ژیاننامە

حەجی شێخۆمەر بێڕۆخی لە زستانی ساڵی ١٩١٦ لە گوندی بێڕۆخ لە ناوچەی شەمزینانی ڕوژهه‌لاتی کوردستان لەدایک بووە، لە مزگەوتەکاندا خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٤٥ پاش تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان، ٤ ساڵ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دەستگیر دەکرێت، پاش ئەوەی ئازاد دەبێت، دەچێتە دەڤەری خۆی و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لە ساڵی ١٩٥٩ پاش گەڕانەوەی مستەفا بارزانی جارێکی دیکە گەڕایەوە باشووری کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٥ پاش تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، کۆچبەری ئێران دەبێت، لە گوندی جەلدیانی شارۆچکەی شنۆ نیشتەجێ دەبن، پاشان لە لایەن حکوومەتی ئێرانی ئەو سەردەمەوە بۆ شاری یەزد دوورخرایەوە، لە تەممووزی ١٩٧٦ خێزانەکەی دەچنە ئەو شارە و یەکتریان بینییەوە، لە ساڵی ١٩٨٩ کۆچی دوایی کردووە.

خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٤٣ تێکەڵی پێشمه‌رگه‌کانی شۆڕشی دووەمی بارزان بوو و دەبێتە سەرقول، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ کاتێک مستەفا بارزانی لە سلێمانییەوە گەڕایەوە بارزان، هێزە شۆڕشگێڕەکان بە فەرمانی بارزانی چەندین ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام دا، یەکێک لە چالاکییەکان هێرشکردنە سەر قەڵای گوندی زێتێی دەڤەری گەردیان بوو، لەم چالاکییەدا حەجی بێڕۆخی سەرکەوتوو دەبێت. لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٣ سوپای عێراق بۆ تێکشکاندنی هێزە شۆڕشگێڕەکانی بارزانی لە لایەن ڕواندزەوە هێرشی کردە سەر دەڤەری گۆرتوو، حەجی بێڕۆخی وەک فەرماندە بەشداری ئەو بەرگرییە بوو. بەشداری داستانی مەزن لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٤٣، شەڕی بادیلیان-کەونەگوند لە ٢٨ی ئاب، ١٩٤٥، داستانی مەیدانی مۆریک لە ٥ی ئەیلوول دەبێت و لە داستانی مەیدانی مۆریکدا بە سەختی بریندار دەبێت.

لە ساڵی ١٩٤٥، پاش تێکچوونی شۆڕشی دووەمی بارزان، حەجی بێڕۆخی بە هۆی برینە سەختەکانییەوە نەیتوانی لەگەڵ مستەفا بارزانی بچێتە ڕوژهه‌لاتی کوردستان، لەبەر ئەوە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە دەستگیر کرا و پاش ٤ ساڵ لە زیندان، هەوڵیان دا ڕادەستی جەندرمەی تورکی بکەن. لە ساڵی ١٩٥٩ پاش گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەت، حەجی بێڕۆخی چوو بۆ لای ئەو، ئەمە دەبێتە دەستپێکی دیسانەوە پەیوەندی حەجی بێڕۆخی.

لە ساڵی ١٩٦١ حەجی بێڕۆخی و چەند کەسێکی عەشیرەتەکەی تێکەڵی هێزی پێشمه‌رگه‌کانی شۆڕشی ئەیلوول بوون. لە ١٦ی ئەیلوولی ١٩٦١ بەشداری شەڕی چیای پیرسی لە ئاکرێ بوو دژی هێرشی سوپا بۆ سەر ناوچەکانی هێزی شۆڕشگێڕ. لە هەمان ساڵدا بەشداری داستانی لۆمان لە دەڤەری بادینان دەبێت. لە ساڵی ١٩٦٢ بەشداری شەڕەکانی باعدرێ و ئەترووش دەبێت.

