ئیبراهیم تۆفیق ئەحمەد، لە ساڵی ١٩٧١ لە گوندی ناوێی سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایک بووە، دانیشتووی کۆمەڵگەی زۆرەملێی باریکەی نزیک سەیدسادق بووە و تا پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٨٨ ئیبراهیم تۆفیق ئەحمەد پاش ئەنجامدانی چالاکییەک لە سەیدسادق، ماڵەکەیان لە باریکە لەلایەن ئەمنیی سلێمانی و ئەمنیی سەیدسادقەوە سووتێنراوە و باوک و براکەی بە ناوی محەمەد بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ وەک زیندانیی سیاسی لە ئەمنە سوورەکەی سلێمانی زیندانی کراون و باوکی لەژێر ئەشکەنجەدا هەردوو چاوی لەدەست داوە.
لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە لێژنەی ناوچەی پێنجوێنی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ بووەتە پێشمەرگە لە مەفرەزی عەبدوڵڵا سەعید مەعروف، کە سەر بە کەرتی سەربازیی ناوچەی پێنجوێن بووە، بەشداریی لە چەندین شەڕدا کردووە، لەوانە شەڕی ئەحمەدئاوا لە ساڵی ١٩٨٦، شەڕی قەرەداغ لە ساڵی ١٩٨٧، شەڕی قارەمانانەی خواکوڕک لە ساڵی ١٩٨٨ و چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی شارەزوور و شاری هەڵەبجە.
لە ساڵی ١٩٨٧ لە شەڕی قەرەداغدا، کە ڕووبەڕووبوونەوە بوو لەگەڵ جاش و سەربازانی ڕژێمی بەعس، گوللەیەک بەرکەوتووە و بریندار بووە، لە ساڵی ١٩٨٨یشدا بۆ جاری دووەم لە شەڕی قارەمانانەی خواکوڕکدا گوللەیەک بەرکەوتووە و بریندار بووە.
لە ساڵی ١٩٩١ بەشداریی لە ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستاندا کردووە وەک ئازادکردنی شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق، ناحیەی ناڵپارێز، ناحیەی عەربەت، شاری سلێمانی و شاری کەرکووک.
لە ٢٠ی ئاداری ١٩٩١ لە ئازادکردنی شاری کەرکووکدا، لە بارەگای ئەمنیی بەعس گوللەیەک بەرکەوتووە و شەهید بووە.
سەرچاوە:ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان








