فڕەنسۆ تۆما کەنون هەریری، لە ساڵی ١٩٣٧ لە شارۆچکەی هەریری سەر بە قەزای شەقڵاوەی پارێزگای هەولێر، لە خێزانێکی کریستیانی ئاشووری، بە ئایینی مەسیحی ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتی لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە هەریر تەواو کردووە. قۆناغی ناوەندی لە شارۆچکەی شەقڵاوە خوێندووە. لە ساڵی ١٩٦٠دا پەیمانگای مامۆستایانی لە شاری هەولێر تەواو کردووە. هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی چوار کوڕ و کچێک بووە. لە ساڵانی (١٩٦٠ - ١٩٦١) لە ناوچەی بلێ و بارزان وەک مامۆستای وەرزش دامەزراوە. یاریزانێکی باش و وەرزشوان بووە. لە ساڵانی (١٩٥٣ - ١٩٥٥) بەشداری یاری ڕاکردنی لە پێشبڕکێکانی قوتابخانەکاندا کردووە و لە شاری بەغدا نوێنەرایەتی پارێزگای هەولێری کردووە.
لە ساڵی ١٩٥٣ لەگەڵ قوتابیانی قوتابخانەی ئامادەیی هەولێری کوڕان بەشداری پێشوازی لە فەیسەڵی یەکەم، شای عێراق کردووە. لە ساڵی ١٩٥٦ ئەندامی تیمی تۆپی پێی یانەی بروسک (هەولێر) بووە. لە ٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٧ لە شاری هەولێر وەک ئەکتەر بەشداری شانۆی شەهرەزادی کردووە کە قازانجی ئەم شانۆیە بۆ لێقەوماوانی لافاوی شاری سلێمانی تەرخان کرابوو. لە ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ بۆ پێشوازی لە جەنابی مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) کە لە یەکێتی سۆڤیەت گەڕابووەوە، سەردانی شاری بەغدای کردووە. لە ساڵی ١٩٥٩ لە تیمی بروسکی هەولێر یاری کردووە. لە ٥ی حوزەیرانی ١٩٥٩ بۆ هەڵبژاردنی کۆمیتەی پاراستنی کۆماری عێراق لە شاری هەولێر و بە نوێنەرایەتی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق سەر بە پارتی کۆمۆنیستی عێراق، هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری نوێی کردووە.
لە ساڵی ١٩٧٥ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، کۆچی دوایی کردووە بۆ وڵاتی ئێران و لە پارێزگای ورمێ نیشتەجێ بووە. دواتر چووەتە کەرەج و لەوێ نیشتەجێ بووە. لە ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی جەماوەری کوردستان گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. چەندین ئەرک و بەرپرسیاری بینیوە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی شاری هەولێردا هەبووە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سریانی و فارسی بە باشی زانیوە.
خەباتنامەفڕەنسۆ تۆما هەریری، یەکەم قۆناغی کاری سیاسی دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی عێراق و بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی ڕەواندزی حیزب. لە ساڵی ١٩٦١ بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی گشتی عێراق سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی عێراق بووە. بەڵام لەبەر ئەوەی بە کەسایەتی بارزانی نەمر کاریگەر دەبێت و سەرسامی دەبێت، لە ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات. لە هەمان کاتدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگه-ی شۆڕشی ئەیلوول دەکات. لە ساڵی ١٩٦٣ بەرپرسی چاودێری پێشمهرگه و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ناوچەی باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە. لە ساڵی ١٩٦٤ وەک بەرپرسی ئاسایشی شارۆچکەی گەڵاڵەی سەر بە پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٦٥ جێگری فەرماندەی هێزی باڵەک سەر بە لەشکری دووەم بووە. لە ساڵی ١٩٦٦ لە داستانەی زۆزکی سەر سنووری پارێزگای هەولێر پشتیوانی هێزی پێشمهرگه-ی گرتە ئەستۆ. لە ساڵی ١٩٦٦ لە ژێر چاودێری عەلی قاسم کە بە عەلی شنگالی دەناسرێت، ئامادەکاری شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی هەفتەم-ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی گەڵاڵە گرتە ئەستۆ. لە ساڵی ١٩٦٧ لە ناو دامەزرێنەرانی دەزگای پاراستن بووە. لە ساڵی ١٩٦٧ لە نزیک شارۆچکەی ڕەواندزی سەر بە پارێزگای هەولێر و بە هاوڕێیەتی سەرۆک مستەفا بارزانی، لە پێشوازی دکتۆر عەبدولڕەحمان بەزاز (١٩١٤ - ١٩٧٣) سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە کە بۆ دانوستان سەردانی کوردستانی کردبوو. لە ساڵی ١٩٦٨ نووسەر و بێژەری بەشی زمانی ئاشووری ئێزگەی دەنگی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ بووەتە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی باڵەکایەتی سەر بە کۆمیتەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ١٥ی تەمموزی ١٩٧٠ بەشداری ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەی شەشەم-ی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە گوندی ناوپردان لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ وەک دادوەری تۆپی پێ لە پێشبڕکێکانی نێوان تیمی مکتب سیاسی و قوتابیانی گەڵاڵە لە یاریگای ناوپردان بەشدار بووە. لە ١ی تەمموزی ١٩٧٠ بە فەرمانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش وەک یەکەمین قایمقامی چۆمان (هەولێر) دەستنیشان کراوە. لە ١٥ی تەمموزی ١٩٧٠ وەک میوان بەشداری کۆنگرەی شەشەم-ی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە گوندی ناوپردان کردووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٧١ وەک قایمقامی چۆمان خزمەتی کردووە و لەلایەن وەزیری دادەوە وەک دادوەری سزایی پلە دوو دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٧٤ بووەتە ئەندامی کۆمیتەی لقی حەوتەم-ی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە مانگی ئازاری ١٩٧٥ بۆ بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی پەنابەرانی کەمپی زێوە لە ڕوژههلاتی کوردستان سەردانی کردوون و بۆیان دواوە. لە مانگی نیسانی ١٩٧٥ لەلایەن هەڤاڵ مەسعود بارزانی وە ئەرکدار کراوە بۆ ئامادەکاری شۆڕشی گوڵان. لە نیوەی ساڵی 1977 دا لەژێر چاودێریی ئیدریس بارزانی (1944 - 1987) بەشداریی کۆبوونەوەی بەرفراوانی کەرەجی کردووە بۆ یارمەتیدانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و چاودێریکردنی پەنابەرانی باشووری کوردستان لە شانشینی ئێران. و ماڵەکەی بووەتە ناوەندی کۆبوونەوەکان و شوێنی حەشاردانی برینداران. لە ساڵی 1977 دا ماڵەکەی لە شارۆچکەی کەرەج لە شانشینی ئێران وەک شوێنی یەکبوونەوەی ئەوانەی کە تێکەڵ بە هێزەکانی پێشمهرگه-ی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبوون یان لە ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستان دەگەڕانەوە، بە ئامانجی پەیوەندیکردن بە ئیدریس بارزانی بووە. لە ساڵی 1979 دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرهی نۆیهم-ەوە وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1984 دا پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی 1984 دا ئەندامی کۆمیتەی چاودێریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سنووری کۆمیتەی لقی سێیەم و کۆمیتەی لقی چوارەم بووە. لە 30ی تشرینی دووەمی 1985 تا 4ی نیسانی 1986 مامۆستای وانەی حیزبە سیاسییەکانی خولی هەشتەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی ڕاجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە کۆتایی ساڵی 1985 تا کۆتایی ساڵی 1986 لە خەباتکاری بیستەمی کۆمیتەی لقی دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ یەکەمجار وەک بەرپرسی کۆمیتەی لق دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1986 دا سەرنووسەری گۆڤاری "سەفین" ئۆرگانی کۆمیتەی لقی دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1988 دا ئەندامی مکتب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1988 دا وەک ئەندامی نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذي)ی بەرەی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1988 دا بەشداریی داستانى خواکورکی لە سنووری پارێزگای هەولێر دژی هێزی سوپای عێراق کردووە. لە 13ی کانوونی دووەمی 1990 دا وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرەی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ڕۆژانی 8 - 10ی ئاداری 1990 دا بەشداریی کۆبوونەوەی بەرفراوانی بەرەی کوردستانی کردووە.
