بارودۆخ و ئامادەکارییەکان

سوپاى عێراق لە ٢ی ئابی ١٩٩٠ دەوڵەتی کوەیتی داگیرکرد، ئەم داگیرکارییە وایکرد ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەستێوەردان بکەن. ئەم ھێزانە سوپاى عێراقیان لە کوەیت دەرکرد و شکستی گەورەیان پێھێنان. ئەم شکستە زەمینەی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی خۆشکرد بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانیان. لەم ماوەیەدا سەرکردایەتیی بەرەی کوردستان دەستی بە جووڵەی سیاسی و سەربازی لەگەڵ پارتییەکانى دیکەی عێراق لە ناو عێراقدا کرد.

لەو چوارچێوەیەدا، سەرکردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان کۆبوونەوەی چڕوپڕی ئەنجامدا، لەوانە کۆبوونەوەی سەرەتای شوباتی ١٩٩١، کە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆن و نوێ تێیدا بەشداربوون، کە نزیکەی پەنجا ئەندام بوون. لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ خاکی کوردستان و پاشان ئەنجامدانی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری کرا. ھەروەھا ئەرکەکان بە سەرکردایەتیی مەسعود بارزانی دابەشکران و ھێزەکان بۆ سێ بەرە دابەشکران، ئەوانیش: ھەولێر، دھۆک و مووسڵ، سلێمانی و کەرکووک. دوای ھەموو ئامادەکارییەکان، ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ دەستیپێکرد و تا ٢١ی ئازار ھەموو ناوچەکانی کوردستان لە ڕژێم ئازادکران.

 دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ دژی ڕژێمی عێراق و کۆچی ملیۆنیی خەڵکی کوردستان و دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆمیتەی ناوەندی لە کۆبوونەوەی مانگی ئازاردا بڕیاری بەستنی کۆنگرەی یازدەیەمی پارتی دا، بۆ ئەم مەبەستە کمیسیۆنێکی ئامادەکاری پێکھێنرا کە پێکھاتبوون لە: محەمەد مەلا قادر، فڕەنسۆ ھەریری، ڕەمزی شەعبان، خورشید شیرە، نەجمەدین یوسفی، شێخەڵڵا ئیبراھیم، بارزان مەلا خالید، کەمال حەسەن، نەجات حەسەن، حەبیب کەلەش و ئیجرائ سەعید. زۆربەی ئامادەکارییەکان تا حوزەیرانی ١٩٩٣ تەواوبوون و ئەندامان بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ بۆ کۆنگرە سەرکەوتن، و ئەندامان تێیدا ھەڵبژێردران، و سێ پارتی بڕیاریان دا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان یەکبگرن ئەوانیش: پارتی یەکگرتووی کوردستان (حسک - پاسۆک - پارتی گەل)، یەکێتیی دیموکراتی کوردستان و پارتی کوردی فەیلی ئیسلامی، و بە ڕێککەوتنی سێ پارتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان وشەی (یەکگرتوو) بۆ جاری دووەم لەگەڵ ھەندێک گۆڕانکاری خرایە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، و ناوەکەی بوو بە پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو. 

 بەستنی کۆنگرە

کۆنگرەی یازدەیەم لە (ھۆڵی زەرد) لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان لە ١٦-٢٦ی ئابی ١٩٩٣ بە بەشداریی ٢١٦٧ نوێنەر بەسترا، و بۆ یەکەمجار ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە کۆنگرەکەدا بەشداربوون، کە ژمارەیان گەیشتە ١٢٤ نوێنەر. ھەواڵەکانی کۆنگرە ڕۆژانە لە میدیاکاندا بڵاودەکرانەوە.

کۆنگرەکە بە دروشمی (ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی) بەسترا، و مەسعود بارزانی ڕاپۆرتی سیاسی خوێندەوە، ھەروەھا گۆڕانکاریی بەرفراوان لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆدا کرا بۆ ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی نوێدا بگونجێت. ھەروەھا کۆنگرە چەند بڕیارێکی دەرکرد کە گرنگترینیان گەڕاندنەوەی تەرمی بارزانی نەمر و ئیدریس بارزانی بوو بۆ ئەوەی لە بارزان بە خاک بسپێردرێن. ھەروەھا بڕیاردرا زەمینە بۆ گەڕانەوەی زۆرترین ژمارەی کۆچبەران لە ئێرانەوە خۆش بکرێت. 

