محەمەد مەحموود محەمەد ئەحمەد، بە ناوی (محەمەد قودسی) ناسراوە. ئەفسەر و سیاسەتمەدار، لە ساڵی ١٩٣٨دا ئەندامی کۆمەڵەی خۆیبوون و کۆمەڵەی برایەتی بووە. لە ساڵی ١٩٣٩دا ئەندامی پارتی هیوا، لە ساڵی ١٩٤٢دا لە ئەفسەرە کوردەکانی ناو ڕیزەکانی سوپای عێراقە بە پلەی مولازم، لە ساڵی ١٩٤٤ بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزانی، لە ساڵی ١٩٤٥دا ئەندامی لێژنەی ئازادی بووە. لە ساڵی ١٩٤٦دا لە دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کورد لە شاری مەهاباد بووە. لە ساڵی ١٩٤٧ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە شاری بەغدا بەهۆی بەشداریکردن لە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣ - ١٩٤٥) لە سێدارە دراوە.
ژیاننامە
محەمەد مەحموود محەمەد ئەحمەد لەدایکبووی شاری قودسە، هەر بۆیەش نازناوی شاری خۆی هەڵگرتووە. باوکی مەحموود ئەفەندی (١٨٩٤ - ١٩٦٩) یەکێک لە ئەفسەرانی سوپای عوسمانی بووە و دواتر لە سوپای عێراقدا وەرگیراوە. بەهۆی پەیوەندییەکانی کوڕەکەی بە شۆڕشی دووەمی بارزانەوە لە ڕیزەکانی سوپا دەرکراوە. قەرەڵ خانای دایکی لە نەتەوەی چەرکەسی قەفقازستان بووە. محەمەد قودسی لە ساڵی ١٩٢٧ پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە شاری مووسڵ خوێندووە. لە ساڵی ١٩٢٨دا پۆلی دووەم لە شاری سلێمانی دەست پێکردووە. قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی سەرەتایی خالیدییە تەواو کردووە و بۆ باشتر فێربوونی شێوەزاری سلێمانی لای فایەق بێکەس خوێندوویەتی و نازناوی قودسی لەوێ وەرگرتووە. قۆناغی ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە و بەهۆی توانای لە وەرزشدا بە ئەستێرەی قودس دەناسرا. لە ساڵی ١٩٣٠ ئەندامی تیپی دیدەوانی قوتابخانەی یەکەمی سلێمانی بووە. لە ساڵی ١٩٣٢ لە شاری سلێمانی فەرماندەی دەستەی دیدەوانی (کەشف)ی قوتابخانەکە بووە. لە ساڵی ١٩٣٧ یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی یەکێتی لە شاری سلێمانی بووە. لە ساڵی ١٩٣٨دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی خۆیبوون و کۆمەڵەی برایەتی لە شاری سلێمانی کردووە. لە ساڵی ١٩٣٩دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی هیوای کورد کردووە. لە ساڵی ١٩٤٠ دەرچووی خولی جێگری ئەفسەر بووە. لە ساڵی ١٩٤٢ بە پلەی مولازمی دووەم کۆلێژی سەربازیی بەغدای تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٤٣دا یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی پارتی هیوای کورد لە شارۆچکەی ڕەواندز (هەولێر) بووە. لە ساڵی ١٩٤٣ لە شارۆچکەی ڕەواندز وەک دەرهێنەر کاری بۆ شانۆگەری کردووە.
