دوای چوار ساڵ لە ڕاگرتنی شەڕ لە سێبەری ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول و حکومەتی بەعس، بەڵام دانوستانەکان لە نیسانی ١٩٧٤ گەیشتنە بنبەست، بەعس پەیمانشکێنی کرد و هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان دەستپێکردەوە، بەعس لە نیسانی ١٩٧٢ پەیماننامەی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت واژۆ کردبوو، هێزەکانی خۆی بە نوێترین چەکی بەردەست لە یەکێتی سۆڤیەت چەکدار کرد، وەک فڕۆکەکانی تی یو ٢٢(TU22) و سوخۆی مێک، هەروەها ٢٥ تۆپی ١٢٠ ملم و ١٥٢ ملم و موشەکی سام و تانکی تی ٦٢، لەگەڵ بە نیشتمانیکردنی نەوت لە ساڵی ١٩٧٢، هاوتەریب لەگەڵ کەرتی سەربازی، کەرتی ئابووریشی بووژایەوە، و هەمیشە لە ناخی خۆیدا بیری لە لەناوبردنی شۆڕشی کورد دەکردەوە.

کاتێک سوپاى عێراق هێرشی کردە سەر کوردستان، فەرمان بە هێزی سەفین کرا بەرگری لە چیای سەفین بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە سوپا بکەن لەو میحوەرەوە پێشڕەوی بکات، سەرەڕای بوونی هەندێک ڕەبایەی سوپا لە چیاکە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، فەرماندەی هێزی دەشتی هەولێر فەرمانی بە یەکێک لە فەوجەکانی هێزەکەی کرد بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری چیای سەفین بە سەرکردایەتی سەید کاکە و دوو سریەی فەوجەکە بە سەرکردایەتی مام حەمەدئەمین و عارف ئەبو زەید، ئەم هێزەی پێشمەرگە چوونە سەر چیاکە و تۆپێکی ١٠٦ ملم و یەکێک لە چەکەکانی دۆشکەیان لەگەڵ بوو، هێزەکە سێ جار هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکانی سوپا، بەڵام لەو ئەرکەدا سەرکەوتوو نەبوون، ئەوەش بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکان و تۆپخانەی سوپا و سەختی سەرما و کەڵەکەبوونی بەفر لە هەندێک شوێنی چیاکە.

دوای ماوەیەک لە ناردنی ئەم فەوجەی پێشمەرگە، فارس باوە فەرماندەی هێزەکانی دەشتی هەولێر تێگەیشت کە ناتوانێت ڕووبەڕووی تانک و زرێپۆشەکانی سوپاى عێراق ببێتەوە لە نیمچە دەشتەکاندا، بۆیە بڕیاری دا هێزەکەی بە تەواوی بگوازێتەوە بۆ چیای سەفین، چونکە ئاگادار بوو کە حکومەت نیاز وایە دەست بەسەر چیاکەدا بگرێت.  

سوپاى عێراق لە حوزەیرانی ١٩٧٤ هێرشێکی چڕی کردە سەر چیای سەفین، سریەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی فارس باوە بۆ چیای ئۆکەرد نێردران، فەوجی سەید کاکەش بەرپرسی پاراستنی هێڵی بەرگری کانی سمایل بوو لە پشتی ناحیەی هیران، دوای چەند ڕۆژێک لە هێرشی بەدوای یەک و خۆڕاگری پێشمەرگە هێزەکانی سەفین تێکشکێنران و سوپا دەستی بەسەر چیاکەدا گرت، لەگەڵ تێکشکانی باڵی هێڵی بەرگری، هێرشەکانی حکومەت بۆ سەر چیای ئۆکەرد توندتر بوون، سەرەڕای بەرگرییە قارەمانانەکەیان بەڵام سریەکەی نایف باوە ١٤ شەهید و ٢٠ برینداری لێکەوتەوە، دوای کۆنترۆڵکردنی چیای سەفین، هێزەکانی پێشمەرگە کشانەوە بۆ گوندی کۆنەفڵوسە لە پشتی چیای هۆری، لە لایەکی دیکەشەوە هێزەکانی پێشمەرگە لە گوندەکانی سۆسی و سماقولی کەرەتک و سمقولی وادی چیای بنباوی بۆ چیای سەفین کشانەوە، کە زیاتر لە مانگێک بوو شەڕیان دەکرد، شەڕی خوێناوی بە قۆناغ لە چیای دیدەوانەوە تا چیای سەفین بەڕێوەدەچوو کە زیاتر لە ٥٠ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، زیانی زۆری کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، ماندوێتی هێزەکانی پێشمەرگەی شەکەت کردبوو و توانای بەرگری لاواز بوو، فڕۆکەوانی حکومەت ڕۆژانە بە چڕی بۆردومانی پێگەکانی پێشمەرگەی دەکرد، بۆیە بڕیاری کشانەوە درا.

دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ چیای هۆری، سوپاى عێراق هێرش و پێشڕەوییەکانی بۆ داگیرکردنی ناوچەکە بەردەوام کرد، شەڕ جارێکی دیکە لە نزیک چیاکە سەریهەڵدایەوە، لە سەرەتاوە هەندێک لە هێزەکان کە ورەیان بەهۆی کشانەوەی یەکەمەوە دابەزیبوو، جارێکی دیکە پێگەکانیان بەجێهێشت، بەڵام هێزێکی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەید کاکە ڕێگری لە پێشڕەویی سوپاى عێراق کرد و زیانی زۆری پێگەیاند، بەمەش چیای هۆری تا نەکەسەی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ بە دەستی پێشمەرگە مایەوە.

سەرچاوەکان:

١- عومەر عوسمان، ژیانى کوردێک، بەرگى یەکەم و دووەم، چاپخانەى موکریان، چاپى دووەم، (هەولێر- ٢٠٠٨).

٢- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم، (هەولێر- ٢٠٠٤).

٣- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپى یەکەم، (چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى- هەولێر- ١٩٩٧).

٤- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، (هه‌ولێر- ٢٠٢٢).

٥- خوڕشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانى ساڵانى پێشمەرگایەتى، (چاپخانەى حاجى هاشم- چاپى سێیەم، هەولێر- ٢٠١٥).

٦- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، (چاپخانەى هێڤی- هەولێر- ٢٠١٩).