مامۆستا جەلال عەبدولڕەحمان ئەمین، لە ساڵی 1947دا تێکەڵی ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1959دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی شەشەم) هەڵبژێردراوە. لە ساڵانی (1960 - 1961)دا بەرپرسی لقی دووی پارتی بووە. لە ساڵی 1961دا لە دەستی پۆلیسی عێراق ڕایکردووە و تێکەڵی هێزەکانی پێشمه‌رگه بووە. لە ساڵی 1964دا دەستی لە کاری حزبی هەڵگرتووە.

ژیاننامە

مامۆستا جەلال عەبدولڕەحمان ئەمین (1928 - 1987) کە بە (جەلال عەبدولڕەحمان شیوانی و جەلال عەبدولڕەحمان بەگ، مام ڕەش و جەلال بەگ شیوانی) ناسراوە، لە کەرکووک لەدایک بووە. لە ساڵی 1953دا لە زانکۆی باڵای مامۆستایانی شاری به‌غدا دەرچووە. لە ساڵانی (1953 - 1957)دا بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی ڕێدار لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای کەرکووک بووە. لە ساڵی 1960دا لەگەڵ زێبا عەبدولوەهاب موختار لە شارۆچکەی کۆیە هاوسەرگیری کردووە. لە ساڵی 1957دا کارەکەی بۆ چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای کەرکووک گواستراوەتەوە.

لە 18ی حوزەیرانی 1987دا لە گوندی مام ڕەشی سەر بە پارێزگای کەرکووک، کە شوێنی لەدایکبوونی بوو، بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شێخ موحیەدینی شاری کەرکووک بە خاک سپێردراوە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکمانی و ئینگلیزی زانیوە.

خەباتنامە

لە ساڵی 1947دا تێکەڵی ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1949دا لە خۆپیشاندانەکانی دژی دەسەڵاتی پاشایەتیی عێراق لە شاری کەرکووک لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە گیراوە و دواتر نێردراوە بۆ زیندانی کەمپی سەربازیی وەشا لە نزیک شاری به‌غدا. لە ساڵی 1953دا تێکەڵی ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە. لە ساڵی 1958دا بووەتە هۆکاری تێکەڵبوونی خەڵکی ناوچەی شیوانی سەر بە سنووری پارێزگای کەرکووک لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان. لە ساڵی 1958دا ئەندامی ناوچە بووە لە کۆمیتەی ناوچەی کەرکووکی سەر بە کۆمیتەی لقی سێی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان. لە ساڵی 1959دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی - عێراق (کۆنگرەی شەشەم) هەڵبژێردراوە.

لە ساڵی 1959دا بووەتە بەرپرسی کۆمیتەی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق. لە 10ی ئەیلوولی 1959دا نوێنەری کۆنگرەی یەکەمین یەکێتی مامۆستایانی کورد (کۆنگرەی یەکەمین لە شەقڵاوە) بووە. لە ساڵی 1960دا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری قۆناغی ئاشکرای پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1960دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی پێنجەم) هەڵبژێردراوە. لە ساڵانی (1960 - 1961)دا بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1961دا لە دەستی پۆلیسی عێراق ڕایکردووە و تێکەڵی هێزەکانی پێشمه‌رگه بووە. لە ڕۆژانی 18 - 23ی کانوونی یەکەمی 1961دا بەشداری کۆبوونەوەی ئەودەلانی بووە و بە بەڵێ دەنگی بۆ بەردەوامیی شۆڕشی ئەیلوول داوە. لە ساڵی 1962دا لە کاتی چالاکییە نهێنییەکاندا گیراوە، ئەشکەنجە دراوە و لە زیندانی شاری به‌غدا زیندانی بووە.

لە 10ی حوزەیرانی 1963دا بەشداری شەڕی شیوەسوری سەر بە سنووری پارێزگای کەرکووک دژی هێزەکانی پاسەوانی نەتەوەیی (ئەلحارەس ئەلقەومی) بووە. لە ساڵی 1963دا بەرپرسی کۆمیتەی لقی دوو بووە. لە ڕۆژانی 4 - 9ی نیسانی 1964دا بەشداری کۆبوونەوەی بەرفراوانی ماوەت بووە، کە دژی دوورخستنەوەی سەرۆک مستەفا بارزانی (1903 - 1979) لە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن مکتب سیاسییەوە بوو. لە 8ی نیسانی 1964دا ئەندامی شاندی کۆبوونەوەی بەرفراوانی ماوەت بووە بۆ سەردانی سەرۆک مستەفا بارزانی و لە 10ی نیسانی 1964دا لە گوندی سەنگەسەری سەر بە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی دیداری کردووە و دەگەنە ئەنجامی ئەنجامدانی کۆنگرەی شەشەم. بەڵام بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک دژی سەرۆک لەلایەن مکتب سیاسییەوە کارەکەیانی بێ ئەنجام هێشتەوە.

