لەو کاتەی حکومەتی ئێران توانی کۆماری کوردستان جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەری، مەلا مستەفا بارزانی و هێزەکانی هەوڵیان دەدا خۆیان لە ڕێگەی خاکی ئێرانەوە ڕزگار بکەن و جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان لە کوردستانی عێراق، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بێ کێشە و ئاستەنگ نەبوو، لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی چەندین شەڕ و مەترسی بوونەوە. یەکێک لەو شەڕانەی کە لەو کاتەدا لە نێوان بارزانییەکان و هێزەکانی سوپای ئێران ڕوویدا، شەڕی گۆجار بوو.
لە ١١ی ئاداری ١٩٤٧، مەلا مستەفا بارزانی بەرەو ناوچە باکوورییەکان بەڕێکەوت بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ڕێگەی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانی ئەو ناوچەیە. بۆیە لە گوندی ئەنبی لە ماڵی نوری بەگ بەگزادە لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە کۆبووەوە. لەو کاتەدا، هەواڵی ئەو کۆبوونەوەیە لە ڕێگەی سیخوڕێک بە ناوی هویرکۆ گەیشتە ورمێ، کە لەوێ جەنەڕاڵ هومایونی ئامادە بوو، لە ئەنجامدا سوپای ئێران گەیشتە ناوچەکە و لە شەوی ١٣ لەسەر ١٤ی ئاداری ١٩٤٧، گوندی گۆجاری گەمارۆ دا. لەو ڕووداوەدا، لەگەڵ مستەفا بارزانی ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی بوون، لەوانە کەسایەتییەکانی وەک عەقید بەکر عەبدولکەریم حەوێزی، و محەمەد حوسێن هەرکی یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی هەرکی، و مەلا محەمەد وێردی لەگەڵ ١٣ پێشمەرگەی بارزانی. کاتێک بارزانی بە گەمارۆکە زانی، بەرەو بەردەسۆر چوون و بەرگرییان لە خۆیان کرد، ڕۆژی دواتر کاتێک تەقەکردن وەستا، چوونە گوندی کۆیی و بینییان چۆڵە لە دانیشتووان، دوای ماوەیەک، بە کوژرانی چوار کەس لە بنەماڵەی بەگزادە زانییان، یەکێکیان هویرکۆ بوو کە هەواڵی بوونی مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە گوندی گۆجار گەیاندبووە جەنەڕاڵ هومایونی، لە لایەنی بارزانییەکانیشەوە، دوو کەس شەهید بوون ئەوانیش حاجی محەمەد هۆستانی و شەوالی شەندۆ شاندری، و سێ پێشمەرگە بریندار بوون ئەوانیش حەسۆ میرخان خەردەنی، و حالی محەمەد خالانی، و مستەفا ڕەشۆ لێلۆکی.
ڕۆژی دواتر، بنەماڵەی بەگزادە لەگەڵ هێزەکانی ئێران و ٣ تانک و فڕۆکە هێرشیان کردە سەر بارزانییەکان، لە هەمان کاتدا، هێزێک لە ورمێوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بارزانییەکان بۆ تێپەڕبوون لە ڕێڕەوی بەندی دەهات، کاتێک بارزانی بەوەی زانی، هێڵی بەرگری بەهێزی لە پێگە ستراتیژییەکان لە ناوچەکانی بێری زەر و بەرزاییەکانی هەڤرس و کۆیی زەر دروست کرد. هۆکاری ئەم کارە پاراستنی ئەو پێگانە بوو، چونکە تاکە ڕێگە بوو بۆ ڕزگاربوونی بارزانییەکان لە هێرشەکانی سوپای ئێران، چونکە هەموو بنەماڵەکانی بارزانی لەو ناوچانە ئامادە بوون.
سەرچاوەکان:١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی یەکەم ١٩٣١-١٩٥٨، (چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە- هەولێر- ٢٠١٢).
٢- عەقید بەکر عەبدولکەریم حەوێزی، گەشتێک بە کۆماری مەهاباد دا، چاپی دووەم، (دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس- هەولێر- ٢٠٠١).


