ئەو ماوەیەی نێوان کۆنگرەی دووەم و سێیەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، کە نزیکەی شەش ساڵی خایاند، گۆڕانکاری گەورەی بەسەر بارودۆخی سیاسی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی هێنا. لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ و ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، و دامەزراندنی کۆماری عێراق، و گەڕانەوەی سەرکردە مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە یەکێتی سۆڤیەت، و تۆمارکردنی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان وەک پارتێکی سیاسی کورد لە عێراق، و دەستپێکردنی قۆناغی کاری ئاشکرای یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوو.
سەرکەوتنی شۆڕش لە عێراق کاری حزبی و ڕێکخراوەیی لە وڵاتدا، بەتایبەت لە ناوچەکانی کوردستان گەیاندە قۆناغێکی نوێ کە پێی دەوترێت قۆناغی کاری ئاشکرا، لەم قۆناغەدا یەکێتی قوتابیانی کوردستان، وەک تاکە ڕێکخراوی قوتابیان لە کوردستان، بە خێرایی دەستی بە کردنەوەی لێژنە و لقەکانی لە زۆربەی ناوچەکان و فراوانکردنی چالاکییەکانی کرد.
دوای چەند ڕۆژێک لە سەرکەوتنی شۆڕش، سەرکردایەتی یەکێتی قوتابیان بڕیاری دا کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام بدات، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی پشوودانی وێستگەی شەمەندەفەری هەولێر بە ئامادەبوونی زۆربەی سەرکردایەتی و نوێنەرانی شارەکانی هەولێر و کەرکوک و سلێمانی و ڕەواندز بەسترا. لە ئەنجامدا، شێوازەکانی کاری دوای شۆڕش و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق دیاریکرا.
دوای سەرکەوتنی شۆڕش، پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق بەرەو خراپبوون چوو، ئەوەی دوایی خۆی لە پێگەیەکی بەهێزتردا بینی، چونکە زۆربەیان کۆمۆنیست بوون و پشتیوانی سەرۆک عەبدولکەریم قاسم-یان هەبوو، بەبێ گوێدانە ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ یەکێتی قوتابیان، ڕێکخراوەکە دەستی بە کردنەوەی بارەگای لاوەکی لە شارەکانی کوردستان کرد و لقی تایبەتی خۆی لە هەولێر کردەوە، کە ناوی لێنرا یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق. لە ئابی ١٩٥٨ قوتابییە کۆمۆنیستەکان لێژنەیەکیان پێکهێنا بە ناوی لێژنەی باڵای یەکێتی قوتابیانی عێراق و ئەم لێژنەیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥٨ بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە مۆڵەتی پێدرا.
ئەمە یەکەم مۆڵەتی فەرمی بوو بۆ ڕێکخراوێکی قوتابیان، و ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٥٨ وەک وادەی هەڵبژاردنی قوتابیان لە عێراق دیاریکرا. بارودۆخی نوێ یەکێتی قوتابیانی ناچار کرد تا ڕادەیەک بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، بەتایبەت کە بەشێک لە مكتب سیاسی پارتی پشتیوانی لە تێکەڵکردنی ڕێکخراوە دیموکراتییە کوردییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە دیموکراتییە عەرەبییەکان لە عێراق لەژێر چەتری حزبی شیوعی عێراق دەکرد.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان بە لیستێک بە ناوی (بەرەی دیموکراتی یەکگرتوو) بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد کە نوێنەرایەتی قوتابیانی کورد و عەرەب و لەگەڵ یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق دەکرد. لە ئەنجامدا، زۆربەی نوێنەرانی لیستەکە، بەتایبەت نوێنەرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە زۆربەی ناوچەکان سەرکەوتن، ئەمەش جارێکی دیکە قورسایی و پێگەی یەکێتی قوتابیانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دەرخست(4).
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و لە ماوەی ١٦ بۆ ٢٠ی شوباتی ١٩٥٩ کۆنگرەیەکی گشتی قوتابیان لە شاری بهغدا بەسترا کە یەکێتی قوتابیان وەک نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری تێدا کرد، لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا هەردوو ڕێکخراوی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) و (یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق) تێکەڵ بکرێن و ڕێکخراوێکی هاوبەشی نوێ بە ناوی (یەکێتی گشتی قوتابیانی کۆماری عێراق) دروست بکرێت، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بۆ کاروباری قوتابیانی کوردستان و دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی تایبەت بە خۆیان بە ناوی (خەباتى قوتابیان).
سەرەڕای بڕیارەکانی کۆنگرەی گشتی قوتابیان، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی کورت لە نێوان هەردوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان و (یەکێتی گشتی قوتابیانی کۆماری عێراق)، بەهۆی جیاوازی بۆچوونە سیاسییەکان، هەردوو لا هەوڵیاندا ناکۆکییەکان لە ڕێگەی بەستنی کۆنگرەی دووەم چارەسەر بکەن، بەڵام هەوڵەکان ئەنجامی ئەوتۆی نەبوو، لە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٠، شاندێکی کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا بەشداری کرد، و چەندین پرس تاوتوێ کرا، لە ئەنجامی ئەم کۆنگرەیەدا، یەکێتی قوتابیانی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی نوێنەرەکەی بۆ سکرتاریەتی یەکێتی گشتی قوتابیانی کۆماری عێراق دەربڕی، و کەمال موحیەدین بۆ ئەو مناصبی دیاریکرا. سەرەڕای هەموو ناکۆکی و کێشەکانی نێوانیان، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ڕێکخراوەکە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی کورد و حکومەتی کۆماری عێراق بەتەواوی پچڕا، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١.
پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق بەرەو خراپتر چوو، لە ساڵی ١٩٦٠ شەشەمین کۆنگرەی جیهانی قوتابیان لە شاری بهغدا بەسترا، حکومەتی عێراق و یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق ڕێگەیان بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان نەدا بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکات، تەنانەت ڕێگرییان لە شاندی کۆمەڵەی قوتابیانی کورد لە ئەوروپا کرد بۆ هاتن بۆ شاری بهغدا و بەشداریکردن لە کۆنگرەکە، جگە لە داخستنی بارەگاکانی یەکێتی قوتابیان لە شارە جیاوازەکانی عێراق بە شێوەیەکی دووبارە.
بەستنی کۆنگرەی سێیەمدوای بێئومێدی تەواوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە دروستکردنی ڕێکخراوێکی گشتی قوتابیان کە هەموو مافە داواکراوەکانی قوتابیانی کورد دابین بکات و مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکات و پاشگەزبوونەوەی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق لەو بەڵێنانەی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و قوتابیانی کوردی دابوو، و خراپبوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حکومەتی عێراق، یەکێتی قوتابیانی کوردستان بڕیاری دا کۆنگرەی سێیەمی خۆی ببەستێت بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی و کرانەوە بە ڕووی پشتیوانی تەواو بۆ داواکارییەکانی گەلی کورد لە عێراق.
دوای ئامادەکارییەکان، کۆنگرەکە لە ئازاری ١٩٦١ لە گەڕەکی کەسرەی شاری بهغدا، بە دروشمی "با نەورۆز ببێتە هاندەرێک بۆ یەکخستنی خەباتی قوتابیان لە کوردستانی عێراق" بەسترا و سێ ڕۆژی خایاند.
چەند بۆچوونێکی جیاواز لەسەر کات و شوێنی بەستنی کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی قوتابیانی کوردستان هەیە. لەوانە بەستنی کۆنگرەکە لە ساڵی ١٩٥٧ لە گەڕەکی ئەعزەمییەی شاری بهغدا. یان لە ١٨ی ئازاری ١٩٦١ لە سلێمانی، یان لە ١٩ی ئازاری ١٩٦١ لە سلێمانی.
سەبارەت بە مێژووی بەستنی کۆنگرەکە هیچ بەڵگەنامەیەکی بەردەست نییە کە ئاماژە بە ساڵی ١٩٥٧ بکات، هەروەها پەیڕەو و بەرنامەی هەموارکراوی کۆنگرەکە خۆی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦١ و بۆچوونەکان سەبارەت بە شوێنی بەستنی کۆنگرەکە جیاوازن، شاری بهغدا گونجاوترین شارە بەپێی توێژینەوەکان.
کۆنگرەکە سێ ڕۆژی خایاند و بارودۆخی سیاسی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە ناوچەکانی کوردستان تاوتوێ کرد و هەڵیسەنگاند، کۆنگرەکە بڕیاری دا پەیڕەوی ناوخۆ هەموار بکاتەوە و سکرتێرێکی نوێ و سکرتاریەتێکی نوێی بەم شێوەیە هەڵبژارد:
١- سەرۆر کاکەحەمە دەرویش، سکرتێر
٢- فوئاد ئەحمەد بابان
٣- حەیدەر حەمزە خدر
٤- حەمە چاوشین
٥- مەئمون دەباغ
لە هەمان کۆنگرەدا لێژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری قوتابیان پێکهێنرا و ئەندامەکانی پێکهاتبوون لە:
١- تەیب جەبار بەرواری
٢- کەمال عەبدولکەریم زێدان
٣- محەمەد پێنجوێنی
٤- مستەفا پشدەری
٥- عەزیز ساڵح
٦- جەمیلە سابیر قادر، ئەندامی یەدەگ
دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و پەیوەستبوونی ئەندامانی یەکێتی قوتابیان بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە، مەئمون دەباغ و حەمە چاوشین کە ئەندامی سکرتاریەت بوون پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، و سەرۆر کاکەحەمە، سکرتێری یەکێتی قوتابیان، ساڵی ١٩٦٢ لەلایەن دەزگای ئاسایشی گشتی سەر بە حکومەتی عێراقەوە دەستگیرکرا، و حەیدەر حەمزە خدر بۆ پڕکردنەوەی ئەو مناصبی بەتاڵە دیاریکرا و تا بەستنی کۆنگرەی چوارمی بە سکرتێر مایەوە.
سەرچاوەکان:١- عیرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢).
٢- ماجد حەسەن عەلی، بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، نامەی ماستەر/زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ٢٠٠٨، بڵاوکراوەی سپیرێز، (هەولێر- چاپخانەی حاجی هاشم).
٣- ساسان عەونی، یەکێتی قوتابیانی کوردستان چەند لایەنێکی تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە- ١٩٩٨).
٤- گۆڤاری گوڵان، دەزگای گوڵانی ڕاگەیاندن، ژمارە ٢١، هەولێر، ٢٥ شوباتی ١٩٩٨ز.
٥- ئهحمهد شهریف لهك، شرۆڤهی ڕووداوه مێژووییهكان چهند لاپهڕەیهك له مێژووی نهتهوهیهك، بهرگی یهكهم، چاپی دووهم، (ههولێر ـ چاپخانهی ڕۆژههڵات ـ 2019ز).
٦- پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی قوتابیانی کوردستان - عێراق، کۆنگرەی سێیەم، (بێ شوێن - ١٩٦١ز).
٧- كهمال عهبدولكهریم غیدان ئهلراودی، گۆڤاری خهباتی قوتابیان، ئۆرگانی یهكێتی قوتابیانی كوردستان، ژماره 85، (ههولێر، چاپخانهی ڕۆژههڵات، حوزهیرانی 2009).