لە ٢٨ی ئایاری ١٩٦٢ لەگەڵ مستەفا بارزانی گەڕایەوە دەڤەری ڕواندز و باڵەکایەتی، لە ٤ی نیسانی ١٩٦٢ ئەو و چەند فەرماندەیەکی دیکەی پێشمه‌رگه‌ قەڵای ڕایات لە ناوچەی حاجی ئۆمەران گەمارۆ دەدەن، لە ئابی ١٩٦٢، پاش ئەوەی لەگەڵ مستەفا بارزانی گەیشتە دەڤەری خۆشناوەتی، بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی قەڵای هیران و نازەنین بوو، بنکەی خۆی لە هیران و نازەنین دانابوو. لە ٢٥ی ئەیلوولی ١٩٦٢ پێشەنگایەتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کرد بۆ ڕزگارکردنی دەڤەری خواکوڕک لە ناوچەی سیدەکان.

لە ٤ی شوباتی ١٩٦٣ لەگەڵ مستەفا بارزانی چوونە ڕواندز و قەڵادزێ، بۆ لێدانی خۆفرۆشان، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣ وەک فەرماندە بەشداری شەڕی دەربەندی کۆر دەبێت، لە ١٣ی تەممووزی ١٩٦٣ بەشداری شەڕی سپیلک لە نزیک گوندی کەلەکین بوو، لە ٢٤ی ئابی ١٩٦٣ بەشداری شەڕی کوران دەبێت و وەک فەرماندە ڕۆڵێکی گەورە لەو شەڕەدا دەگێڕێت، لە ٣٠ی ئابی ١٩٦٣ لە کۆلانادەری چیای پیران هێرشێکی گەورەی سوپای عێراقی پووچەڵ کردەوە، لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٦٣ بە سەرپەرشتی لوقمان مستەفا بارزانی لە شوێ گوندی هێڵێکی بەرگرییان دروست کرد و چەندین شەڕ لە نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپادا ڕوویدا.

لە کانوونی دووەمی ١٩٦٤ لەگەڵ مستەفا بارزانی چوونە دەڤەری پشدەر و ڕانیە، لە ساڵی ١٩٦٥ تا ١٩٧٠ حەجی بێڕۆخی لە هەموو هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر چیای زۆزک، گەلیی عومەر ئاغا، سەرتێز و گەلیی بێشە ڕۆڵی فەرماندەیەکی وێرەک و ژیر بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و بەرگری گێڕا.

لە ٦ی نیسانی ١٩٦٦ فەرماندەیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کرد کە بەرامبەر هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر گەلیی عومەر ئاغا ڕووبەڕوو ببنەوە، لە ساڵی ١٩٦٧ پاش دامەزراندنی هێزی باڵەک حەجی بێڕۆخیبوو بە فەرماندەی بەتالیۆنی یەکەمی ئەو هێزە، لە ساڵی ١٩٦٨ لە ڕووباری موسەکا تا گەلیی عومەر ئاغا، چیای زۆزک، چیای بێشە، چیای سەرتێز و جادەی هامڵتۆن کەوتە ژێر سەرپەرشتی حەجی بێڕۆخی وە.

لە ساڵی ١٩٧٤ پاش دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، بەرپرسیارێتی بەرەکانی چیای زۆزک، دەشتی دیانا، گەلیی عومەر ئاغا و چیای سەرتێز لە ئەستۆی ئەو بوو، زۆربەی هێرشەکانی سوپای عێراقی پووچەڵ کردووە، تا ساڵی ١٩٧٥ پێشمه‌رگه‌کانی لەوێ بوون بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن سوپای عێراق پێشڕەوی بکات.

لە ساڵی ١٩٨٠ جارێکی دیکە تێکەڵی پێشمه‌رگه‌کانی شۆڕشی گوڵان بوو، هێزێکی لە ٩٠ پێشمه‌رگه‌ پێکهێنا، کە لە دەڤەری خانێ بەرەو دەڤەری کەوپەر چالاکی ئەنجام بدەن و لەوێوە بەرەو گەلیی توێ بچن، لە حاجی ئۆمەران چەندین هێرشیان بۆ سەر سوپای عێراق ئەنجام دا، تا ئەو کاتەی نەخۆش کەوت تێکۆشانی خۆی بەردەوام کرد.

سەرچاوە:
  • ١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.