢١).

٥- سەڵاح ڕەشید، مام جەلال دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری، بەشی یەکەم، چاپی دووەم، (سلێمانی- چاپخانەی کارۆ- ٢٠١٧).

٦- گۆڤاری خەباتی قوتابیان، لە دیدارێکی تایبەتدا سەرۆک تاڵەبانی وردەکاری دامەزراندنی (ی.ق.ک) دەخاتە ڕوو، ژمارە ١٠٩، (حوزەیرانی ٢٠١٢).