سەرچاوە :

1 - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

2 - ساڵح ڕەشید (ئامادەکار)، دیداری تەمەن، بەشی یەکەم، چاپی دووەم، (سلێمانی – چاپخانەی کارۆ – 2017)، ل. 183 - 184.

3 - ئەحمەد بانی خێڵانی، بیرەوەرییەکانی من، (شاری به‌غدا – وەشانی ئەلڕوواد ئەلموزدەهیرە بۆ چاپ و وەشاندن و ڕاگەیاندن – 1995)، ل. 163.

4 - جەمال نەبەز، بیرەوەرینامەی ئەو ڕۆژانەی کە جارێکی تر نایەن، (سلێمانی – چاپخانەی شیڤان – 2017)، ل. 355.

5 - چەپکێک لە مامۆستایانی بە ئەزموونی هەرێمی هەولێر، بەرگی یەکەم، (هەولێر – بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە – چاپخانەی فەرەج – 2019)، ل. 201.

6 - حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (لە قۆناغە سەرەکییەکاندا) 1946 – 1993، (دهۆک – چاپخانەی خەبات – 1998)، ل. 61، 67 - 68.

7 - ڕەفیق شیوانی، عەشیرەتی شیوان و ناوچەی شیوان، (شاری به‌غدا – 2016)، ل. 110 - 111، 267 - 268، 275، 324، 374.

8 - شەکیب ئەکراوی، ساڵانی زەحمەتی لە کوردستان: ڕووداوە سیاسی و سەربازییە هەرە گرنگەکان لە کوردستان و عێراق لە 1958 هەتا 1980، چاپی دووەم، (هەولێر – چاپخانەی منارە – 2007)، ل. 154.

9 - شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – 2013)، ل. 111.

10 - عەبدولستار تاهیر شەریف، تێکۆشان دژی ژیان (بیرەوەری) 1935 – 1971، (کەرکووک – چاپخانەی عەرەبسا – 2005)، ل. 36، 102.

11 - عەلی سینجاری، پرسی کورد و پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک – چاپخانەی خانی – 2012)، ل. 326 - 327.

12 - عەلی سینجاری، ڕاستیی گەشتی شۆڕشی 11ی ئەیلوولی 1961، (دهۆک – چاپخانەی خانی – 2013)، ل. 292.

13 - عەلی سینجاری، بیرەوەرییەکانی من لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا، (دهۆک – چاپخانەی خانی – 2015)، ل. 20.

14 - فایەق جەمیل، بیرەوەرییەکانی من، بەشی دووەم، گۆڤاری خازر، ناوەندی ڕۆشنبیریی بەردەڕەش، ژمارە 33، کانوونی دووەمی 2010، ل. 16.

15 - کاوس قەفتان، بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستانی عێراق 1958 – 1964، (سلێمانی – بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاپ و وەشاندن – 2004)، ل. 16، 162.

١٦ - کەیفی هادی، بیرەوەرییەکانی خۆی لەبارەی دەستپێکی خەبات و کاری پێشمه‌رگه له‌گەڵ خوێنەرانی گۆڤارەکەمان دەگێڕێتەوە، گۆڤاری دێرین، ئۆرگانی مەکتەبی ڕاگەیاندنی لقی دووی هەولێر، ژمارە ١، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، شەممە، ٤ حوزەیران ٢٠٠٥، ل ٨.

١٧ - کۆنگرەی مامۆستا و ئەدیبانی کورد لە شەقڵاوە، گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٦٢، عام ٦، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، سێشەممە، ١٥ ئەیلول ١٩٥٩، ل ١، ٤.

١٨ - کۆنگرەی پێنجەمی حزب دیموکراتی کوردستان، گۆڤاری ڕۆژی نوێ، ژمارە ٣، عام ١، سلێمانی، حوزەیران ١٩٦٠، ل ٥٦.

١٩ - کۆنگرەی ناوخۆیی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە، (سلێمانی – چاپخانەی کامەران – ١٩٦٠)، ل ٧٧.

٢٠ - مەعروف خەزنەدار، ڕۆژانی من: پێکهاتن ١٩٣٠ – ١٩٤٩، بەرگی یەکەم، (هەولێر – چاپخانەی حاجی هاشم – ٢٠٠٩)، ل ٢١٢ - ٢١٣.

٢١ - مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، (هەولێر – چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – ٢٠٠٢)، ل ١٣٧.

٢٢ - مستەفا نەریمان، بیرەوەرییەکانی ژیانی من، (شاری به‌غدا – دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی – چاپخانەی (دار الحرية للطباعة) – ١٩٩٤)، ل ١٧١ - ١٧٢.