دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ لە مێژوو و ئەدەبیاتی حیزب و بەشێک لە یادەوەرییەکانیدا ڕوویدا[١]، و هەموو ساڵێک سەرجەم ئەندامان و لایەنگران و پێشمه‌رگه بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە یادی ساڵیادی دامەزراندنی دەکەنەوە، و بە چەندین شێواز ئاهەنگ بۆ ئەم یادە دەگێڕن، کاتێک هێزی پێشمه‌رگه‌ چالاکی شەڕی پارتیزانی و هێرشکردنە سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی سوپاى عێراق و گەیاندنی زیانی زۆر پێیان ئەنجام دەدا.

یەکێک لەو چالاکییانەی هێزی پێشمه‌رگه‌ لەم بۆنەیەدا پلاندانان بوو بۆ لێدانی دامەزراوە سەربازییەکانی بەعس، ئەم چالاکییەی هێزی پێشمه‌رگه‌ بریتی بوو لە هێرشکردنە سەر ڕەبایەکانی سوپاى عێراق لەسەر ڕێگای سەید سادق- شاندەری، دوای ئەوەی پێشمه‌رگه هێرشیان کردە سەر بنکەکانیان و شەڕێکی سەختیان لەگەڵ کردن ئەوەی ویستیان ئەنجامیاندا و زیانی زۆریان پێگەیاندن، و پێشمه‌رگه هیچ زیانێکیان بەرنەکەوت، بەڵام دوای گەڕانەوەیان کەوتنە ناو کمینێک کە سوپا بۆی دانابوون، و دوای بەرگرییەکی قارەمانانە و شەڕێکی گەرم چوار پێشمه‌رگه شەهید بووە کە ئەمانە بوون (فەرماندە ئەبوبەکر حاجی عوسمان و عەلی ڕەسووڵ جێگری بەرپرسی لێژنە ناوچەی و جەلال محەمەد دۆڵسەری و شەهاب سان ئەحمەد)[٢].

شایەنی باسە هێزی پێشمه‌رگه‌ هەمیشە بە پلانێکی تۆکمە دەجەنگان و چالاکی سەربازییان ئەنجام دەدا بۆ بەردەوامیدان بە خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، بە هێرشکردنە سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق زیانی گەورەیان بە دوژمنەکەیان گەیاند، تەنانەت لە کاتی بۆنە و ئاهەنگەکانیشدا ڕێگەیان نەدا سیاسەتی دوژمن سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، بەڵکو گورزێکی بەهێزیان لێ وەشاند و زیانیان پێگەیاند، ئەمەش وەک پەیامێک بوو بۆ بەرپرسی حکومەتی کە شۆڕش بەردەوامە و بە شێوەی شەڕی پارتیزانی لەملا و لەولا بەردەوام دەبێت و زیان بە بەرژەوەندییەکانی حکومەت و ڕژێمی بەعس دەگەیەنێت.

سەرچاوەکان:
  1. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
  2. ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان: مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان- كۆنگره‌و كرنفرانس (پڕۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ) چاپی یه‌كه‌م، ٢٠٢١.

[١] ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان: مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان- كۆنگره‌وه‌ كرنفرانس (پڕۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ) چاپی یه‌كه‌م، ٢٠٢١، ل١٠.

[٢] مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٦٠