لە هاوینی ساڵی ١٩٦٣، حکوومەتی عێراق بە پلانێکی کارەساتبار شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاند، پشتی لە دانوستانە ئاشتیخوازەکان کرد و هەڵمەتەکەی بۆ وێرانکردنی شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان دەستپێکردەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بوون. ئەمەش دوای ئەوە هات کە بەعسییەکان بە کودەتایەکی سەربازی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت لە عێراق.
دوای داگیرکردنی کۆیە و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەک دژی مەدەنییەکان لە شارەکەدا کە دەیان بێتاوان بوونە قوربانی بە فەرمانی (تەها شەکرچی) فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی سوپای عێراق لە کۆیە. هێزی پێشمەرگە ناچار بوون بۆ چیای هەیبەت سوڵتان پاشەکشە بکەن بۆ ئەوەی هێڵی بەرگری لەسەر چیاکە دروست بکەن. بەپێی ئەو فەرمانانەی پێیان گەیشت، هێزێکی تری پێشمەرگە لە بنکەی بێروەرەوە بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری بەڕێکەوتن، یەکێکیان بە سەرکردایەتی فارس باوا و ئەوی تریان بە سەرپەرشتی وەسو دزەیی.
حکوومەتی عێراق خۆی بۆ هێرشێکی گەورە بۆ سەر چیای هەیبەت سوڵتان لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی کۆیە بە سەرکردایەتی عەقید سەعید حەمۆ فەرماندەی لیوای پێنجی فیرقەی دووەم ئامادە کرد. هێزی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی عومەر مستەفا (عومەر دەبابە) لەلایەن هێزێکی تری پێشمەرگەوە بە سەرکردایەتی عەبدوڵڵا پشدەری پشتیوانی دەکران، کە ئەرکی بەرگریکردن و پاراستنی ناوچەکەیان پێ سپێردرابوو.
لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٦٣ سوپای عێراق، بە پشتیوانی هێزێکی جاش و چەند یەکەیەکی زرێپۆش و کەتیبەیەکی تۆپخانە، هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە. هەروەها هێرشە ئاسمانییەکان ڕێگەیان بۆ هێرشەکە خۆش کرد. شەڕێکی سەخت لە نێوان هێزە هێرشبەرەکان و هێزەکانی بەرگری پێشمەرگە تا ئێوارە بەردەوام بوو، ئەمەش بووە هۆی شکستێکی گەورە بۆ سوپا و جاشەکان و زیانی زۆریان بەرکەوت و چەندین تەرمیان لە مەیدانی شەڕەکەدا بەجێهێشت، لە کاتێکدا یەک کەس لە هێزی پێشمەرگە شەهید بوو و سێ کەسی تریش بریندار بوون.
دوای سەرکەوتنەکە، فەرماندەی ئەم بەرەیەی شەڕ (عومەر مستەفا دەبابە) نامەیەکی بۆ بارزانی فەرماندەی شۆڕش و مەكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان نارد و هەڵوێست و ئەنجامەکانی شەڕەکە و پێویستی بە فیشەکی ڕوون کردەوە.
دوای ماوەیەک، سوپای عێراق هێزەکانی خۆی ڕێکخستەوە و دەستی بە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی تر کرد، دوو کەتیبەی پیادەی تریش بۆ یارمەتی هاتن، و پێیان وابوو دەتوانن جارێکی تر هێرش بکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە. بەڵام ئەمجارە هێرشی توند و چڕیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەجۆرێک بەرگریکردن لێیان زۆر سەخت بوو.
کەمیی ذخیره و چەک و کەرەستەی جەنگی کێشەیەکی تری هێزی پێشمەرگە بوو، بۆیە پێیان باش بوو ئەم هێڵی بەرگرییە بەجێبهێڵن و بەرەو بێتواتە و ڕانیە پاشەکشە بکەن. بۆیە سوپای عێراق توانی چیای هەیبەت سوڵتان بەدەست بهێنێت و دەستی بەسەردا بگرێت، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی چیاکە حکوومەت هێرشکردنە سەر ناوچەکەی ڕاگرت، پاشان بەشێک لەو هێزانەی بەشداری شەڕەکەیان کردبوو پەیوەندییان بەو هێزانەوە کرد کە هێرشیان کردبووە سەر ناوچەی مێرگەسۆر.
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە و پێکانى ئامانجەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە، شەڕ و هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ ماوەیەک هێور بوونەوە و ناوچەکە تا ڕادەیەک ئاشتی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دەرفەتێکی باش بوو بۆ هێزی پێشمەرگە تا هێزەکانیان ڕێکبخەنەوە. خەباتی شۆڕشگێڕی بە شێوازی فیدایی بەردەوام بوو. پاشان بڕیار درا بنکە و بارەگای هێزی پێشمەرگە لە چەند گوندێکی ناوچەکە دروست بکرێت. چەند گوندێک بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کران.
سەرچاوەکان:-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.
-
ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.
-
خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، هەولێر، ٢٠٢٣.
-
خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.
-
سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى رۆشنبیرى، چاپى یەکەم،١٩٩٧.
-
غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.