لە ساڵی 1991 دا بە هاوڕێیەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پرۆسەی ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا بووە. لە ساڵی 1991 دا بەشداریی ئازادکردنی شاری کەرکووکی کردووە. لە ساڵی 1991 دا بەرپرسی مکتبی ناوەندیی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە 16ی کانوونی یەکەمی 1991 تا 18ی شوباتی 1992 مامۆستای وانەی بارودۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق لە خولی نۆیەمی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی پیرمام-ی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە. لە 19ی ئاداردا بەشداریی کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانی کردووە بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان و بارودۆخی ئابووری و ئەمنیی باشووری کوردستان. لە سەرەتای ساڵی 1992 دا بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانی کردووە بۆ دامەزراندنی کۆمیتەی باڵای چاودێریی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان. لە ڕۆژانی 23 - 28ی کانوونی یەکەمی 1992 دا لەلایەن بەرەی کوردستانەوە بووە ئەندامی کۆمیتەی پازدە کەسیی نووسینەوەی پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان. لە 4ی حوزەیرانی 1992 دا بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی 1992 دا بووە سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستاندا. لە ساڵی 1993 دا لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی یانەی وەرزشیی هەولێرەوە وەک سەرۆکی ڕێزلێنراوی یانەکە هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1993 دا وەک خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی "گوڵان" مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. لە مانگی تەممووزی ساڵی 1993 دا وەک سەرۆکی کۆمیتەی پێشوازیی کۆنگرەی یازدەیەم-ی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1993 دا ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی یازدەیەم لە شاری هەولێر بووە. لە ساڵی 1993 دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یازدەیەمەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1994 دا مامۆستای وانەی بابەتە گشتییەکانی خولی بەپەلەی پێشکەوتووی پەیمانگەی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی پیرمام بووە. لە ساڵی 1994 دا بووە بەرپرسی کۆمیتەی لقی دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو. لە 19ی تەممووزی 1994 دا لە شاوێس لە سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ڕووبەڕووی تەقەکردن بووەتەوە و ڕزگاری بووە. لە 16ی ئابی 1996 دا لەبەر خزمەتی لە شۆڕشی ئەیلوول, شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا لە یوبێلی زێڕینی پارتیدا لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمر-ی پێ بەخشراوە. لە ساڵی 1996 دا لە کابینەی سێیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بووە وەزیری هەرێم. لە 1ی تشرینی یەکەمی 1996 تا 18ی شوباتی 2001 پارێزگاری هەولێر بووە. لەو ماوەیەی لە پۆستی پارێزگاری هەولێردا بوو، زۆر کاری گرنگی ئەنجام دا، بەتایبەت دروستکردنی یاریگەی نێودەوڵەتیی هەولێر (شەهید فرەنسۆ هەریری) و کۆشکی هونەر، هەروەها ئۆرکێسترای کوردستانیش بە هاوکاری و پشتیوانیی ئەو دامەزرا. زۆر کار و پڕۆژەی دیکەی شارستانیشی ئەنجام دا. ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی کەرتی وەرزش لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو و پشتیوانیی وەرزشوانان و لاوانی دەکرد و یارمەتیی دەدان بۆ ئەوەی مافەکانیان بەدەست بهێنن. بەشداریی زۆر پڕۆژەی جوانکردن و نۆژەنکردنەوەی شاری هەولێری کرد و وەک پشتیوانییەکی بەهێزی پڕۆژەکانی پەروەردە، تەندروستی و وەرزش لە هەولێر دەناسرا.
