ژیاننامە

محەممەد لە پاش خۆی قادۆ و محەممەد کە دوای شەهیدبوونی باوکی تەمەنی یەک مانگ بوو ناوی باوکی محەممەدی لە پاش خۆی بەجێهێشت. دوای کوشتنی کاپتن سکۆت والیی ئاکرێ و ئەلبای بیل والیی مووسڵ لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩١٩، مەیدانی کوشتنەکە بۆ فارس ئاغای زێباری هەژمار کرا و هێزەکانی سوپای عێراق بە پشتیوانیی هێزە ئاسمانییەکانی بەریتانی هێرشێکیان ئەنجام دا و گوندەکانی زێبار و گوندی بانیش لەنێویاندا لەلایەن فڕۆکەکانی بەریتانیاوە بۆردومان کران و لە ئەنجامی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە شەهید و بریندار کەوتن.

باوکی قادۆ لەگەڵ فارس ئاغا چوو بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چوو بۆ لای سمکۆی شکاک و بەشداریی شۆڕشی سمکۆی کرد تا ٥ی ئایاری ١٩٢١ کە گەڕانەوە باشووری کوردستان. لەبەر ئەوەی خێزانەکەی شوێنکەوتووی ڕێگەی تەکیەی بارزان بوون، لەگەڵ مستەفا بارزانی هەمیشە پەیوەندییان هەبوو، لەگەڵ مەحموود ئاغای زێباری هاوکاریی شۆڕشی بارزانی دووەمی کردووە و لە ساڵی ١٩٤٥ بەشداریی لە شەڕی چیای پیرس کردووە.

خەباتنامە

عەبدوڵڵا قادۆ لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بانییەوە هاتە ئاکرێ، بەڵام بەهۆی بارودۆخی نالەبار نەیتوانی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ شۆڕش دابمەزرێنێت و تا دەرفەت نەڕەخسا، پەیوەندییەکان بە نهێنی مانەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠، دوای دیداری لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد مستەفا بارزانی بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی کە ئەو کات بەرپرسی ئاژانسی پاراستن بوو، گەڕایەوە ناو ڕیزەکانی شۆڕشی کوردستان، دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و بە ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوول دا و دامەزراندنی هێزی ئاکرێ بە سەرپەرشتیی زوبێر مەحموود زێباری، بوو بە فەرماندەی تاپۆری دووەمی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. شەهید عەبدوڵڵا قادۆ لە ساڵی ١٩٧٠ لە شەڕەکانی بەردەڕەش، هەزارجووت، لەکان، خەلیلکان، شێرەسوار، شەڕی سەردەریا، شەڕی لەکان لە ساڵی ١٩٧١، شەڕی گرگۆران لە ساڵی ١٩٧٢ بەشدار بووە و لەم شەڕەدا بریندار دەبێت، هەروەها لە شەڕەکانی ئاکرێی ساڵی ١٩٧٣، شەڕی ڕاوێتا لە ساڵی ١٩٧٤، بەردەڕەش، پردی مەندان، باشیک و بارزان لە نزیک مووسڵ، هەجیڕۆک، چیای مەقلووب، شەرمین، ڕابیشات، خێلافەت، باکرمان، باجێرە، لە ساڵی ١٩٧٥ لە شەڕی سەری شۆش و باکرمان بەشدار بووە.

لە ساڵی ١٩٧٥، دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (وڵاتی پاشایەتیی ئێران) بوو، لە ساڵی ١٩٧٦، لە سەرەتای شۆڕشی گوڵان دا، پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش دەکات و لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی و نەمر ئیدریس بارزانی، بۆ ئاگادارکردنەوە، ڕێکخستن و ناردنی پەنابەرانی شارەکانی ئێران بۆ بەشداری لە شۆڕشی گوڵان ی باشووری کوردستان، ئەرکدار کراوە، بۆیە چەندین جار لەلایەن ئاژانسی ساواکی ئێرانەوە گیرا و لەبەر ئەوەی ناوی لەناو پەنابەر، خزم، دۆست و ناسیاوانی عەبدوڵڵا قادۆدا هەبوو و لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بە ناوی عەبدوڵڵا قادر دەناسرا و تۆمار دەکرا، هەر جارە ئازاد دەکرا، دوای ڕووخانی ڕژێمی شای ئێران پەیوەندی لەگەڵ شۆڕشی گوڵان و سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری ساوی ئێران گەڕانەوە کوردستان بۆ کەمپی پەنابەرانی زێوە، لەگەڵ پێشمەرگەکانی خۆی بوو بە پاسەوانی سەرۆک و مەکتەب سیاسی تا کۆتایی ساڵی ١٩٨١، وەک فەرماندە لە شەڕی یەکەمی حاجی ئۆمەران و شەڕی دووەمی حاجی ئۆمەران بەشدار بووە.

