بۆ گەمارۆدانی شۆڕشی ئەیلوول و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی کورد لە کوردستانی عێراق، لە ڕۆژی ٦ی ئاداری ١٩٧٥ بە ناوبژیوانی حکوومەتی جەزائیر لە نێوان حکوومەتی عێراق و شای ئێران پەیماننامەیەک ئیمزا کرا، کە دواتر بە ناوی پەیمانی جەزائیر ناسرا، گەمارۆدانی شۆڕشی کوردستان و لاوازبوونی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز لە خاڵە سەرەکییەکانی بوون، لەسەر بنەمای پەیماننامەکە ڕژێمی بەعس نیوەی شەتولعەرەبی ڕادەستی ئێران کرد، لە بەرامبەر ئەوەدا، تاران بە تەواوی هاوکاریی ڕژێمی بەعس لە گەمارۆدانی شۆڕشی کوردستان بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی دەکات، وەک ئەوەی لە دەقی پەیماننامەکەدا جەخت لەسەر وەرگرتنی ڕێکارە ئەمنییەکان بۆ ئەم مەبەستە کراوەتەوە. پەیمانی جەزائیر وەک یەکێک لە پیلانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان سەیر دەکرێت.
هۆکار:لە ٢٦ی ئاداری ١٩٧٤، دوای ڕاوەستانی چەند گەڕێکی دانوستاندن لە نێوان حکوومەتی عێراق و سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول دا، ڕژێمی بەعس جارێکی دیکە شەڕی لە دژی کورد ڕاگەیاند، کە بەهۆی پەیماننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ چەند ساڵێک بوو ڕاوەستابوو. حکوومەت هەموو تابوورەکانی پاسەوانی سنووری هەڵوەشاندەوە و دیسان شەڕ لە نێوان پێشمهرگه و سوپای ڕژێمدا دەستی پێ کرد، تۆپخانەکانی سوپا ئەو مانگە دەستیان بە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمهرگه لەسەر سنووری ئێران کرد.
لە نیوەی مانگی نیساندا، هێرشەکانی حکوومەت بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شۆڕش دەستی پێ کرد، لە ١٥ی نیسانی ١٩٧٤ سوپای ڕژێم لە مووسڵەوە بەرەو زاخۆ چوو، ئامانجی سوپای عێراق گرتنی بنکەی زاخۆ بوو، دوای شەڕ و پێکدادانی سەخت لە ٨ی ئایاردا، حکوومەت گەیشتە ئامانجەکەی و زاخۆی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ هێزە ئاسمانییەکانی عێراق هێرشیان کردە سەر شاری قەڵادزێ و ناوەندی زانکۆی سلێمانییان بۆردومان کرد. دوای دوو ڕۆژ، لە ٢٦ی نیساندا، فڕۆکەکانی ڕژێم هەڵەبجە و دەوروبەرییان بۆردومان کرد. دواتریش لە ٢٩ی نیساندا پردی گەلالە بۆردومان کرا.
بە هاتنی هاوین، سوپای ڕژێم دیسان دەستی بە هێرشەکانی کردەوە، لە ٨ی ئەیلوولی ١٩٧٤ هێزەکانی سوپای ڕژێم بە تانک و فڕۆکە چوونە سەر گەلالە، ڕەواندز و حاجی ئۆمەران و لە ١٩ی ئەیلوولدا لەسەر ڕێگای نێوان چیاکانی کۆرەک و بێخاڵ بە تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش هێرشیان کردە سەر ڕێگای گشتیی کە ڕەواندز بە بێخاڵەوە دەبەستێتەوە، لە ئەنجامدا هێزەکانی پێشمهرگه ناچار بوون ڕوو لە زۆزک، هەندرێن، گەلیی ئۆمەر ئاغا و گەلیی ئاکۆیان بکەن. دوای ئەم هێرشانەی ڕژێم، تەنیا سەنگەرە ستراتیژییەکانی بە دەست پێشمهرگه مابوون، چیاکانی هەندرێن و زۆزک بوون کە لەسەر ڕێگای هامڵتۆن بوون.
لە دەستپێکی شەڕەوە تا ئەیلوولی ١٩٧٤، حکوومەتی عێراق سەرکەوتنی گەورەی لە بەرامبەر کورد بە دەست هێنا، زۆربەی خاکی باکووریان داگیر کرد و پێشمهرگەیان بۆ سەر سنووری ئێران پاشەکشە پێ کرد. بەڵام لە دەستپێکی ئەیلوولی هەمان ساڵدا هاوسەنگیی شەڕ دیسان بە قازانجی کورد گۆڕا، هێزەکانی پێشمهرگه بە هاوکاریی ئێران توانییان ڕێگری لە پێشڕەویی سوپای عێراق بکەن و لە زۆر شوێندا پاشەکشەیان پێ بکەن و بیخەنەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.
