ئیبراهیم محەمەد سولەیمان لە ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی وڵەسمتی، لە بناری چیای سورێن لە قەزای سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە؛ سەرەتا گوندنشین بووە و قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندنی لە گوندەکە تەواو کردووە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ڕژێمی عێراق لەو کاتەدا گوندەکانی ئەو ناوچەیەی وێران کرد و خەڵکەکەی ناچار کرد لە چەند کەمپێکدا لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا دابەش ببن، بۆیە ئیبراهیم محەمەد دانیشتووی کەمپی شانەری بوو لە نزیک سەیدسادق.
لە ساڵی ١٩٨١ بووە پێشمەرگە لەلایەن ئەنوەر حاجی عوسمان، کە سەر بە هێزی سورێنی لقی چواری کۆمیتەی قەزای دەربەندیخانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەشداری لە شەڕەکانی ڕەزڵە و پەرەزان، شەڕی باڵخە، چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی شارەزوور، شەڕی نالپارێز و شەڕی کەوڵۆز کردووە.
لە تەمموزی ١٩٨٣، لەگەڵ گروپێک لە هاوڕێکانی بە فەرماندەیی ئەنوەر حاجی عوسمان، دوای ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور، پێشمەرگەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەسەر ماڵەکانی کەمپی شانەریدا بڵاوبوونەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، بەڵام ئیبراهیم محەمەد سولەیمان لەلایەن سەرۆک جاشێکەوە دەستگیرکرا و ڕادەستی ئاسایشی سەیدسادق کرا، پاشان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی شاری کەرکوک کرا و حەوت مانگ دواتر نێردرایە زیندانی ئەبوغرێب و لە شوباتی ١٩٨٤ لەسێدارەدرا و شەهید بوو.
سەرچاوە:ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی








