ژیاننامە 

سلێمان عومەر عەبدوڵڵا، پێشمەرگە و هاوڕێی بارزانی لە یەکێتی سۆڤێت، لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی خەلان لە ناحیەی مەزنێی قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایکبووە.

 

لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٥٩، بەشداری لە شەڕی لۆلانی هەولێر کردووە و شەهید بووە.

بیرەوەری خەبات 

لە ساڵی ١٩٤٥، پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە. دوای شکستپێهێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان، لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ بەرەو کوردستانی ڕۆژهەڵات دەچێت. لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦، لە مەهاباد بووە پێشمەرگە لە هێزەکانی بارزانی لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان. دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، بەشداری لە شەڕەکانی خەڵەفان و جەلدیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە.

 

یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگەی خاکەکانی کوردستانی باکوورەوە (دەشتەکانی خوڕکوڕک و بەرازگرەوە) گەڕاونەتەوە ناوچەی شێروان و مزووری.

مستەفا بارزانی لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندی ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوڕێکانی ئەنجام دەدات، مۆڵەتیان پێدەدات کە بژاردەی مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤێت هەڵبژێرن، کە هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان دا درێژە بە ڕێگاکە بدەن و بچن بۆ یەکێتی سۆڤێت. لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧، یاوەری مستەفا بارزانی کردووە بۆ یەکێتی سۆڤێت و بەشداری لە شەڕی چەمی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ کردووە، و دوای ماندووبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ڕووباری ئاراسی بەزاندووە بۆ ناو سۆڤێت. ئەو ڕووبارە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤێت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤێت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، لەگەڵ سەرجەم هاوڕێکانیان لە شاری نەخچەوان لە کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی چۆڵکراو دانران کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانی دەکران و سەبارەت بە خواردن، جلوبەرگ و هاتوچۆ وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. دواتر بە بڕیاری حکومەتی سۆڤێت، بەسەر ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئەیڤلاخ و کەلبەجەر لە ئازەربایجان دابەشکران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧، گواسترانەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، و لە ٢٣ی هەمان مانگدا، جلوبەرگی سەربازییان پێدرا و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر لەژێر چاودێری ئەفسەرانی ئازەربایجانی مەشقیان پێکرا. لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوڕێ خوێندەوارەکانیانەوە وانەی زمانی کوردییان پێ دەوترا.

دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بارزانی بڕیار دەدات کەمپە سەربازییەکەی لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچیک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، کە لەوێ درێژە بە مەشقە سەربازییەکانیان بدەن.

لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوڕێکانی بە شێوەی گرووپ و یەکە بە شەمەندەفەر بەسەر گوندەکانی یەکێتی سۆڤێتدا دابەشکران و لە کێڵگە کۆلخۆزەکاندا (زەوییەک کە خەڵک لە حکومەتیان بەکرێ دەگرت و پاشان پشکی حکومەتیان دەدایەوە) کاریان کرد.

دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەستی ستالین کە تێیدا بارزانی باسی کێشەی هاوڕێکانی دەکات و ستالین دەستبەجێ بڕیار دەدات لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی پێکبهێنێت، و دواجار بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤسکی کۆبکەنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێت بۆ شاری ڤریڤسکی سۆڤێت.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩، بەپێی هەردوو ماددەی سێ و حەوت و بڕگەی (الف)ی ماددەی دە، و کارکردن بە ماددەی ١١، بەپێی یاسای هەموارکراوی ژمارە ١٩ی ساڵی ١٩٥٩، ئەو و هاوڕێکانی کەوتنە بەر لێبوردنی گشتی.

 

لە ساڵی ١٩٥٨، کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتی گرۆزا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری عێراق گەڕانەوە کوردستان.

سەرچاوەکان:

 

  1. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).

  2. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌لات - ٢٠١٣ز). 

  3. عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).

  4. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).

  5. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).

  6. محه‌مه‌د توفیق ووردی، چوونی بارزانیانی قاره‌مان بۆسۆڤێت، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی هاوسه‌ر - ٢٠٠١ز).

  7. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).

  8. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).

  9. ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره‌ AI-١٠، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه‌ له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه‌، ٢٠١٦ز.

  10. ئـ.دئـ، فایلی ژماره‌ AN-٩٨، وینه‌ی هه‌ڤاڵی بارزانی نه‌مر سلێمان عومەر خه‌لانه‌یی له‌لایه‌ن سامی عبدی له‌ ڕێكه‌وتی ١٢ ته‌مووزی ٢٠٢١ز پێشكه‌ش كراوه‌