لە 18ی کانوونی یەکەمی 1996 دا لە کابینەی سێیەمدا وەزیری هەرێم بووە. ڕۆژی یەکشەممە 23ی شوباتی 1997 دا لە کردەوەیەکی تیرۆریستی ڕزگاری بووە. لە 26ی تەممووزی 1997 دا بەشداریی یەکەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی کوردانی فەیلی کردووە کە لە شاری هەولێر و لەژێر چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی دا ئەنجامدراوە. لە ساڵی 1998 خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری "هەولێر" بووە. لە ساڵی 1999 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی دوازدەهەمەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. ڕۆژی دووشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2000 لە کارگێڕی بیست و هەشتەمی کۆمیتەی لقی دووی هەولێر بۆ جاری دووەم وەک بەرپرسی کۆمیتەی لق دەستنیشانکراوە. لە 14ی ئاداری 2000 لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانەوە بووە ئەندامی کۆمیتەی یاد (چوون)ی زیندووکردنەوەی یادی لەدایکبوونی ڕێبەری نەتەوەی کورد بارزانی نەمر.
فڕەنسۆ تۆما هەریری، لە ڕۆژی 18ی شوباتی 2001 لە کاتی چوون بۆ سەر کارەکەی لەسەر ڕێگای 60 مەتریی هەولێر لەلایەن گروپێکی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی (حەرەکەتی تەوحیدی ئیسلامی) تیرۆر کرا. دوو ڕۆژ دوای شەهیدکردنی، لە ڕۆژی 20ی شوباتی 2001 لە شوێنی لەدایکبوونی لە شارۆچکەی هەریر بە بەشداریی سەرۆک مەسعود بارزانی و زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بە خاک سپێردرا.
بەرهەمەکانی :1 - بۆچی پەکەکە وادەکات؟ – (چاپی یەکەم – 2000، چاپی دووەم – 2018).
2 - بۆ ئەوەی مێژوو بە هەڵە نەنوسرێتەوە – 1995. لە ساڵی 1996 چاپی عەرەبییەکەی بە ناوی (لکی لا یُکتب التاریخ محرفاً) چاپکراوە.
سەرچاوەکان :1 - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
2 - ئەنوەر عەبدوڵڵا (ئامادەکار)، 29ی ئەیلوولی 1971 بارزانی نەمر لە پلانی دوژمنان گەورەتر بوو، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو، ژمارە 2934، هەولێر، چوارشەممە، 29 ئەیلوول 1999، ل. 2.
3 - دەربارەی هەوڵی تیرۆرکردنی بەڕێز فڕەنسۆ هەریری، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 816، هەولێر، هەینی، 28 شوبات 1997، ل. 2.
4 - کۆنگرە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان ڕادەگەیەنێت، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو، ژمارە 1729، هەولێر، هەینی، 27 ئاب 1993، ل. 1.
5 - شێرزاد، چالاکییەکانی کۆمیتەکانی کۆنگرەی پارتیمان، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 1691، هەولێر، دووشەممە، 12 تەممووز 1993، ل. 4.
6 - حەمید گەوهەری، میدالیای بارزانی، خەڵاتی باڵاترینی ڕێزگرتن، پەرتووکی دووەم، چاپی دووەم، (هەولێر – دەزگای خێرخوازیی بارزانی – 2019)، ل. 32-37.
7 - هوشیار نووری لەک، ناودارانی کورد لە ڕیزێکدا، (هەولێر – چاپخانەی چارچرا – 2010)، ل. 24.
8 - کەنەر عەبدوڵڵا، بەشداریی سیاسیی ژنان لە باشووری کوردستان، (سلێمانی – 2016)، ل. 74، 81.
9 - فڕەنسۆ هەریری، بۆچی پەکەکە وادەکات؟، چاپی دووەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆکسانا – 2018)، ل. 1، 105.
10 - عەلی سەنجاری، پرسی کورد و پارتی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک – چاپخانەی خانی – 2012)، ل. 362، 371.
11 - بۆ ئاشتی و یەکێتیی نیشتمانی، بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئادار، بەشی دەیەم، ڕۆژنامەی ئەلتەئاخێ، دار ئەلتەئاخێ بۆ چاپ و وەشاندن، ژمارە 1190، شاری بهغدا، چاپخانەی تایمز، یەکشەممە، 19 تشرینی دووەم 1972، ل. 8.
12 - سەفەر جاجۆکی، یادەوەرییەک بۆ شەهیدی ڕێبەر فڕەنسۆ هەریری، ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە (4506)، 18/2/2014.