خەباتنامەمحەمەد مەحموود محەمەد ئەحمەد، لە ساڵی ١٩٤٣دا لەگەڵ مستەفا بارزانی بووە و سەردانی شاری بەغدایان کردووە. لە ساڵی ١٩٤٤دا ڕیزەکانی سوپای پاشایەتیی عێراقی بەجێهێشتووە و بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزانی کردووە. لە ١٠ی شوباتی ١٩٤٥دا نامەهەڵگری پارتی هیوای کورد بووە و بۆ سەرۆک مستەفا بارزانی فەرماندەی شۆڕشی دووەمی بارزان و سەرۆکی لێژنەی ئازادی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥ ئەندامی دامەزرێنەری لێژنەی ئازادی بووە. لە ساڵی ١٩٤٥ پاش دانوستانی لێژنەی ئازادی و حکوومەتی پاشایەتیی عێراق لەگەڵ بەشێک لە ئەفسەرە شۆڕشگێڕەکان خۆیان ڕادەستی حکوومەت دەکەن. بەڵام لە بەندیخانەی بەغدا توند دەکرێن و دواتر بە جەلال ئەمین بەگ بەرەو ناوچە ئازادکراوەکان خۆیان ڕزگار دەکەن. لە ساڵی ١٩٤٥دا وتاری لە گۆڤاری گەلاوێژدا بڵاو کردووەتەوە، لە ٢٥ی ئاداری ١٩٤٥دا ئەندامی شاندی دانوستانی لێژنەی ئازادی بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی بووە و لە گوندی شاوڕاو لە سنووری پارێزگای هەولێر لەگەڵ کاپتن ستوکس نوێنەری باڵیۆزخانەی بەریتانیا دیداری ئەنجام داوە. لە ساڵی ١٩٤٥دا لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی بووە لە گەشتی دەڤەری بادینان بە مەبەستی یەکخستنی عەشیرەت و هۆزەکان دژی سوپای پاشایەتیی عێراق، لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ دادگای عورفیی سەربازی بەهۆی بەشداریکردنی لە شۆڕشی دووەمی بارزان فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەموو داراییە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەرکردووە. لە ساڵی ١٩٤٥دا پاش شکستیهێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
لە ساڵی ١٩٤٦دا بەشداری فێرکردن و ڕاهێنانی پێشمەرگەکانی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ناوەندی فێرگەی سەربازی لە شاری مەهاباد کردووە. لە ساڵی ١٩٤٦ لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستاندا پلەکەی بەرز کراوەتەوە و بووە نەقیب، لە ٢١ی ئاداری ١٩٤٦دا لە ئاهەنگی نەورۆزی شاری مەهاباد وتاری پێشکەشی جەماوەر کردووە و لە ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا چاپ کراوە. لە ساڵی ١٩٤٦دا بە ڕەزامەندیی شێخ ئەحمەد شێخ محەمەد شێخ عەبدولسەلام (١٨٩٢ - ١٩٦٩) کە بە ناوی شێخ ئەحمەدی بارزانی ناسراوە و جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لەگەڵ جەلال ئەمین بەگ هاوکاریی ئیسماعیل ئەردەڵانیان کردووە بۆ نووسینی کتێبی نهێنییەکانی بارزان. لە ساڵی ١٩٤٦دا لە شاری مەهاباد، لە دەستەی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کورد بووە. لە ساڵی ١٩٤٦دا یەکەمین بەیاننامەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد کە لەلایەن پارێزەر حەمزە عەبدوڵڵا عومەر (١٩١٥ - ١٩٩٨) بە زمانی عەرەبی نووسرابوو دەیگۆڕێتە سەر زمانی کوردی (کورمانجیی ناوەڕاست) و لە چاپخانەی کوردستان لە شاری مەهاباد چاپ کردووە. لە ساڵی ١٩٤٦دا بەرپرسی ڕێکخستنی لاوانی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٤٦دا یەکەمین پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە عەرەبییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە. لە ساڵی ١٩٤٦دا لەلایەن کتێبخانەی پێشکەوتن لە شارۆچکەی ڕەواندز برۆشۆر و نامیلکەیەک بە ناونیشانی نیشتمان و نیشتمانپەروەری کە لە ١٦ لاپەڕە پێکهاتبوو چاپ کردووە. لە ٧ی ئایاری ١٩٤٦ لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی بەشداری کردنەوەی قوتابخانەی کوڕانی پێشەوایانی کوردستان لە شاری بۆکان کرد و وتاری سەرۆک مستەفا بارزانی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
