لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیدا چووەتە ناو ڕیزەکانی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا. لە ساڵی ١٩٦٤ لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا چووەتە کووبا و دیدارێکی لەگەڵ فیدڵ کاسترۆ ئەنجام داوە. لە ساڵی ١٩٦٦ بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لابردنی سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا لەو پارتە دەرکراوە. لە ساڵی ١٩٦٨ بووەتە ئەندامی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی و لە کاتی شەڕی ناوخۆیی نێجیریا، لەگەڵ خاچی سوور چووەتە بیافرا.

 

لە ساڵی ١٩٧١ بە ئەزموون وەرگرتن لە خاچی سووری نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنووری دامەزراندووە و لە کاتی شەڕە ناوخۆییەکاندا هاوکاریی بریندارانی شەڕ و ئەو نەخۆشانەی کردووە کە ناوچەکانیان لەلایەن حکوومەتەکانەوە گەمارۆ درابوون. دواتر بەهۆی جیاوازیی بیر و ڕا لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، ڕێکخراوەکەی بەجێ هێشتووە.

 

لە ساڵی ١٩٨٠ ڕێکخراوێکی دیکەی بۆ هەمان مەبەست بە ناوی ڕێکخراوی پزیشکانی جیهانی (Médecins du Monde) دامەزراندووە. لە ساڵی ١٩٨٠ لە شەڕی ناوخۆیی لوبناندا کاتێک کەمپی پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی بەیرووت لە گەمارۆدا بوو، لە نزیکەوە هاوکاریی شیعەکان و ئیمام مووسا سەدر دەکرد. لە ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ گروپێک گەیشتە ناوچەی ئالانە لە نێوان سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا بریندار و نەخۆشەکانی ناوچەکەی چارەسەر کردووە. لە ساڵی ١٩٨٦ کاتێک شەڕ و پێکدادان لە باشووری کوردستان و لە بیافرا و لە ئەتیۆپیا و سووداندا لە ئارادا بوو، دکتۆر بێرنارد کۆشنەر لە نزیکەوە بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ئەو هەرێمانەوە چووە. لە سۆماڵ کیسەی برنجی دەگەیاندە خەڵکی برسی و بۆ ئەوەی لە مردن ڕزگاریان بکات. ئەو کارانەی بوونە هۆی ناساندنی وەک کەسایەتییەکی خۆشەویستی جیهانی.

 

لە ساڵی ١٩٨٨ لە سەردەمی سەرۆکایەتیی فرانسوا میتێراندا لە فەرەنسا چووە ڕیزەکانی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا. لە ساڵی (١٩٩٢-١٩٩٣) لە حکوومەتی سۆسیالیستی فەرەنسیدا وەزیری تەندروستی بوو. لە ساڵی ١٩٩٤ بە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا هەڵبژێردرا. لە ساڵی ١٩٩٧ وەک نوێنەری وڵاتی فەرەنسا بە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا هەڵبژێردراوە. هەمان ساڵ دوای تەواوبوونی ماوەی بەرپرسیاری لە پەرلەمانی ئەورووپا، دووبارە بووەوە وەزیری تەندروستی و تا ساڵی ١٩٩٩ لەو پۆستەدا ماوەتەوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٠ تا ٢٠٠١ لە وڵاتی کۆسۆڤۆ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٢ دووبارە پۆستی وەزیری تەندروستی لە وڵاتی فەرەنسا وەرگرتووە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٧ لە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا بێرنارد کۆشنەر، پشتیوانیی لە ماریا سێگۆلێن ڕۆیاڵ دژی نیکۆلا سارکۆزی کرد، ماریا لە هەڵبژاردنەکەدا بەرامبەر سارکۆزی سەرنەکەوت. دوای پێکهێنانی حکوومەت، بێرنارد بووە وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرەنسا، تا ساڵی ٢٠١٠ لەو پۆستەدا ماوەتەوە.

 

دکتۆر بێرنارد کۆشنەر دۆستێکی نزیکی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و نەتەوەی کوردە و لە چەندین قۆناغی مێژووییدا هەڵوێستی لەبارەی ئەو پرسانەوە هەبوو کە پەیوەندییان بە کوردستانیانەوە هەبوو. وەک نموونە پێش تیرۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملوو، بێرنارد کۆشنەر پلانی تیرۆرکردنی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستنیشان کردبوو. بۆ ئەو مەبەستە پێی گوتبوو کە ئاگاداری خۆی بێت و پاسەوان لەگەڵ خۆی بگەڕێنێت.

 

هەروەها دوای دەستپێکردنی قۆناغەکانی ئەنفال، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچە ئازادکراوەکان و هاوکاریی تەندروستی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکەن کە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە بە خۆی بێرنارد کۆشنەر ی دۆستی کۆنی کورد و فرێدریک تیسۆ بوون، بوونە پشتیوان و هاوکاری کوردستان.

 

هەروەها ساڵی ١٩٩١ دوای کۆچی مەزنی خەڵکی باشووری کوردستان، بێرنارد کۆشنەر لەگەڵ دکتۆر فرێدریک تیسۆ ڕۆڵێکی کاریگەریان لە داڕشتنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی ناوچەی دژەفڕین لە باشووری کوردستاندا هەبوو.

 

دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فەرەنسا چوونە قۆناغێکی بەهێزتر و لەوێشدا بێرنارد کۆشنەر کە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بوو، ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو. لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٨ نووسینگەی نوێنەرایەتیی فەرەنسایان بە فەرمی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە. لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێ کرا.

 

هەروەها لەسەر بانگهێشتی بێرنارد کۆشنەر لە مانگی ئایاری ٢٠١٠ بە ئامادەبوونی ٥٠٠ بەرپرسی کولتووری و سیاسی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرەنسا و ڕاوێژکاران، فیلمی پشیلەکانی ئێرانی لە هۆڵی سینەمای وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس نمایش کرا.

 

دکتۆر بێرنارد کۆشنەر وەک دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارێکی ناوداری فەرەنسا و جیهان و هاوسۆزی پرسی نەتەوەی کورد بووە. لە بەرامبەر ئەو خزمەت و هەوڵانەی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی وە میدالیای بارزانی وەرگرتووە.

 

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.