لە ساڵی ١٩٨٢ وەک هێزێکی کاریگەر دژی حکوومەتی عێراق گەڕایەوە باشووری کوردستان و فەرماندەیی شەڕەکانی ساڵی ١٩٨٢ی مەیدانکا ڕیڤیا، کانی چنارۆک، گرتنی سەنگەرەکانی دوژمن لە چیای گارە، گرتنی سەنگەرەکانی دوژمن لە باکرمان، شەڕی سیانەی گارە دەکات، لە شەڕی سیانەی گارەدا دوژمن سێ شەو و ڕۆژ هێرشەکانی لەسەر ناوەندی کۆمیتەی ناوچەی ئاکرێ بەردەوام کرد و دوای شکستهێنان ناچار بوون پاشەکشە بکەن و ٢ هەلیکۆپتەری دوژمنیان خستە خوارەوە و بریندار بوو، (هۆشیار زێباری بەرپرسی ئەم شەڕە و بابەکر زێباری بەرپرسی سەربازی بوو) بەشداریی شەڕەکانی ساڵی ١٩٨٣ لە ناو شاری ئاکرێ، سەربازگەی شێلادزێ، شەرمین و باکرمان بووە، لە هەمان ساڵدا شەڕی هیزانک، چۆمان و دەربەند، سەری گەلالە، گاریای بەشێ، سیدەکان، شەڕی سەری هەڵگورد و هێرشی سەر هەلیکۆپتەرەکانی سوپای عێراق کە بۆ پێشمەرگە کێشەیان دروست کردبوو و لەم شەڕەدا هەلیکۆپتەرێکی سوپای عێراق خرایە خوارەوە، لە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٨٧ ئەندامی کۆمیتەی ئاکرێ و بەرپرسی بەشی سەربازی بوو، لە ساڵی ١٩٨٧ لە شەڕی خرێنە و لۆلان، چیای کۆلەک و مێرگەسۆر بەشدار بووە و لەم شەڕەدا بریندار دەبێت، هەروەها بەشداریی شەڕی دەراوای شینیێ لە ساڵی ١٩٨٨ بووە و لە کاتی ئەنفالدا، تا مانگی تشرینی یەکەم لە دەڤەری بادینان مایەوە و گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاپۆرتێکی گشتی دەربارەی قۆناغی کۆتایی ئەنفال و چارەنووسی گیراوان و ئەنفالکراوان پێشکەشی سەرۆک کرد.

لە ڕاپەڕیندا یەکێک بوو لەو فەرماندەیانەی کە لەلایەن مەکتەب سیاسییەوە بۆ بەرەی ئاکرێ دەستنیشان کرابوو، دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەشداریی شەڕی کەڵەکەی یاسین ئاغا (کەڵەک)، شەڕی باشیک و بارزان لە نزیک مووسڵ، دووبەردان کە لە شانییەوە بریندار بوو، پردی مەندان، کانیلان، بەردەڕەش یەک و بەردەڕەش دوو، شەڕی قەڵای سەربازیی ئاکرێ بووە. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا ٩ جار بریندار بوو، تا لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ بە پلەی جێگری سوپای شەشەم و لە کاتی پاراستنی دەسەڵاتی یاساییی گەلی کوردستان و حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان لە قەڵای شەبانییەی سەر بە زاخۆ شەهید بوو و لە گۆڕستانی بەرۆکەی سەیدای ئاکرێ بە خاک سپێردرا.

سەرچاوە:
  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.