حکوومەتی بەعسی عێراق نییەتی ئەوە بوو کە تا پاییز و زستان کۆتایی بە شۆڕشی ئەیلوول بهێنێت، بەڵام دوای شکستەکان حکوومەت ڕایگەیاند کە شەڕەکە تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
لەبەر ئەوەی شەڕەکە بەردەوام بوو، زیانەکانی حکوومەت چەند قات زیادی کرد، حکوومەتیش ناچار بوو یەدەگە دارایی و مرۆییەکانی خۆی بەکار بهێنێت. لە ڕووی ئابوورییەوە شەڕەکە بۆ دەوڵەت تێچوویەکی زۆری هەبوو کە بە نزیکەی ٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرا. دەبوو ڕژێمی بەعس بۆ کێشەی کورد بەدوای چارەسەرێکی دیکەدا بگەڕێت، زۆربەی سەرکردە عەرەبەکان بە سەددام حوسێنیان پێشنیار کرد پەیماننامەیەک لەگەڵ ئێران ئیمزا بکات بۆ ئەوەی هاوکاریی کورد ڕابگرێت لە بەرامبەر خەونی پاشای ئێران بۆ خاکە کۆنەکان.
لە نێوان ٤ و ٦ی ئاداری ١٩٧٥ لە جەزائیر پایتەختی جەزائیر بە ئامادەبوونی نوێنەری ١٣ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەکە کۆبوونەوەی ئۆپێک بەڕێوەچوو. لە کۆنگرەکەدا شای ئێران محەممەد ڕەزا پەهلەوی و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق سەددام حوسێن بەشدار بوون. لەم قۆناغەدا کێشەکانی نێوان ئێران و عێراق گەیشتبووە لووتکە، لەسەر پێشنیاری سەرۆکی جەزائیر هواری بۆمێدیان لە پەراوێزی کۆنگرەی دوو ڕۆژەکەدا هەریەک لە محەممەد ڕەزا شا و سەددام حوسێن دوو جار بە ئامادەبوونی هواری بۆمێدیان کۆبوونەوە، جاری دووەم ئێوارەی ٥ی ئادار لە کۆشکی سەرۆکایەتیی جەزائیر بوو، بۆمێدیان یەکەم جار بە شێوەیەکی تایبەت لەگەڵ شای ئێران کۆ بووەوە بۆ ئەوەی شا لەگەڵ سەددام حوسێن کۆ ببێتەوە، لەمەدا سەرکەوتوو بوو و شا و سەددام حوسێن ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. شای ئێران لە بەرامبەر بەدەستهێنانی خاکی شەتولعەرەب و باشووری عێراق ئامادە بوو دەست لە هاوکاریی کورد هەڵبگرێت. ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە ئەوە بوو کە ئێران هاوکاریی عێراق بکات بۆ ئەوەی شۆڕشی کورد گەمارۆ بدات، سنوورەکانی خۆی لەگەڵ عێراق بپارێزێت و ئیتر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق نەکات، لە بەرامبەر بەخشینی چەند خاکێک (شەتولعەرەب) بە ئێران و گەڕاندنەوەی سنوورە ئاوییەکانی هەردوو وڵات بۆ پەیمانی قوستەنتینیەی ساڵی ١٩١٣ لە نێوان ئێران و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و چالاککردنی هێڵی ئاوی تالۆگ وەک سنووری ئاوی (شەتولعەرەب) لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا.
ڕژێمی بەعسی عێراق لە لای خۆیەوە هاوکاریی دەوڵەتی ئێران بە هۆکاری سەرکەوتنی شۆڕشی ئەیلوول دەزانی، بۆیە لە بەرامبەر ڕاگرتنی ئەم هاوکارییە، ئامادە بوو خەونی کۆنی شای ئێران بەدی بهێنێت کە گەڕاندنەوەی خاکی (شەتولعەرەب) بوو بۆ سەر خاکی ئێران و لە نوێوە کێشانەوەی سنوورە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
حکوومەتی ئێران لە ساڵی ١٩٦٢ەوە بە شێوەیەکی کاتی هاوکاریی شۆڕشی باشووری کوردستان دەکرد، کە هەنگاو بە هەنگاو بە پێشنیاری خۆی هاوکاریی ئیسرائیل و ئەمریکاش هاتە سەر، ئەم هاوکارییانە لە ساڵی ١٩٧٥ گەیشتنە لووتکە و شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان بەرەو ڕووخانی ڕژێمی بەعس بردن.
سەددام حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق دوای شکستەکانی پایزی ١٩٧٤، بۆی دەرکەوت کە وڵاتەکەی ناچارە سەری بۆ داواکارییەکانی شای ئێران نەوی بکات. حکوومەتی ئێران دوای ئەوەی بەروبوومی چەند ساڵەی پشتیوانی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان چنی کە ئەو کات بە چەک یارمەتی دابوو، ڕازی بوو خاک و سوپاکەی بخاتە خزمەتی حکوومەتی عێراق بۆ پەلاماردانی شۆڕشی کورد لە باشووری کوردستان بە سەرکردایەتی جەنەراڵ مستەفا بارزانی. ئەمە یەکێک بوو لە خاڵە نهێنییەکانی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات کە لە ١٨ی ئاداردا جەنەراڵ نەسیری دوای هاتنی بۆ حاجی ئۆمەران بە جەنەراڵ مستەفا بارزانی ڕاگەیاند، بەمەش هیچ هیوایەک بۆ سەرکردایەتی شۆڕش نەمابوو کە شۆڕش درێژە پێ بدات، بۆیە سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاری دا شۆڕش بە شێوەیەکی کاتی ڕابگرێت و چاوەڕێی دەرفەتێکی دیکە بێت بۆ ئەوەی لە نوێوە دەست پێ بکاتەوە.
سەرچاوە:• ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


