ئەفسەر و سیاسەتمەدار یوونس محەمەد سەلیم یوونس، بە ناوەکانی (ملازم یوونس، فەریق یەکەم یوونس ڕۆژبەیانی)، ناسراوە. لە ساڵی 1967دا کۆلێژی سەربازیی لە بەغدا تەواو کردووە. لە ساڵی 1971 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە. پاش ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمه‌رگه لە پاش شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1977دا پەیوەندیی بە هێزەکانی پێشمه‌رگهی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. لە ساڵی 1979دا لە کۆنگرەی نۆیەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە 25ی نیسانی 1993 لە کابینەی یەکەمدا بووە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە هەمان ساڵ لە کۆنگرەی یازدەیەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردراوە، لە ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەم بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و هەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمرە و بە پلەی فەریق یەکەم خانەنشین کراوە.

 

ژیاننامە

یوونس محەمەد سەلیم یوونس لە ساڵی 1944 لە شاری دهۆک لە دایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییی لە شاری مووسڵ تەواو کردووە. لە 6ی کانوونی دووەمی 1964 لە کۆلێژی سەربازیی بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی 1967 پلەی ملازمی دووەمی وەرگرتووە. پاش تەواوکردنی خوێندنەکەی، لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دامەزراوە و لە چەندین شوێن و پێگەی جیاوازی سەربازی خزمەتی کردووە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسییە.

خەباتنامە

یوونس محەمەد سەلیم، لە ساڵی 1960دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی یەکەتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە و لە ساڵی 1961 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ساڵی 1971 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزەکانی پێشمه‌رگهی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و لە چەندین شوێن و پلە و پێگەی جیاواز وەک پێشمه‌رگه و فەرماندە خزمەتی کردووە و لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزەکانی دوژمن بەشدار بووە.

 

لە ساڵی 1975 پاش شکستیهێنانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە. لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی 1975 لە لایەن هاوڕێ مەسعود بارزانی ەوە بۆ ئامادەکارییەکانی شۆڕشی گوڵان پێی ڕاسپێردراوە و ساڵی 1976 بە فەرمانی ئیدریس بارزانی (1944 - 1987) و بە مەبەستی پەیوەندیی بە ڕێکخستنەکانەوە بە نهێنی سەردانی باشووری کوردستانی کردووە.

 

لە 15ی تشرینی دووەمی 1977 بەشداریی کۆبوونەوەی بەرفراوانی بێداوی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمه‌رگه و لە نوێوە چالاککردنی ڕێکخستنەکان کردووە. لە ساڵی 1979 لە کۆنگرەی نۆیەم 1997، کۆنگرەی دەیەم 1989، کۆنگرەی یازدەیەم 1993 و کۆنگرەی دوازدەیەم 1999 بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و ساڵی 1980 بە بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1988 بە بەرپرسی مەکتەبی سەربازیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشان کراوە و هەمان ساڵ بووە بەرپرسی میحوەر لە دەڤەری خواکوڕک.

 

لە 19ی ئایاری 1992دا لە خولی یەکەم بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان لە سەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە و بووە سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمه‌رگهیەتی. لە 25ی نیسانی 1993 و لە کابینەی یەکەمدا بووە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 

لە ساڵی 2004 بووە بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ. لە ساڵی 2010 و لە کۆنگرەی سێزدەیەمدا، بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە 16ی شوباتی 2017 لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە ناو شاری مووسڵ ڕزگاری بووە، بەڵام دوو لە پاسەوانەکانی شەهید کراون. لەبەر بەرگرییەکەی لە شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەریدا، لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانی ەوە مەدالیای بارزانیی نەمر وەرگرتووە.

 

بەرهەمەکانی:

دەستپێکەکانی شەڕی پارتیزانی لە کوردستاندا 1986.

سەرچاوە:

1- حەمید گەوهەری، مەدالیای بارزانی بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنانە، کتێبی یەکەم، چاپی دووەم، (هەولێر ـ دەزگای خێرخوازیی بارزانی 2019).

2- فەیسەڵ ڕەسووڵ خۆشناو، بیۆگرافیای ئەفسەرانی کورد، بەشی دووەم، (تاران ـ چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2020).

3- یوونس ڕۆژبەیانی, دەستپێکەکانی شەڕی پارتیزانی لە کوردستاندا، (شوێنی نادیار ـ چاپخانەی خەبات 1986).

4- ئەحمەد شەریف لەک، شیکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، بەرگی دووەم، (هەولێر ـ چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2019).

5- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.    

6- حەمید گەوهەری، مەدالیای بارزانی بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنانە، بەرگی یەکەم، (هەولێر ـ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ـ چاپخانەی حاجی هاشم 2014).

7- حەبیب محەمەد کەریم, مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عێراق (لە قۆناغە سەرەکییەکاندا) 1946 - 1993, (دهۆک ـ چاپخانەی خەبات 1998).

8- شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاریی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر ـ چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).

9- عەلی سەنجاری، دۆزی کوردی و حزبی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک ـ چاپخانەی خانی - 2012).