عەبدوڵڵا زیاب عەلی، لە ساڵی 1929 لە گوندی زێوەی سەر بە ناحیەی بارزانی قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان بۆ کۆماری تورکیا کردووە، لە یەکێتیی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە، دوای گەڕانەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت، لە ساڵی 1959 لە کەرکووک وەک فەرمانبەر دامەزراوە، لە 02.12.2006 کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گوندی بارزان بە خاک سپێردرا.
خەباتنامەعەبدوڵڵا زیاب عەلی، دوای تێکچوونی شۆڕشی بارزانی دووەم لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 پەڕییەوە ڕوژههلاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە ناو هێزی بارزانی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بوو بە پێشمهرگه، لە 3ی ئایاری 1946 بەشداری شەڕی مڵقەرەن بوو، دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە 25ی ئاداری 1947 بەشداری شەڕی هەڤریس و هەلەجە بوو.
یەکێک بوو لەو پێشمهرگانهی کە لە 19ی نیسانی 1947 بە ڕێگەی خواکورک و دەشتی بەرەزگر لە ناو خاکی باکووری کوردستان گەڕانەوە ناوچەکانی شیروان و مزووری.
دوای گەڕانەوەیان، مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرزۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچنە سۆڤیەت، لەوێ هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بچنە یەکێتیی سۆڤیەت، لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت چوو و لە شەڕی گەلیی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و دوای زەحمەتییەکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە بە تێلی دڕکدار دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان پێ درا و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواریانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجان بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازییان بەردەوام کرد.
لە ئاداری 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە گروپ گروپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن مستەفا بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی خاڵەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی خاڵی 10 و خاڵی 11ی یاسای گۆڕانکاری ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.
لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
لە ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بوو، لە شەڕەکانی زاوێتە، گەلیی نەهلێ، دهۆک، ئامێدی، زاخۆ، ئاکرێ، میرەبا و شێخان بەشدار بووە، لە شۆڕشی ئەیلوول دا جێگری فەرماندەی هێزی یەکەم بوو.
لە ساڵی 1962 بەشداری شەڕەکانی باڵەکایەتی، خۆشناوەتی و دەوروبەری کۆیە، پیرس، میلا سارێژێ، بارزان، پردی ڕێزان و سەری بێدارینی بووە. لە ساڵی 1964 بە فەرمانی مستەفا بارزانی وەک قایمقامی ڕانیە دامەزرا و لەو ناوچەیە بریندار بوو و بۆ چارەسەر ڕەوانەی ئێران کرا.
عەبدوڵڵا زیاب عەلی، لە 11ی ئاداری 1970 بوو بە پاسەوانی سنوور، لە ساڵی 1975، دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ باشووری عێراق گواسترایەوە.
لە ساڵی 1982 بەشداری شۆڕشی گوڵان بوو و سەرقول بوو، لە شەڕەکانی کێلەشین، حاجی ئۆمەران بەشدار بووە، لە ساڵی 1983 وەک پەنابەر چوو بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی 1988 بەشداری داستانی خواکورک بوو، لەسەر فەرمانی مەسعوود بارزانی بوو بە بەرپرسی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و خۆراک، لە ساڵی 1991 گەڕایەوە کوردستان و لە گوندی دەربوتکەی ناحیەی بارزانی قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر نیشتەجێ بوو، بە فەرمانی مەسعوود بارزانی وەک بەرپرسی کۆمیتەی نزارێ لە ناوچەی بارزان دەستنیشان کرا، پاشان لە پیرمام نیشتەجێ بوو.
سەرچاوە:-
تێکۆشەری نەمر مەلا عەبدوڵڵا زیاب زێوەیی، گۆڤاری دەنگی پێشمهرگه، ئۆرگانی مەکتەبی گشتی ڕێکخستنی پێشمهرگه، ژمارە 94، هەولێر، چاپخانەی ئاراس، کانوونی دووەمی 2006.
-
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانان، یەکە ئیدارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەی خێزان و دانیشتووان، هەولێر، 2009.
-
سەردار جاف، پێشمهرگهی دێرین مەلا عەبدوڵڵا زیاب عەلی، من شانازی دەکەم کە لە منداڵییەوە پێشمهرگهی بارزانیم، گۆڤاری دەنگی پێشمهرگه، ئۆرگانی مەکتەبی گشتی ڕێکخستنی پێشمهرگه، ژمارە 28، هەولێر، چاپخانەی ئاراس، 30.04.2000.
-
شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).
-
کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتی سۆڤیەت، چاپی ١، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١).
-
گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٥٤، ساڵی ٦، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی، ١٥.٠٤.١٩٥٩.
-
لە بیرەوەری فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی دا، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧).
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).
-
نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی ١، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی حزب دیموکراتی کوردستان - ١٩٩٦).
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.