 کۆنگرەی یازدەیەم فیدراڵییەتی ھەرێمی کوردستانی پەسەند کرد و پشتیوانیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی یەکگرتووی کرد، کە ھەوڵی ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام حوسێنی دەدا. لە ئاستی میدیای دەرەوەشدا، ڕۆژنامەنووس ئەمینە سۆلا و ڕۆژنامەنووس فاتیمە عەزووز لە کۆماری توونسەوە بانگھێشت کرابوون بۆ ئەوەی وەک میوان لە کۆنگرەکەدا ئامادەبن. لەو میوانانەی کە لە کۆنگرەکەدا ئامادەبوون: جۆرج بیکارد ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی، دەیڤید فیلیپس سەرۆکی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ مافی مرۆڤ، لیوا حەسەن نەقیب و دکتۆر ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی - یەکگرتوو، تەحسین موعەللا، عەدنان محەمەد نووری، عەزیز عەلیان، محەمەد عەبدولجەبار، ھانی فەکیکی، محەمەد محەمەد عەلی، عادل عەبدولمەھدی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، مونزیر لویس سکرتێری پارتی سۆسیالیستی عێراقی.

پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی یازدەیەم پێکھاتەی پارتی دیموكراتی كوردستانی بەم شێوەیە دیاریکردبوو:

خانە، خانەی سەرەکی، لێژنەی ڕێکخستن، لێژنە ناوچەی، لێژنەی لق، کۆمیتەی ناوەندی، مكتب سیاسی، جێگری سەرۆک و سەرۆک. ھەروەھا دەستەی ناوەندیی پشکنین و چاودێری لەلایەن کۆنگرەوە ڕاستەوخۆ ھەڵبژێردران، و ئەمە دواین جار بوو کە کۆمیتەی ناوەندیی پشکنین و چاودێری ڕاستەوخۆ لەلایەن مندووبی کۆنگره ھەڵبژێردرێن، و پلەی ئەندامی سەرکردایەتییان پێبەخشرا، چونکە متمانەی کۆنگرەیان بەدەستھێنابوو.

 دامەزراوەکانی پارتی لە ساڵی ١٩٩٣ پێکھاتبوون لە مەکتەبی ڕێکخستنی ناوەندی، مەکتەبی ناوەندیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، مەکتەبی سەربازیی ناوەندی، مەکتەبی کارگێڕیی ناوەندی، مەکتەبی ناوەندیی دارایی، مەکتەبی ناوەندیی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان، مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییە نیشتمانییەکان، مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییە دەرەکییەکان و مەکتەبی ناوەندیی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە.

ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆنگرەی یازدەیەم:

١- نێچیرڤان بارزانی

٢- سامی عەبدولڕەحمان

٣- جەوھەر نامیق سالم

٤- ھۆشیار زێباری

٥- فازڵ میرانی

٦- یوونس ڕۆژبەیانی

٧- فڕەنسۆ ھەریری

٨- ڕۆژ نووری شاوەیس

٩- قادر قادر

١٠- مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا

١١- عیزەدین بەرواری

١٢- محەمەد حاجی مەحموود

١٣- کەریم سنجاری

١٤- جرجیس حەسەن

١٥ کەمال کەرکوکی

١٦- عەلی سنجاری

١٧- قادر جەباری

١٨- نەقیب شوان

١٩- سەید کاکە

٢٠- عومەر بۆتانی

٢١- ئازاد بەرواری

٢- جەلیل فەیلی

٢٣- شەوکەت شێخ یەزدین محەمەد

٢٤- عومەر عوسمان عومەر

٢٥- سەڵاحەدین ئیبراھیم قادر، سەڵاح دەلۆ

٢٦- بروسک نووری شاوەیس

٢٧- ڕەمزی شەعبان

٢٨- نەقیب کەریم

٢٩- دەروێش ئاغا

٣٠- زەعیم عەلی

٣١- عەبدولعەزیز تەیب

٣٢- نیزامەدین گلی

٣٣- عارف تەیفوور

٣٤- مەسعود سالەیی

٣٥- محەمەد مەلا قادر

٣٦- عەبدوڵڵا ئاکرێی

٣٧- شیرین ئامێدی

ئەندامانی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی:

