لەدایکبووە عەلی تیلی کەمی ناسراو بە (عەلی تیلی)، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی بێبۆ سەر بە ناحیەی نێروە و ڕێکان لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، قۆناغی سەرەتایی لە گوندی بێبۆ تەواو کردووە، قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی لە قەزای ئامێدی خوێندووە، ساڵی ١٩٧٥ پەنای بردووەتە بەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری ورمێ نیشتەجێ بووە، ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی جەماوەریی باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان.

پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە لە ساڵی ١٩٦١ لای فەرماندە حاجی بێڕۆخی لە ناوچەی نێروە و ڕێکان، دواتر بەرەو زاخۆ ڕۆیشتووە و بۆ ماوەیەک لە چیای زاخۆ ماوەتەوە، لەوێ بەشداری لە شەڕەکانی سێمێل و دۆڵی زاویەتە و سارکێ و سوارتوکا کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٢ لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بووە لە ڕێکخستنەوەی نوێی هێزەکانی ناوچەی بادینان بە فەرماندەیی مستەفا نێروەیی و لە هەمان ساڵدا لەگەڵ هێزەکانی خۆی و هێزەکانی مەلا مستەفا بارزانی تایبەت بەرەو ڕەواندز و قەڵادزێ ڕۆیشتووە، لە ساڵی ١٩٦٤ وەک نوێنەر بەشداری لە کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ مستەفا نێروەیی بارەگایەکیان لە گوندی بێشێی سەر بە ناحیەی سمێلان لە قەزای چۆمان داناوە، ساڵی ١٩٧٤ بەشداری لە شەڕەکانی چیای زۆزک و گەلی عومەر ئاغا کردووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەو سنووری باکووری کوردستان ڕۆیشتووە، خەباتی فیدایی خۆی لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە بە شێوەی مفرازەی گەڕۆک درێژە پێداوە.

لە ساڵی ١٩٧٦، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە، ڕۆڵێکی دیاری لە کۆمیتەی ناوچەی گوڵان وەک فەرماندەی مفرازە بینیوە، چالاکییەکانی لە ناوچەکانی دهۆک و شێخان و ئاکرێ تا سنووری شاری مووسڵ ئەنجام داوە، بەشداری لە شەڕی دۆڵی بازی لەگەڵ سامی عەبدولڕەحمان و ١٠٠ پێشمەرگەی تر کردووە، بەشداری لەگەڵ سامی عەبدولڕەحمان و ١٠٠ پێشمەرگەی تر لە شەڕی بازی کردووە.

ساڵی ١٩٧٩ بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆیشتووە و بەشداری لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، دوای کۆنگرە گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی هێرشەکانی ئەنفال و کیمیابارانی بەدناوی بادینان، لە گوندی مازیای ناوچەی ڕێکان بووە، دوای هەڵمەتەکە بەرەو سنووری باکووری کوردستان و لەوێشەوە بەرەو شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆیشتووە.

ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕینی جەماوەریی باشووری کوردستان لە ڕێگەی حاجی ئۆمەرانەوە لەگەڵ عومەر عوسمان و زەعیم عەلی گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، لەوێشەوە بەرەو شاری دهۆک ڕۆیشتووە و بەشداری لە ڕاپەڕین کردووە، ساڵی ١٩٩٢ دوای ڕێکخستنەوەی کۆمیتەی ناوچەی ئاکرێ وەک بەرپرسی کۆمیتەکە دەستنیشان کراوە، ساڵی ١٩٩٥ پۆستی فەرماندەی سوپای ئاکرێی وەرگرتووە، ساڵی ١١٩٩٧ گواستراوەتەوە بۆ فەرماندەیی سوپای کوردستان (فەلەک)، دووبارە گەڕاوەتەوە سوپای ئاکرێ، ساڵی ٢٠٠٣ پۆستی جێگری فەرماندەی زێرەڤانی لە هەولێر وەرگرتووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ نووسینگەی فەرماندەیی زێرەڤانی لە شاری دهۆک، بەشداری لە کۆنگرەکانی (٦ و ٧ و ٨ و ٩ و ١٠ و ١١ و ١٢ و ١٣)ی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.

مەدالیای بارزانی نەمر-ی لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان پێ بەخشراوە.

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.