عەبدوڵڵا محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا بە ناوی مولازم شێوان ناسراوە. ئەفسەر و سیاسەتمەدار لە ساڵی 1973 لە بەشی هێزە تایبەتەکانی کۆلێژی سەربازیی شاری بهغدا بە پلەی مولازمی دووەم دەرچووە. لە ساڵی 1976 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک)ەوە کردووە. لە ساڵی 1980 بووە ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی باشووری پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک). لە ساڵی 1992 لە کۆنگرەی یەکەمدا بە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکگرتنی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1993 پاش یەکگرتنی چوارەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کۆنگرەی یازدەهەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردراوە.
ژیاننامە
عەبدوڵڵا محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا لەدایکبووی شاری کەرکوکە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی لە شاری کەرکوک تەواو کردووە. لە ساڵی 1968 پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکەتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە و هەتا ساڵی 1970 لە سنووری لێژنەی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان چالاکیی ئەنجام داوە. لە ساڵی 1969 پاش ئاشکرابوونی لیستی ڕێکخستنی لقی کەرکوکی یەکەتی قوتابیانی کوردستان لەلایەن ئاسایشی کەرکوکەوە ویستیان دەستگیری بکەن، بەڵام توانی خۆی ڕزگار بکات و بۆ ماوەیەک خۆی لە شاری کەرکوک شاردووەتەوە. لە ساڵی 1969 بەشداری و سەرکردایەتی خۆپیشاندانی بەردەم پارێزگای کەرکوکی دژی دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە. لە ساڵی 1970 نوێنەری کۆنگرەی ناوپردانی یەکەتی قوتابیانی کوردستان بووە.
لە ساڵی 1970 قۆناغی پاش ناوەندیی بەشی زانستی لە شاری کەرکوک تەواو کردووە. لە ساڵی 1970 لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی وەرگیراوە. لە ساڵی 1970 کۆلێژی کشتوکاڵی بەجێهێشتووە و بۆ خوێندن لە کۆلێژی سەربازیی شاری بهغدا و لە خولی پەنجاو یەکەمدا وەرگیراوە. لە ڕێکەوتی 21ی ئاداری 1970 بەشداری خۆپیشاندانی شاری بهغدا ی یەکەتی قوتابیانی کوردستان بە دروشمی "بە لوولەی تفەنگی حزبەوە ئێمە حوکمی زاتیمان وەرگرت" کردووە. لە ساڵی 1973 لە بەشی هێزە تایبەتەکانی کۆلێژی سەربازیی شاری بهغدا بە پلەی مولازمی دووەم دەرچووە. لە ساڵی 1973 لە بەتالیۆنی چوارەمی تیپی هێزی تایبەتی هێزی زەمینی سوپای عێراق دەستی بە کار کردووە.
خەباتنامە
عەبدوڵڵا محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگه کردووە و سەرلق بووە و لە بەتالیۆنی چوارەمی زۆزکدا خزمەتی کردووە. لە ساڵی 1974 لە هێرشی سەر سەنگەرەکانی سوپای عێراق لە کێوەرەش (سلێمانی) بە تەقینی مین و ماییەن بە سەختی بریندار بووە. لە ساڵی 1974 بە چەکی دژی ئاسمانی فڕۆکەیەکی ماک 21ی هێزی ئاسمانی عێراق لە دەڤەری بەرزان پێ کەوتووە. لە ساڵی 1975 پاش شکستی شۆڕشی ئەیلول چووەتە شاینشینی ئێران. لە سەرەتادا لە کەمپی سەراب نیلوفەر نیشتەجێ بووە و پاشان بۆ شاری ڕەشت لە باکووری ئێران گواستراوەتەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی 1976 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بۆ شارۆچکەی ئەتێشیەی سەر بە پارێزگای کەربەلا لە ناوەڕاستی عێراق دوور خراوەتەوە.
لە ساڵی 1976 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک)ەوە کردووە. لە ساڵی 1977 بەشداری خۆپیشاندانی خانەلنوسی دژی ڕژێمی بەعس لە پارێزگای نەجەف کردووە و ماوەیەکی کورت دەستبەسەر کراوە. هەتا ڕێکەوتی 6ی ئاداری 1979 فەرمانبەری ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای نەجەف لە ناوەڕاستی عێراق بووە. لە ساڵی 1979 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگه ی پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک)ەوە کردووە. لە ساڵی 1980 بووە ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی باشووری پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک). لە ساڵی 1988 بە ئەندامی نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذي)ی بەرەی کوردستانی و ئەندامی مکتب سەربازیی بەرەی کوردستانی هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1991 وەک فەرماندەیەکی بەرەی کوردستانی بەشداری لە ئازادکردنی شاری سلێمانی و شاری کەرکوکدا کردووە. لە ساڵی 1991 بەشداری کۆبوونەوەی چەمچەماڵی بەرەی کوردستانی بۆ ئازادکردنی شاری کەرکوک کردووە. لە ڕۆژانی 7 هەتا 10ی تشرینی یەکەمی 1991 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی قەڵاچۆلانەوە بە ئەندامی مکتب سیاسی پارتی سەربەخۆی دیموکراتی کوردستان (پاسۆک) هەڵبژێردراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 20ی ئابی 1992 لە شاری هەولێر بەشداری کۆنگرەی یەکەمی پارتی یەکگرتنی کوردستان کردووە. ڕۆژی پێنجشەممە 27ی ئابی 1992 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یەکەمی پارتی یەکگرتنی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1992 بووە بەرپرسی لقی دهۆکی پارتی سەربەخۆی دیموکراتی کوردستان (پاسۆک). لە ساڵی 1992 وەک نوێنەری پارتی سەربەخۆی دیموکراتی کوردستان (پاسۆک) بەشداری کۆنگرەی دووەمی یەکەتی نیشتمانیی کوردستان کردووە و وتاری خوێندووەتەوە. لە ساڵی 1992 لەسەر لیستی یەکگرتنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان خۆی بەربژێر کردووە. لە ساڵی 1992 لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یەکەمەوە بە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکگرتنی کوردستان هەڵبژێردراوە و دەنگی یەکەمی کۆنگرەی بەدەست هێناوە. لە ساڵی 1992 بە بەرپرسی مکتب ڕێکخستنی پارتی یەکگرتنی کوردستان دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1993 پاش یەکگرتنی چوارەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یازدەهەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1995 بەرپرسی میحوەرەی قەسری لەشکری پارتی دیموكراتی كوردستان - یەکگرتوو بووە. لە ساڵی 1999 لە کۆنگرەی دوازدەهەم و لە ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەهەمی پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنەری کۆنگرە بووە. شارەزای زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و ئینگلیزی و فارسییە.
١ - ئەرشیڤی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