١- مەحموود محەمەد مەحموود

٢- زێڕەڤان نێروەیی

٣- ئەمین قادر

٤- دکتۆر ناسیح غەفوور

٥- ئەکبەر حەیدەر

٦- ئازاد قەرەداغی

٧- بارزان مەلا خالید

٨- کەمال حەسەن جاومار

٩- نووری حەمە عەلی

ئەندامانی لێژنەی پشکنین و چاودێریی ناوەندی بە دەنگدانی ڕاستەوخۆی نوێنەران ھەڵبژێردران کە ئەمانەن: فەلەکەدین کاکەیی، حەبیب محەمەد کەریم، ڕەشید سندی، ئیسماعیل مەلا عەزیز، عەلی جاف، دکتۆر محەمەدساڵح جومعە، محەمەد مەعرووف، محەمەد قازی و عەلی قاسم سنجاری.

 و ئەندامانی کۆنگرە بۆ جاری سێیەم بە کۆی دەنگ مەسعود بارزانییان وەک سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو و عەلی عەبدوڵڵایان وەک جێگری سەرۆک ھەڵبژارد. پاشان لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە ماوەی ٢٩ تا ٣١ی ئابی ١٩٩٣ دەستەیەکی نوێی بۆ مكتب سیاسی ھەڵبژێردرا کە پێکھاتبوون لە: نێچیرڤان بارزانی، جەوھەر نامیق سالم، سامی عەبدولڕەحمان، ھۆشیار زێباری، فازڵ میرانی، دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس، دکتۆر جرجیس حەسەن، ئازاد بەرواری، زەعیم عەلی، حەمە حاجی مەحموود، نەقیب سەید کەریم.

لە ماوەی کۆنگرەکەدا و بۆ جاری دووەم لە مێژووی پارتیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی بەخشییە نۆ لە سەرکردە و ھاوڕێکانی بارزانی.

سەرچاوەکان

* مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، کۆنگرە و کۆنفرانس، (بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرگی دووەم، (ھەولێر – چاپخانەی ڕۆکسانا – ٢٠٢١).

* محەمەد مەلا قادر، تۆماری خەبات، مێژوویەکی کورتی پارتی و بارزانی نەمر، چاپی سێیەم، (ھەولێر، چاپخانەی ئاراس، ٢٠١٢).

* عەلی سەنجاری، ها قد عدنا الی الحزب الأم (ئێمە گەڕاینەوە بۆ حیزبی دایک)، ڕۆژنامەی ئەلشوعلە، زمانحاڵی یەکێتی دیموکراتی کوردستان - عێراق، ژمارە ٢٩، سەرەتای تەمموزی ١٩٩٣.

* حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (لە وێستگە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ - ١٩٩٣، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).

* یەکێتی دیموکراتی کوردستان کۆنفرانسێکی یەکگرتوویی گرنگ دەبەستێت و بڕیار دەدات خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژنامەی ئەلشوعلە، زمانحاڵی یەکێتی دیموکراتی کوردستان - عێراق، ژمارە ٢٩، سەرەتای تەمموزی ١٩٩٣.

* بەیاننامەی یەکێتی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی یەکێتی کوردستان، ڕۆژنامەی خەبات، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ٦٨٥، چوارشەممە، ٢٨ی تەمموزی ١٩٩٣.

* شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).

* سەڵاح بەدرەدین، بزووتنەوەی نیشتمانی کوردی سووری، بەشی دووەم، (هەولێر - کۆمەڵەی کاوە بۆ ڕۆشنبیری کوردی - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٨).

* پارتی دیموکراتی کوردستان یازدەیەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت، ڕۆژنامەی ئەلمۆئتەمەر، نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی یەکگرتوو، ژمارە ١٥، ١٩ی ئابی ١٩٩٣.

* پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی یازدەیەمین کۆنگرە، (بێ شوێن - بێ ساڵ).

* کۆنگرە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبەکەمان ڕادەگەیەنێت، ڕۆژنامەی برایەتی، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ١٧٢٩، هەولێر، هەینی، ٢٧ی ئابی ١٩٩٣.

• لە ماوەی یازدەیەمین کۆنگرەی حیزبدا کە لە ١٦-٢٦ی ئابی ١٩٩٣ بەسترا، بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان پەسەند کرا (چاپخانەی خەبات - دهۆک).