لە ساڵی ١٩٤٦دا پاش شکستیهێنانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لەژێر فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دژی سوپای ئێران شەڕی کردووە. لە ساڵی ١٩٤٧دا پاش تێکچوونی کۆماری دیموکراتی کوردستان و تەواوبوونی بەرگرییەکان، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی هەوڵی ڕزگاربوونیان دا بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و بۆیە بە ناچاری لە ١٠ی نیسانی ١٩٤٧دا خۆیان ڕادەستی پۆلیسی عێراق کرد. زۆرێک لە کەسایەتییە کوردەکان سەردانی شاری بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ کاربەدەستان قسە بکەن و هەوڵ بدەن هەتا لە سێدارە نەدرێت. چونکە پێشتریش لە ساڵی ١٩٤٥دا دادگای سەربازیی پاشایەتی فەرمانی لەسێدارەدانی دەرکردبوو و هەرچەندە بڕیاریان دابوو کە لە سێدارە نەدرێت، بەڵام بە پەلە لە ساڵی ١٩٤٧دا بۆ جاری دووەم لە دادگاییکردنێکی ساختەدا بە نهێنی بڕیاری لەسێدارەدانیان دا کە هەر ئەو سزایەی پێشتر بوو لەسەری دووپات کرایەوە. بەشێکی زۆری کەسایەتییە کوردییەکانی نیشتەجێی شاری بەغدا هەوڵێکی زۆریان دا کە کاربەدەستانی پاشایەتیی عێراق فەرمانی لەسێدارەدانەکە ڕابگرن، بەڵام بەهۆی تەکیدکردنەوەی ساڵح جەبر (١٨٩٥ - ١٩٥٧) سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەم هەوڵەیان سەرکەوتوو نەبوو. پێش لەسێدارەدانی خۆی و سێ لە هاوڕێکانی، وەسیەتنامەیەکی بۆ گەل نووسی کە تێیدا لەسێدارەدانی خۆی بۆ ئازادیی نیشتمان دووپات کردەوە.
لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە کاتی لەسێدارەدانیدا بە ورە و مۆراڵێکی بەرزەوە و بە دروشمی نەتەوەیی و خواستنی هیوایەک بۆ تێپەڕبوونی مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە ڕووباری ئاراس و گەیشتنیان بە یەکێتیی سۆڤیەت، چوو بۆ بەر پەتی سێدارە. لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧دا لە حەوشەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری بەغدا لە بەرچاوی کوردە بەندکراوەکان لە سێدارە درا. لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ تەرمەکەی لەلایەن عەبدولسەمەد بەنا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد و شاندێکی کوردانەوە وەرگیرایەوە و نێردرایە شاری سلێمانی. لە کاتی بەڕێکردنی تەرمەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەغداوە بەرەو شاری سلێمانی، بە هەزاران کورد لە بەر دەرگای بەندیخانەکە وەستابوون. فایەق (١٩٠٥ - ١٩٤٨) کە بە ناوی فایەق بێکەس ناسرابوو، شاعیری کورد پێشوازیی لە تەرمەکەی و شاندی شەهید کرد و هۆنراوەیەکی بە ناونیشانی قەومی کورد نووسی کە لە پێشوازیی تەرمەکانیاندا وەک سروود خوێنرایەوە. ئەو هۆنراوەی شین و شەپۆڕە بۆ شەهیدانی نۆزدەی حوزەیران باس لە هەر چوار شەهیدەکە دەکات. لە دەستپێکی لەسێدارەدانیاندا ئامادەبوون، لەلایەن جەماوەرێکی زۆری شاری سلێمانییەوە پێشوازی لە تەرمەکەی کرا و بەم بۆنەیەشەوە شاعیری گەورەی کورد تۆفیق (١٨٦٧ - ١٩٥٠) پیرەمێرد هۆنراوەی کۆستەی نوێی نووسی و لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا. لە ڕادیۆی بەغداوە هەواڵی لەسێدارەدانی بڵاو کرایەوە. لە ساڵی ١٩٥٩دا کامەران موکری (١٩٢٩ - ١٩٨٦) پەرتووکێکی بە ناونیشانی محەمەد قودسیی نەمر بە ٣١ لاپەڕە لە شاری سلێمانی چاپ کرد. محەمەد قودسی شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بوو.
بەرھەمەکانی:
١- نیشتمان و نیشتمانپەروەری چییە؟ ١٩٤٦
١- ئەرشیڤی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


