شێخەڵڵا ئیبراهیم شێخەڵڵا لە ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی جاستان لە ناحیەی دیبەگە سەر بە قەزای مەخموور لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە دیبەگە تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٦٠ پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە، لە ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٦٤ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووە پێشمەرگەی فەوجی فارس باوە، پلەی کادری سیاسی لە لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان وەرگرتووە، بەشداری لە شەڕەکانی کۆیە، شاخی باواجی، دۆڵی بالیسان، مێرگە و پشدەر دژی سوپاى عێراق کردووە، لە شەڕی شاخی ئاسۆس لە ساڵی ١٩٦٥ لە قاچی ڕاستی بریندار بووە، لە ساڵی ١٩٦٧ بە فەرماندەی کەرتی فەوجی دەشتی هەولێری یەکەم دانراوە.

دوای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ وەک ژمێریار لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر کاری کردووە، لە ساڵی ١٩٧٢ لە پەیمانگای ئیسلامی هەولێر دەرچووە، لە ساڵی ١٩٧٤، دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق نەیتوانی پابەندی ڕێککەوتنی ١١ی ئادار بێت و شەڕ دەستیپێکردەوە، شێخەڵڵا ئیبراهیم پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی سەر بە هێزی دەشتی هەولێر کرد، کە بارەگای سەرەکی خۆی لە گوندی زێوە لە ناوچەی خۆشناوەتی کردەوە.

لە ساڵی ١٩٧٥، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، پەنای بۆ ئێران برد و لە شاری شنۆ نیشتەجێ بوو، پاشان چوو بۆ دزفول. لە ڕۆژی پێنجەمی تشرینی یەکەمی ١٩٧٥ گەڕایەوە عێراق و بۆ شەتڕە لە پارێزگای بەسرە دوورخرایەوە، لە ساڵی ١٩٧٦ بۆ شاری ناسرییە دوورخرایەوە، لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕایەوە هەولێر و دوای ساڵێک شاری هەولێری بەجێهێشت و بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێکەوت.

لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان کرد. لە ساڵی ١٩٨١ لە کۆنفرانسە ناوخۆییەکاندا بە ئەندامی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، لە ساڵی ١٩٨٢ بە ئەندامی کارای لق دانرا، لە کاتی هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچەی شێخ وسنان لە ١٤ی نیسانی ١٩٨٧ بە سەختی بریندار بوو، لە هەمان ساڵدا چەند چالاکییەکی فیدایی دژی سوپاى عێراق لە ناوچەی خۆشناوەتی ئەنجامدا، تا ساڵی ١٩٨٨ لەوێ مایەوە، لەوێوە چوو بۆ هەولێر و کۆیە بۆ ئەنجامدانی هەندێک چالاکی فیدایی.

لە ساڵی ١٩٨٨ گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بەرپرسی کۆمەڵگەی زێوە دانرا، دوای كۆنگره‌ی ده‌یه‌می پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لقی دوو گواسترایەوە و لەگەڵ مفرازەیەک پێشمەرگە گەڕایەوە هەولێر و خۆشناوەتی. لە ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕایەوە باشووری کوردستان و بەشداری لە ئازادکردنی سۆران و خەلیفان و هەولێر کرد. لە ٢٠ی ئازاری ١٩٩١ لەگەڵ پێشمەرگەی لقی دوو بەشداری لە ئازادکردنی کەرکووک کرد.

لە ١٩ی ئازاری ١٩٩٢ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کابینەی یەکەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شێخەڵڵا ئیبراهیم بە بریکاری وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری دانرا، لە ساڵی ١٩٩٩ بە جێگری بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا. لە ساڵی ٢٠٠٥ بە ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ خانەنشین کرا.

لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، مەدالیای بارزانی لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆنگرەی سێزدەیەم ی پارتی دیموکراتی کوردستان پێبەخشرا.

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.