لە شوباتی ١٩٦٣، بەعسییەکان عەبدولکەریم قاسم و حکوومەتەکەیان لە کودەتایەکی سەربازیدا ڕووخاند و دەسەڵاتیان لە عێراق گرتە دەست، سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەتی نوێ دەربڕی و هیوای خواست کێشەی کورد بە ئاشتی و دادپەروەری چارەسەر بکرێت، هەرچەندە بەعسییەکان لە سەرەتادا هێزی ئەوەیان نەبوو شەڕی شۆڕشی کورد بکەن، بۆیە ئاگربەستیان ڕاگەیاند و دانوستان لە نێوانیان دەستی پێکرد.
دیار بوو دانوستانەکان زۆر نەخایاند چونکە حکوومەت توانی لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگدا هێزەکانی خۆی کۆبکاتەوە و ڕێکبخاتەوە، پاشان هەڕەشەی سەرکوتکردنی شۆڕشی کوردی کرد و ڕەتی کردەوە لەگەڵ سەرکردەکانی شۆڕش دانوستان بکات، لە مانگی حوزەیرانی ١٩٦٣ حکوومەت هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕش و سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە دەستپێکردەوە، لە یەکەم ڕۆژی شەڕەوە، سوپای عێراق لە مووسڵەوە بەرەو زاخۆ و ناوچەکانی تری بادینان، و لە کەرکووکەوە بەرەو دەشتی کۆیە، چەمچەماڵ، سلێمانی، ڕانیە و قەڵادزێ، و لە تەوەرێکی ترەوە لە سلێمانییەوە بەرەو قەرەداغ و گەرمیان، هەروەها لە بەغداوە بەرەو خانەقین جووڵەی کرد و لە کفری، کەلار، دەربەندیخان و شارەزوورەوە دەستی بە جووڵە کرد.
پلانی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمجارە دروستکردنی مەیدانی شەڕ بوو لە چەند بەرەیەکەوە بۆ دابڕانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بوون، لە هێرشەکەدا هەموو گوند و چیا و دەشت و دۆڵەکانی کوردستانیان سووتاند، بەتایبەت کاتێک هێرشەکە لە وەرزی هاویندا بوو، کە وەرزی دروێنە بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی پێگەکانی پێشمەرگە و برسییکردنی گەلی کورد و بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی پێشمەرگە.
ئەمجارە هێرشی حکوومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان جیاواز بوو لە هێرشەکانی تر، بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا کردبووی بۆ یارمەتیدانی سەرکوتکردنی شۆڕشی کورد، چونکە ڕژێمی بەعس لەو کاتەدا لە سووریا دەسەڵاتی گرتبووە دەست بە ناوی هێزەکانی (یەرەمووک) لە ژێر فەرماندەیی عەقید فەهد شاعیر کە سنووری عێراقی بڕی و پشتیوانیی سوپای عێراقی کرد لە هێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە.
لە یەکی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٣، سوپای عێراق بە لیوای سێ و پێنج بە فەرماندەیی عەقید سەعید حەمۆ بە پشتیوانیی کەتیبەیەکی تانک و هێزێکی سەربازیی سووری و بەکرێگیراوان (جاش) هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ناوچەی چەمی ڕێزان. هێرشەکە ناوچەی شوان و شێخ بزێنی و گەیشتە ناحیەی ئاغجەلەر، و هێزەکانی حکوومەت چەند شوێنێکیان گەمارۆ دا وەک تاسڵوجە و گوندی عەسکەر و قەڵای خەلیفان و نزیک دووکان تا چەمی ڕێزان.
هێزەکانی ڕزگاریی سەر بە پێشمەرگە، کە بەرپرسی بەرگرییکردن بوون لە ناوچەکە، بەرگرییان لە هێرشەکەی حکوومەت کرد و زیانی زۆریان پێ گەیاند، بەڵام هێزەکانی حکوومەت بەردەوام بوون لە سووربوونیان لە هێرشەکانیان، دوای هەفتەیەک توانییان کۆنترۆڵی چەمی ڕێزان بکەن.
پێشمەرگە هێزەکانی خۆی بۆ ناوچەی سورداش و پیرەمەگروون و دۆڵی جافایەتی کشاندەوە بەهۆی نەبوونی چەک بەتایبەت چەکی دژە تانک، لەگەڵ ئەوەشدا هێزی پێشمەرگە بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی چالاکییە فیداییەکانی بۆ لێدانی ڕەبایەکانی دوژمن و دانانی کەمین لە ڕێگە گشتییەکان و لێدانی گورز لە هێزەکانی حکوومەت.
دوای دەستبەسەرداگرتنی چەمی ڕێزان، حکوومەت ویستی ناوچەکانی قەرەداغ، گەرمیان، کفری، کەلار و دەربەندیخان داببڕێت و گەمارۆیان بدات، بۆ لەناوبردنی هێزی پێشمەرگە بە تەواوی، بۆیە پەلامارێکی دەستپێکرد کە لە بازیان و سلێمانی و کەرکووکەوە دەستی پێکرد. هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە بۆ سێ بەش دابەش بوو، بەشێکیان بەرەو ناوچەکانی سەرتکە و بەمۆ و دەربەندی بێلولەی سەخت چوون، کە بۆ زیاتر لە دوو مانگ هێزەکانی حکوومەتیان سەرقاڵ کرد، و باری شەڕیان لەسەر ناوچەکانی تر سووک کرد، بەشی دووەم دوو چالاکی گەورەیان لە زەمبور و باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووک ئەنجام دا بە لێدانی بیرە نەوتەکان.
بەشی سێیەم دەستی کرد بە هێرشکردن و ڕاوەدوونانی هێزەکانی حکوومەت کە بەرەو هێرشکردنە سەر شارۆچکەی قەرەداغ و دەستبەسەرداگرتنی چوون، لەم شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و ئەفسەرانی سوپای عێراق و سوپای یەرەمووکی سووری و جەحفەلی عەرەبی بەکرێگیراو بەشدار بوون، کە هاتبوون بۆ شەڕی کورد بە دیشداشەی سپی و عەقڵەوە، کە ژمارەیەک لەوانیان کوژران و بریندار بوون.
ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونی هێزەکانی حکوومەت تا ئەو ڕادەیەی چیتر نەیانتوانی هێرش بکەن، هەروەها ڕووبەڕووی کێشە بوونەوە لەگەڵ هێزەکانی یەرەمووکی سووری، بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە ناچار بوون پەنا بۆ دانوستان ببەن لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٣. لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٤، پەیوەندییان بە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لە ڕێگەی ئەفسەرێکی کورد بە ناوی کەریم قەرەنی، لە کانوونی دووەمی ١٩٦٤ سەرکردەی شۆڕش بارزانی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی عەمید عەبدولڕەزاق سەید مەحموود لە ڕانیە کۆبوونەوە، و دوای چەند دیدارێک ئاگربەست ڕاگەیەندرا.
سەرچاوەکان:١- خۆشەوی عەلی کانیەلنجی، بیرەوەریەکانی عەزیز قازی سورچی، (چاپخانەی دانیشفەر- هەولێر- ٢٠٢٣).
٢- مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، (چاپی یەکەم- ٢٠٠٤).
٣- ئیبراهیم جەلال، باشووری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، (٢٠٢١).
٤- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول، (چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە- هەولێر- ٢٠٠٧).
٥- هۆژین مەسعوود سەرنی، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، (٢٠١٨).
٦- ئاری کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، (چاپخانەی خەبات- دهۆک- ١٩٩٩).


